گردی مێژوویی باشوور لە شاری سێرت لە باکووری کوردستان

گردی باشوور ٢٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژاوا و لە نزیک سێرتی باکووری کوردستانە. لە دۆڵی بۆتان لە نزیک ڕووباری باشوور کە لە شاخی بەدلیسەوە دێت و ئەو گردە لە بن بەنداوی ئیلیسوویە.

کوردشۆپ- گردی باشوور ٢٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژاوا و لە نزیک سێرتی باکووری کوردستانە. لە دۆڵی بۆتان لە نزیک ڕووباری باشوور کە لە شاخی بەدلیسەوە دێت و ئەو گردە لە بن بەنداوی ئیلیسوویە.

پانی و درێژیی گردی باشوور نزیکەی ٢٥٠×١٥٠ مەترە. ئەو گردە لە ئاوی دۆڵی بەدلیسەوە بەرز دەبێتەوە و دێتە سەر ڕووباری بۆتان و لەوێشەوە دێتە سەر ڕووباری باشوور و لە تەنیشت ڕووباری باشوورە. وەک کۆریدۆرێکی کولتووری پێناسە دەکرێت. هەروەها ڕێگایەکی بازرگانی بووە لەنێوان چیای نەمروود و بەگشتی میزۆپۆتامیا و خاوەن سەرچاوەیەکی باشی بەردی ئۆبسیدینە. مێژووی ئەم شوێنە دەگەڕێتەوە بۆ ٧ هەزار ساڵ پێش زایین و هەتا چەند سەدەیەک لەمەوپێشیش، شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک بووە.

ئەم شوێنە ساڵی ١٩٦٣ لەلایەن شوێنەوارناسێکی ئەمریکی بە ناوی Robert J. Braidwood و شوێنەوارناسێکی تورک بە ناوی Halet Çambel، دۆزرایەوە. لەبەر ئەوەی ئەم شوێنە مێژووییە هاوشێوەی زۆر شوێنی مێژوویی تر لەژێر بەنداوی ئیلیسوودا ماوەتەوە، ساڵی ٢٠٠٧ هەڵکۆڵینی لەلایەن Haluk Saglamtimur شوێنەوارناسێکی زانکۆی Egey، دەستی پێ کردەوە. گردی باشوور لە سەردەمی خۆیدا شوێنێکی ستراتیژی بووە. چونکە دەکەوێتە بەردەم ڕووبارەکە و ڕێگای هاتوچۆی خەڵک بووە. بە تایبەتی گریمانە دەکرێت کە ئەم گردە بۆ بازرگانیکردن بە کەرەستەی بەردی ئۆبسیدین بەکار هاتبێت کە لە چیای نەمروودەوە دەچووە مێزۆپۆتامیای ناوەڕاست، لەبەر ئەوەیکە گردەکە نزیک ڕووبارە و ڕووباری باشوور دەچێتە سەر ڕووباری بۆتان و ڕووباری بۆتانیش دەچێتە سەر ڕووباری دیجلە. هەروەها لە سەردەمی پێش زایین بازرگانیی زۆر شت لەسەر ڕووبارەکان ئەنجام دەدرا. بە دار و پێستی ئاژەڵان بەلەم و پاپۆڕیان دروست دەکرد. پاپۆڕەکانی خۆیان لەسەر ئاو دەخست و هەتا مێزۆپۆتامیای خوار، دەچوون.

لە گردی باشوور زۆر نیشانەی گرینگ بۆ خەڵکی خۆجێیی ناوچەکە هەیە. وەک دەزانین ژیانی مرۆڤەکان زیاتر لە دەوروبەری ڕووبارەکان پێک هاتبوو. بەتایبەتی لە کوردستان، لە دەوروبەری ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، چەندین شوێنی دێرین هەن. جگە لە دیجلە و فورات، ڕووبارگەلێکی بچووک لەم دوو ڕووبارە گەورەیە سەرچاوەیان گرتووە. دیجلە و فورات یارمەتییەکی زۆریان بە نیشتەجێبوونی مرۆڤ کردووە. گردی باشووریش دەکەوێتە سەر یەکێک لەو ڕووبارە بچووکانە. وا بیر دەکرێتەوە کە لە پێش زایینەوە هەتا ئەم دواییانە، لەم ناوچەیەدا خەڵک ژیاون و ئەم شوێنەیان وەک گوندێکی بازرگانی بەکار هێناوە. لە ئاسەوارەکانی سەردەمی ئوروک یان سەردەمی شار- دەوڵەتی سوومەرییەوە، هەتا ئاسەوارەکانی سەردەمی ڕۆمانی و ئاسەوارەکانی سەردەمی ئیسلام و زۆرێک لە ئاسەوارەکانی سەردەمی کۆن لەم ناوچەیەدا دۆزراونەتەوە. لە تەلارسازییەکەیانەوە بگرە هەتا شێوازی ناشتنی مردووەکان و قاپ و خواردن و خواردنەوەکان، بە گشتی نیشان دەدەن کە ئەم شوێنە مێژوویەکی زیاتر لە ٧ هەزار ساڵ پێش زایینی هەیە.

