سکاڵانامەی ئیزەدییەکان بە دژی خزمەتی سەربازی بۆ دەرباری عوسمانی

لە ساڵی ١٨٤٧دا دیپڵۆماتێکی بریتانیایی بە ناوی "کۆنستانتینۆپۆل" بە نزیک بوونەوە لە "دەرباری بەرزی عوسمانی" حەول دەدا ڕێگا چارەیەک بدۆزێتەوە. بە هۆی حەولی ئەوەوە دەرباری عوسمانی دان بە بوونی ئایینێکی جیاواز بە ناوی ئێزدیدا دێنی و بە هۆی ئەو جیاوازییەشەوە کە لە ئایینی ئێزدیدا جەختی لەسەر کراوە، ئەوان لە خزمەتکردنی سەربازی ئازاد دەکەن و بڕیاڕ دەدرێ کە هیچ ئێزدییەک پێویست ناکا بچێتە سەربازی بۆ ئیمپڕاتووری عوسمانی.

 

هەندێک لەسەرچاوەکانی پەیوەندیدار بە ئایینی ئێزدییەوە، ڕەوتی چەوسانەوە و گوشارە ئایینی و سیاسییەکان بۆ سەر ئێزدییەکان دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی "عەبباسییەکان". دەستەڵاتدارانی عەبباسی لە سەردەمی دەسەڵاتداریی خۆیاندا، بە درێژاییی زیاتر لە پێنج سەدە، گوشاریان خستووەتە سەر ئێزدییەکان، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن بە پێچەوانەوە "ئومەوییەکان" لایەنگرییان لێ کردوون و ئەوانیش خۆیان بە لایەنگری خەلیفە "یەزیدی کوڕی موعاویە" زانیوە و شێخی ئێزدییەکانیش ئیزنی نەداوە کەس بە دژی یەزید قسە بکا. هەر بۆیە وێدەچێ دواتر "شیعەکان" کە زۆر دژی یەزید بوون، ناوی "یەزیدی"یان بەسەردا بڕیبێتن.

لە سەدەی پازدەهەمەوە چەوساندنەوەی پلانداری ئێزدییەکان دەست پێ دەکا. دوای دەسەڵاتگرتنی عوسمانییەکان لە سەدەی حەڤدە و هەژدە و نۆزدەهەمدا، ژێنوسایدیان دەکەن و لە چەند هێرشی گەورەدا، بە دەیان هەزار کەسیان لێ دەکووژن. هەر دوو ناوی "یەزیدی" و "شەیتان پەرەست" لە لایەن موسوڵمانەکانەوە و بە مەبەستی سەرکوتی زیاتریان بەسەریاندا بڕاوە.

ژمارەی ئێزدییەکان لە سەدەی هەژدەهەمدا، "دوو سەت پەنجا هەزار" کەس بووە. بە گشتی "دوازدە هەزار" سوارەیان هەبووە. لە سەدەی نۆزدەهەمدا، دوای کوشتارێکی زۆر کە لێیان دەکرێ، ژماریان دەگاتە "دوو سەد هەزار" کەس و "هەشت هەزار" سوارە، بەڵام پاش ئەوەش ڕەشەکوژیی ئێزدییەکان هەر بەردەوام دەبێ و لە سەدەی نۆزدەیەمدا، ژمارەی ئێزدییەکان بۆ "پەنجا هەزار" کەس دادەبەزێ. بەشێکی ئەو کوشتارە لە لایەن "سولەیمان پاشا"، والی بەغداوە کراوە و تەنانەت یەک ئێزدیی لەودیو چیای شەنگال نەهێشتووە.

پاش ئەو "عەلی پاشا" والیی دیکەی بەغدا، ژمارەیەکی زۆری لێ کوشتوون. دواتر لە ساڵی ١٨٣٧دا "رەشید پاشا" لە گەڵ کۆمەڵیک لە کوردە موسوڵمانەکان هێرشیان دەکەنە سەر و زۆریان لێ دەکووژن.

 کوشتاری ئێزدییەکان لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدەدا، لە لایەن عوسمانییەکانیشەوە هێندە پەرەدەگرێ کە وادەکات وڵاتانی ئەورووپایی بە دژی هەڵوێست بگرن. بۆ وێنە لە ساڵی ١٨٤٧دا دیپڵۆماتێکی بریتانیایی بە ناوی "کۆنستانتینۆپۆل" بە نزیک بوونەوە لە "دەرباری بەرزی عوسمانی" حەول دەدا ڕێگا چارەیەک بدۆزێتەوە. بە هۆی حەولی ئەوەوە دەرباری عوسمانی دان بە بوونی ئایینێکی جیاواز بە ناوی ئێزدیدا دێنی و بە هۆی ئەو جیاوازییەشەوە کە لە ئایینی ئێزدیدا جەختی لەسەر کراوە، ئەوان لە خزمەتکردنی سەربازی ئازاد دەکەن و بڕیاڕ دەدرێ کە هیچ ئێزدییەک پێویست ناکا بچێتە سەربازی بۆ ئیمپڕاتووری عوسمانی. هەر بەو مەبەستە و بۆ وەدەست هێنانی دڵنیایی، ساڵی ١٨٤٩ کەسێک بە ناوی "شێخ یووسف" وەک نوێنەری ئێزدییەکان دەچێتە دەرباری عوسمانی و داواکە دووپات دەکاتەوە و پێشنیار دەکا کە ئەوان لە خزمەتی سەربازی مەعاف بکەن. سەرەتا دەوڵەتی عوسمانی داخوازییەکەیان قەبووڵ دەکا، بەڵام لە ساڵی ١٨٧٢دا ئەو بڕیاڕە هەڵدەوەشێتەوە و سەرلەنوێ بە سەربازیان دەگرن.

