شەهاب خالیدی
بە پێی بەڵگە مێژووییەکان کوردانی قەفقاز کە دەکەونە نێوان هەردوو ڕووباری کوور (کوورا) و ڕووباری ئەرەس، دانیشتووی ڕەسەنی ئەو جوغرافیایەن و کۆچبەر نین. یەکێک لەو مێژوونووسانەی لێکۆڵینەوەی لە سەر کوردی قەفقاز لە سەدەی ٧-١٠ کردووە "ئارشاک پۆلادییەن"ە. ناوبراو سەلماندوویەتی کوردی قەفقاز دانیشتووی ڕەسەنی ئەو جوغرافیایەن. دیرۆکزانانی ڕووسی و فەرانسەوی و یۆنانییش سەلماندوویانە کە مێژووی نیشتەجێبوونی کورد لە قەفقاز لانیکەم دەگەڕێتەوە بۆ ٦ هەزار ساڵ لەمەوبەر و ئەو هەرێمە تا ساڵی ١٨٢٧یش لە دەست کورددا بووە کە میرنشینیان هەبووە. هەروەها تا ساڵی ١٨١٣ش کە پەیماننامەی گولستان لە نێوان هەردوو دەوڵەتی ڕووسیە و ئێراندا واژۆ کرا ، ئەو هەرێمەش یەکێک لەو هەرێمانە بوو کە ئێران بە ڕووسیەی دا.
لە نێو ئەو کوردانەی لە ئازەربایجان، ئەرمەنستان و گورجستان دەژیان، تەنها کوردانی ئازەربایجان بوون کە لە دوای شۆڕشی ئوکتۆبەری ١٩١٧ لە رووسیە، یەکەیەکی کارگێڕییان بە ناوی "ئویەزدی کوردستان" ( واتە قەزای کوردستان) بە ڕێبەرایەتیی "گوجی قاجی ئۆف" لە ساڵی١٩٢٣ دا بۆ دروست کرا، کە ئەم یەکەیە بە "کوردستانا سۆر" نێوی دەرکرد.
لە "کوردستانا سۆر" خوێندن و نووسینی کوردی بە پیتی کریلیک بوو تا ئەو کاتەی کە ئەو هەرێمە هەڵوەشێندرایەوە. بەڵام خوێندنی کوردی بە پیتی لاتینی لە ساڵی ١٩٣٢ەوە تا چەند ساڵێک بەردەوام بووە.
بڕیاری دامەزراندنی کوردستانا سۆر سەرەتا لە ٧ی ژوئەنی ١٩٢٣ لە لایەن "کۆمیسیونی دیاریکردنی سنووری قەرەباغی ئۆتۆنۆم و کوردستان"ەوە بەم شێوەیە ڕاگەیەندرا:
١-كوردستانی ئۆتۆنۆم دەبێ دابمەزرێ.
٢-دوای ئەوەی کە سنوورەکانی قەرەباغی چیاییی ئۆتۆنۆم دیاری کران، دەبێ ناوەند و سنووری کوردستانیش دیاری بکرێ.
لە ڕۆژی ١٦ی ژوئەنیش کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجان بە واژۆی سکرتێری ئەو حیزبە بە ناوی سەرگەی کیرۆڤ بڕیاری خۆی لە مەڕ دامەزراندنی هەرێمی "کوردستانا سۆر"ی ڕاگەیاند.
"سۆر" نیشان و هێمای سۆڤییەتی سۆسیالیست بوو. سۆر هێمای بەهێزبوونی ئەرتەش بوو، هەر بۆیەش "کوردستانا سۆر" بە واتای "کوردستانی سۆڤیەت" بوو.
بە پێی داتاکانی ساڵی(١٩٢٥) ئەم یەکە ئەتنیکییە- کارگێڕێیە، شەش (هەرێم) و (٣٣٠) ئاواییی لە خۆ گرتبوو، کە هەموو دانیشتوانەکەی لە (٦٣) ئەنجومەنی لادێدا کۆ کرابوونەوە.
بەپێی یەکەمین سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی کۆمارەکانی یەکیەتیی سۆڤیەت لە ساڵی(١٩٢٦) ژمارەی دانیشتوانی ئەم یەکە کارگێڕییە (٥١٢٠٠)کەس بوو، واتا کورد (٧٣،١٪)ی هەموو دانیشتوانیان پێک دەهێنا. بەڵام ئازەرییەکان (٢٦،٣٪)ی دانیشتوانیان پێک دەهێنا. ئەرمەنییەکانیش ژمارەیان تەنها (٢٥٦) کەس بوو، کە دەیکردە(٠،٥٪).
بۆ نموونە، لە ئیدارەکانی قەرەقشڵاغ (٩٩،٧٪)، لە کەڵبەجاڕ(٩٩،٨٪)، لە قوتورلی (٩٩،٩٪)، لە کوردحاجی(٩٨،٦٪) و لە مورادخانلیش (٩٨،٢٪)ی هەموو دانیشتوان کورد بوون. تەنها لە قوبادلی ڕێژەی دانیشتوانی ئازەری(٩٨،٩٪) بوو و لە دوای ئەوانیش ئەرمەن دەهات، کە ڕێژەیان تەنها( ١٪) و دانیشتوانی کوردی لێ نەبوو. توێژەران وای لێک دەدەنەوە کە قوبادلی بە مەبەست خرایە سەر ئویەزدی کوردستان، بۆ ئەوەی ڕێژەی دانیشتوانی کورد لە هەرێمەکە لە (١٠٠٪)ەوە دابەزێنن بۆ (٧٣٪).