لە میدیا و لەنێو توێژینەوە شوێنەوارناسییەکاندا، زۆربەی سەرنجەکان لەسەر ئەو کۆمەڵە یارییە کۆنانە بووە کە لەسەر ئەم گردە دۆزراونەتەوە. بێگومان ئەمە ئاستی ڕۆشنبیری و هونەری ئەم شوێنە و ئەو کەسانە دەردەخات کە لێرە ژیاون. بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین کولتوورێکی پێشکەوتوو لە ڕووی یارییە ستراتیژییەکانەوە لەنێو خەڵکی ئەم شوێنەدا هەبووە. جگە لەوەش نەخشەکێشانی ئەم کۆمەڵە یارییانە، هونەری سەردەمەکەیان ئاشکرا دەکات. ئەم شوێنە بۆ ماوەی دوو هەزار ساڵ پێش زایین وەک ناوەندێکی بازرگانی بەکار هاتووە. ئەمە هەم لە ڕووی تەلارسازییەوە دیارە و هەم لە ڕووی ئەو ئاسەوارانەی کە تێیدا دۆزراونەتەوە.

لەم شوێنە، زۆر پەیکەری خوداوەندەکان و مۆری بازرگانی بەدەست هێنراون. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هەرچەندە ئەم شوێنە شوێنێکی زۆر گەورە نییە، بەڵام لە ڕووی ستراتیژییەوە گرینگ بووە. هەروەها لە باڵەخانەکانیاندا کۆگای گەورە هەیە کە ئەمە دەریدەخات ئەم شوێنە وەک ناوەندێکی بازرگانی بەکار هاتووە.

شوێنێک کە وەک شوێنێکی پیرۆزی پەرستگاکە دیارە. دەتوانین بڵێین ئەم شوێنە بۆ ناوچەکە بەگشتی ناوەندێکی زۆر گرینگ بووە. چونکە بەتایبەتی لە ڕووبارەکە نزیکە و لەسەر ڕێگای بازرگانیی ناوچەی سنووری و مێزۆپۆتامیا هەڵکەوتووە. ئەمەش گرینگیی ئەم ناوچەیە زیاتر دەخاتە ڕوو. دەوترێت ئەم شوێنە لە سەردەمی ئوروک واتە لە سەردەمی دەوڵەتانی سوومەری وەک ناوەندێکی کۆلۆنیالیزم بەکار هاتووە. بێگومان داگیرکاریی ئەو سەردەمە ڕەنگە وەک ئەمڕۆ نەبێت، بەڵام جارێکی دیکە کاتێک مرۆڤ بیر لە شوێنی ئوروک و ئەم شوێنە دەکاتەوە، مەودایەکی گەورە لە نێوانیاندا دروست دەبێت. بە تایبەتی لە سەردەمی ئوروک و سوومەر و بابل و ئاکاد و ئاسوران ئەم دوو ڕووبارە و دەوروبەری ئەم دوو ڕووبارە ناوچەیەکی ستراتیژی بوون بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگەی ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە بازرگانی بکەن. گردی باشوور شوێنێکی ستراتیژیی ئەو سەردەمە بووە و ئەمەش تا سەردەمی ڕۆمانی بەردەوام بووە. چونکە دەکەوێتە نێوان سنووری ئەو دوو ئیمپراتۆرییەتە لەو قۆناغەدا و لەو قۆناغانەشدا بەکار هاتووە.

 

KURDŞOP
597 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!