 ئەو گۆڕانکارییە لە لایەن ئێزدییەکانەوە قەبووڵ ناکرێ و هەر لەو ساڵەدا بەشێکی زۆر لە گەورە پیاوان و کەیخودا و دەست ڕۆیشتووەکانی ئێزدی سکاڵانامەیەک بۆ دەسەڵاتدارانی عوسمانی دەنووسن و لە چاردە خاڵدا، هۆکارەکانی خۆیان بۆ عوسمانییەکان ڕوون دەکەنەوە کە بۆ نابێ ئەوان  بچنە خزمەتی سەربازی. بەشێک لە گرینگترین خاڵەکانی ئەو سکاڵانامەیەی ئێزدییەکان ئەوانەن کە لە ژێرەوە دەیانهێنین، هەڵبەت کۆی ئەو خاڵانە لە کتێبی "ئەنستاس ماری کەرملی" کە "دکتۆر نەجاتی عەبدوڵڵا" وەریگێڕاوە، بە تەسەلی هێنراون و لێرەدا تەنیا کورتەی هەر خاڵێک دەنووسرێ بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە کە پاساو و هۆکاری خاوەن پلەکانی ئێزدی چ بووە بۆ ئەوەی خۆیان جودا کردووەتەوە لە ئایینەکانی دیکە و پێیان وابووە نابێ ئەوان وێڕای خەڵکانی تر سەربازی بکەن؛

١- هەموو ئێزدییەک دەبێ ساڵی سێ جار ئیماژی مەلیک تاوس زیارەت کا، دەنا کافر دەبێ.

٢- هەموو کەسێکی ئێزدی دەبێ ساڵێ جارێک زیارەتی "شێخ ئادی" بکا، دەنا کافر دەبێ.

٣- هەموو ئێزدییەک پێویستە بەیانیان بچێتە شوێنیک تاوی لێ هەڵدێ و نابێ کەسی سەر بە ئایینەکانی دیکەی لێ بێ دە نا کافر دەبێ.

٤-هەر ئێزدییەک پێوستە هەموو ڕۆژێک دەستی برای ئاخیرەتی خۆی ماچ بکات دەنا کافر دەبێ.

٥-ئێزدییەکان تەحەمولی ئەوە ناکەن موسوڵمانان کاتی سپێدە بڵێن ئەعوزوبیللاهی و دواترەکەی. ئەگەر کەسێکی ئێزدی ئەوە ببیستێ ئاخیوەر و خۆشی دەبێ بکووژێ دەنا کافر دەبێ .

٦-کەسێکی ئێزدی کە دەمرێ دەبێ ئێزدییەک، برا یا ن خوشکی دینی، یەکێک لە قەولەکانی ئێزدییانی لەسەر بخوێنێ دەنا کافر دەبێ .

٧-هەر ئێزدییەک دەبێ خۆڵی بەرپێی شێخ ئادیی لە گیرفاندا بێ و هەموو سپێدەیەک لێی بخوا، دەنا کافر دەبێ .

 ٨-هەر ئێزدییەک کە بە ڕۆژوو دەبێ دەبێ سبەینیان بچێتە ماڵی شێخەکەی و ئێوارانیش بچێ و بە شەرابی ماڵی شێخەکەی ڕۆژووی بشکێنێ.

 ٩-هەر ئێزدییەک نیشتمانی خۆی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک بەجێ بێڵێ تەڵاقی دەکەوێ و نە ژنەکەی خۆی دەچێتەوە لای و نە دەبێ کەسیش ژنی بداتێ.

١٠-هەر ئێزدییەک برا و خوشکێکی دینیی هەیە و ئەگەر جلی تازەیان کڕی دەبێ برا و خوشکی دینی بۆ یەکەم جار ئێخەکەی بۆ بکەنەوە ئە گەر وانەکا کافر دەبێ.

١١-هەر ئێزدییەک جلی نوێی بۆ کرا دەبێ بە ئاوی پیرۆزی شێخ ئادی تەبەڕوکی بکا.

١٢-کراسی شین نابێ لە ناو ئێزدییەکان لە بەر بکرێ و بە شانەی کەسانی موسوڵمان و مەسیحی نابێ سەر دابهێنرێ.

١٣-هیچ ئێزدییەک نابێ بچێتە ئاودەست و گەرماوی موسوڵمانان و بە کەوچک و پیاڵەی ئەوان بخوا و بخواتەوەو ئەگەر ئەو کارانەی باس کرا بی کا ئەوە کوفری کردووە.

١٤-خواردنی ئێزدی و ئایینەکانی دیکە جیاوازە بۆ وێنە ئێمە گۆشت ماسی و کوولەکە و بامیە و فاسۆلیا و لەهانە و خاس ناخۆین.

لەبەر ئەو هۆیانە و زۆر هۆی دیکە ناتوانین بچینە خزمەتی سەربازی.

هەندێک لەو ناوانەی ئەو سکاڵانامەیەیان واژۆ کردووە بریتین لە حوسێن میری شێخی ئێزدیان، شێخ ناسر شێخی ڕووحانی ئێزدی، پیر سولەیمان، موختاری ئاوایی ڕەشان و زۆر  کەیخودا و موختاری دیکە.

KURDŞOP
670 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!