کۆماری کوردستانا سۆر، لە نەخشەی کوردستانی گەورەدا دەکەوتە باکووری رۆژهەڵاتی ئەم نەخشەیە و، بە پارچەی پێنجەمی کوردستانی گەورە دادەنرا. کوردستانا سۆر ببووە خاڵی جیاکەرەوەی هەرێمی قەرەباغ و ئەرمەنستان لە یەکتر.
دامەزراندنی کوردستانی سۆڤییەت لە لایەن دەسەڵاتی باڵای سۆڤییەتەوە لە مۆسکۆ بڕیاری لێ درابوو و دەبوایە جێبەجێ بکرێ.
بە بۆچوونی داڕێژەرانی بیرۆکەکە، دەبوایە ئەم یەکەیە ببێتە ناوەندێكی گرنگ بۆ بڵاوکردنەوەی بیری بلشویکی لە نێو کوردانی دەرەوەی سۆڤیەتدا.
هەروەها دەیانویست بە دامەزراندنی هەرێمی کۆردستانا سۆر، کوردانی تورکیە، ئێران، عێراق و سووریە، کە ئەو کات عێراق و سووریە لە ژێر دەسەڵاتی بریتانیا و فەرانسەدا بوون، هان بدات ببنە لایەنگری دەسەڵاتی سۆڤیەتی و لە دژی داگیرکەرانیان ڕاپەڕن.
بەڵام گەرم و گوڕیی پەیوەندییەکانی سۆڤیەت و کەمالییەکان لە تورکیە، دواتریش دۆستایەتی لە گەڵ ئێرانی ڕەزا شادا، بوونە هۆی ساردبوونەوەی مۆسکۆ لە پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتە و ئاستی چاوەڕوانییەکانی لە بارەی "کوردستانا سۆر"ەوە کەم کرایەوە.
ئەمە دەرفەتێکی زێڕین بوو، کە کاربەدەستانی ئازەری لە چاوەڕوانیدا بوون و بۆ هەڵێک دەگەڕان شتێک بە ناوی کوردستان لە سەر ئەو خاکە نەهێڵن.
دامودەزگا فەرمییەکانی کوردستانیش لە شاری شوشێ لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان بوون، بەبیانوی ئەوەی لە پایتەختی کوردستان (لاچین)، کە پێشتر ئاواییەک بوو بە ناوی عەڤداڵیار، هیچ باڵاخانە و شوێنێکی گونجاوی تێدا نەبوو بەکەڵکی ئەوە بێت دامودەزگاکانی حکومەتی تێدا جێگیر بکرێن.
هەروەها لە ئازەربایجان نەیاندەهێشت کوردەکان بچنە دەرەوە و خوێندن تەواو بکەن، هەر ئەم سیاسەتەی ئازەربایجانییەکان وای لە دانیشتووانی کوردستانا سۆر کرد کە ساڵانە کۆچ بکەن بۆ ناوچەکانی سۆڤیەت و ناوچەکانی دیکەی جیهان، هەر بۆیە ساڵ بە ساڵ ژمارەی کوردەکان کەمیان دەکرد و ئازەرییەکانیش زیادیان دەکرد.
لە کۆتاییدا کاربەدەستانی ئازەری فەرمانێکی مۆسکۆیان، سەبارەت بە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی پەیکەری کارگێڕیی کۆمارەکانی سۆڤیەت بە هەل زانی و ناوی کوردستانیان لە سەر نەخشەی ئازەربایجان سڕییەوە.
ساڵی(١٩٣٠) کاربەدەستانی باڵای حیزب و دەوڵەت لە مۆسکۆش ئەو بڕیارەیان پەسەند کرد.
دوا بە دوای ئەمە، سیاسەتی بە ئازەریکردنی کورد یەکسەر دەستی پێ کرد. ئەوەی کارئاسانیی زیاتری بۆ ئەم سیاسەتە کرد ئەوە بوو: کورد و ئازەری هاوئایین بوون، بەشێک لە کوردەکانیش تەنانەت لە کاتی دامەزراندنی ئویەزدی کوردستاندا ببوون بە ئازەری زمان، لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتییش دابەش ببوون بەسەر چەندین خێڵ و عەشیرەتدا، کە کاری کاربەدەستانی ئازەرییان زۆر ئاسان دەکرد.
-لە ساڵانێ ١٩٣٧ – ١٩٣٨ بەشێک لە کوردەکان لە ئازەربایجان و ئەرمەنستانەوە بە زۆرەملێ بۆ قەزاقستان و ئۆزبەکستان و قرقیزستان گوێزرانەوە.
لە ساڵی ١٩٤٤یش لە گورجستانەوە بە زۆرەملێ بۆ قەزاقستان و ئۆزبەکستان ڕاگوێزران.
دوای ساڵی ١٩٢٩ و ڕووخانی هەرێمی کوردستانا سۆر تا ئەو کاتەی کە سۆڤیەت ڕووخا، سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانی کورد لەگەڵ زۆر لە سەرکردە پلەبەرزەکانی حیزبی کۆمۆنیست چاوپێکەوتنیان کرد و داوای سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی هەرێمی "کوردستانا سۆر"یان کرد، بەڵام بە داخەوە لە هەوڵەکانیاندا سەرکەوتوو نەبوون.
لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکیەتیی سۆڤیەتیش، بە تایبەتی لە دوای شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان لە سەر کۆماری ناگۆڕنە – قەرەباخ، کوردانی قەفقاز بەر شاڵاوی ناسیۆنالیستانی ئەرمەن و ئازەری و گورجی کەوتن و لە نێو کۆمارەکانی پێشووی سۆڤیەت، ئوروپا، ئامریکا و ئوسترالیادا بڵاو بوونەوە.
دوای ڕووخانی سۆڤیەت و لە کاتی شەڕی قەرەباغ لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان (کە ئەو کات ٢٠ هەزار کورد وڵاتی ئەرمەنستانیان بە جێ هێشتبوو) ڕۆژی ١٥ی مانگی مای ساڵی ١٩٩٢حیزبی "خەلق جبهەسی" لە ئازەربایجان هاتە سەر کار و، بڕیاریان دا کە بە بێ شەڕ هەرێمی لاچین بە جێ بهێڵن. کاتێک ئەوان لە لاچین دەرکەوتن، سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانی کورد ڕوویان کردە هەرێمی لاچین و سەرەتا لە ٩ ی مانگی ژوئەن "تەڤگەرا ئازادییا کوردستانێ"یان دامەزراند و لە ١٠ی مانگیش هەرێمی "کوردستاناسۆر"یان بە ڕێبەرایەتیی وەکیل مستەفایێڤ دامەزراند، کە ئەندامانی بەڕێوەبەری لە ١٩ کەس پێک دەهات. ئەو هەرێمە کە پایتەختەکەی لاچین بوو، لە چەند شاری وەک کەلبەجاڕ، گوبەدلی، جبراییل و زەنگیلە پێک دەهات.
دواتر داوا لە کوردەکان کرا کە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. بەڵام بە داخەوە ناکۆکی کەوتە نێوان ئەندامانی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی یەکبوون، کە ئەو کات ئەو کۆمەڵەیە یەکێک لە ڕێکخراوە هەرە بەهێزەکانی ئەو سەردەمەی کورد بوو. ناکۆکییەکە لە سەر ئەمە بوو کە بەشێک لە ئەندامانی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی یەکبوون دەیانوت ئەگەر ئازەربایجان ئۆتۆنۆمیمان پێ بدات قبوڵمانە، بەڵام ئەگەر ئەرمەنستان پێمان بدات، نامانەوێ. وێدەچێ ئەو ئەندامانەی کۆمەڵەی یەکبوون لە کوردە موسڵمانەکان بووبن نەک لە کوردە ئێزدییەکان. مەبەستیشیان ئەوە بووبێ کە ئازەرییەکان موسڵمانن و ئێمە بڕوامان بە وان هەیە نەک بە ئەرمەنیەکان. لە بواری مەزهەبییەوە کوردانی ئازەربایجان موسڵمانی شیعە بوون، بەڵام کوردانی ئەرمەنستان و گورجستان بێجگە لە کەمایەتییەک کە موسڵمانی سوننی بوون، ئەوانەی دیکە کوردی ئێزدی بوون.
هەروەها وەکیل مستەفایێف لەم پێوەندییەدا دژایەتیی پ. ک. ک لەگەڵ دامەزراندنی کوردستانی سۆر و وەرگرتنی چەک و پارە لە دەوڵەتی ئازەربایجان بە هۆکارێکی دیکەی تێکچوونی هەرێمی کوردستانا سۆر دەزانێ.
سەرەڕای ئامادەیی ئەرمەنستان بۆ دامەزراندنی ئەو هەرێمە، مخابن بە هۆی ئەو ناکۆکییە و نەگەڕانەوەی کوردەکان بۆ وڵاتی خۆیان ئەو دەرفەتە زێڕینەیەیان لە دەست دا و هەموو هەوڵی وەکیل مستەفایێڤ و هاوڕێیانی بێ ئاکام مایەوە.
سەرچاوە:
-"کوردانی ئازەربایجانی سۆڤیەتی: چیرۆکی لە نێوبردنی کەمینەکی نەتەوەیی" ن: د. جەبار قادر
-پەڕتووکی "کوردستانا سۆر" ن: هاروون ییلماز، عیسمەت شەریف وانلی، دانیەل مولر
-هەڤپەیڤینێکی ماڵپەری ڕووداو لەگەڵ وەکیل موستەفایێڤ
-بەڵگەفیلمێکی "رووداو" لە سەر کوردستانا سۆر
-ویکیپیدیا