گردی 8000 ساڵەی "تل خەلەف" لە ڕۆژاوای کوردستان

ناوچەی تل خەلەف چەندین بەهای پیرۆزی مرۆیی لە مێژوودا دەرخستووە و خاوەنی کولتوورێکی دەوڵەمەندە. ئەم دەوڵەمەندییە هۆکارێکە بۆ ئەوەی لە ٨ هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە زۆر هێرشی کراوەتە سەر.


 

کوردشۆپ- لە هەر چوار پارچەی کوردستان شوێنی مێژوویی زۆر هەیە و دەتوانین بڵێین، هەر شوێنێکی کوردستان هەڵکۆڵدرێت، شارستانییەتێک دەردەکەوێت. هەرچەندە داگیرکەرانی کوردستان دەیانەوێت ئەو ڕاستییە مێژووییانە بشارنەوە و نەهێڵن بێنە سەر ڕووی زەوی، بەڵام بەپێی پێناسەی مێژوویی و زانستی، "میزۆپۆتامیا لانکەی هەموو شارستانییەتەکانە" و هەر ناوچەیەکی کوردستان هەڵکۆڵدرێت، شارستانییەتێک دەردەکەوێت. بەهۆی ئەوەوە، داگیرکەران لەهەمبەر ئەو ڕاستییانە، هەوڵی ئەوە دەدەن ئەوانە بکەن بە هی خۆیان و بڵێن ئەوانە شارستانییەتی خۆیانە، بەڵام لە هەموو ڕوویەکەوە ئەو شارستانییەتەی لە کوردستاندا هەیە، لەگەڵ ڕەسەنایەتیی ئەوان ناساچێت و ناتوانن خۆیشیان لەو ڕاستییە بەدوور بگرن. یەکێک لەو شارستانییەتانە، گردی تل خەلەفە لە ڕۆژاوای کوردستان.

گردی تل خەلەف یان گردی تل خالاف، گردێکی مێژوویی گرینگە لە ڕۆژاوای کوردستان. مێژووی گردی تل خەلەف دەگەڕێتەوە بۆ ٦٠٠٠-٥٤٠٠ ساڵ پێش زایین. بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین کە بناغەی ئەم کولتوورە نزیکەی ٨ هەزار ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە. کولتووری تل خەلەف کولتووری ژن و خواپەرستییە و دەتوانین بڵێین بە تەواوی کولتوورێکی کوردییە.

واتە کاتێک دەوترێت "تەل" یان "تل"، ئەو وشەیە بە واتای "گرد" بەکار دەبرێت. بەڵام لەبەر ئەوەی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەراندایە، داگیرکەران بە دڵی خۆیان ناو لەسەر شوێنەوارە کوردییەکان دادەنێن و وەک هی خۆیان دەیانناسێنن و ناوەکانیان دەگۆڕن و بە ئارەزووی خۆیان ناویان لێ دەنێن. بەڵام ئێمە دەبێ ڕاستییەکانی نیشتمان و مێژووی خۆمان بزانین؛ یەکێک لەو ڕاستییانەش مێژووی گردی تل خەلەفە. ئەم گردە تەنیا شوێنەوارێک نییە، بەڵکوو گرینگترین ڕاستی لەسەر ئەم گردە ئەوەیە کە مێژووەکەی بۆ ٨ هەزار ساڵ پێش دەگەڕێتەوە. هەروەها لەلایەن مێژوونووسانەوە وەک کولتوورێک پێناسە کراوە؛ کولتووری تل خەلەف تەنیا لەو ناوچەیەدا بەرتەسک نابێتەوە، بەڵکوو کاریگەریی زۆری هەبووە و بەسەر هەموو ناوچەکە و دەوروبەریدا بڵاو بووەتەوە. پەلەکانی ئەم کولتوورە گەیشتووەتە سەر دەریای ناوەڕاست و باڵکان لە ئەورووپاشدا.

لەلایەکی ترەوە لەو سەردەمەدا کاریگەریی زۆری لەسەر کولتوورەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە. لە ڕووی دروستکردنی کەرەستە، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت شۆڕشێکی دیکەی لە شۆڕشی "نەئۆلۆتیک"دا (سەردەمی بەردینە نوێیەکان) کردووە. یەک لەوانە هەم لە دروستکردنی قاپە و هەم لە تەکنیکی دروستکردنی ئەو کەرەستانەی کە بۆ دروستکردنی قاپەکان بەکار دەهێنرێن.

پێشەنگیی ئەم کولتوورە ژنە. چونکە لە زۆر شوێنی کولتووری تل خەلەفدا، پەیکەری خوداوەندە ژنەکان دۆزراونەتەوە.

ئەم گردە نزیکەی ٢ کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای شاری سەرێکانی لە ڕۆژاوای کوردستان دوورە و لە تەنیشت ڕووباری خابوورەوەیە. لە ساڵانی ١٩٠٧-١٩١٣ لەلایەن شوێنەوارناسی ئاڵمانی، ماکس فرایهێر ڤۆن ئۆپنهایمەوە هەڵکەندراوە.

ناوچەی تل خەلەف چەندین بەهای پیرۆزی مرۆیی لە مێژوودا دەرخستووە و خاوەنی کولتوورێکی دەوڵەمەندە. ئەم دەوڵەمەندییە هۆکارێکە بۆ ئەوەی لە ٨ هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە زۆر هێرشی کراوەتە سەر. ئەم هێرشانە هەندێکجار فیزیکی و هەندێکجاریش کولتووری بووە. لەوەتەی بووەتە کولتوورێکی دەوڵەمەند، زۆرێک لە دراوسێکانی لەو کاتەدا ویستوویانە پەیوەندیی پێوە بکەن یان دەوڵەمەندیی ئەم کولتوورە بەدەست بهێنن. کولتووری تل خەلەف کولتووری ژن و خودایی و دایکایەتییە و کولتوورێکی بەتەواوەتی کوردییە.

لەلایەکی ترەوە ئەو قاپ و مەنجەڵ و گۆزەگەلەی لەو سەردەمەدا لەوێ دروست کراون، بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵ بۆیاخ کراون و شێوەی چەندین باڵندەی جیاوازیان لەسەر نەخشێندراوە. ڕەنگە خەڵکی ئەو سەردەمە ئەو بۆیاخانەی کە لەسەر ئەو مەنجەڵ و قاپانەی بەکاریان هێناون لە هەمان ناوەندەوە دەستیان کەوتبێت و لە چەندین شوێن و ناوچەی جیاوازدا بەکاریان هێنابێت. واتە ئەم بۆیاخانەی کە لە زۆر ناوچەی جیاوازدا بەکار دەهێنرێن، هاوشێوەن. جارێکی تر ئەم قاپانە سووتێنراون و بە بەراورد بەو کاتە، لە ئاستێکی بەرفراواندا بڵاو کراونەتەوە. هەروەها مرۆڤ دەتوانێت لەسەر تەکنیکی دروستکردنی ئەم قاپانە، زۆر شرۆڤە بکات. چونکە ئەم کولتوورە لە باکوورەوە هەتا ناوچەی سەرحەد، لە باشوورەوە هەتا میزۆپۆتامیای ناوەڕاست و لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا عێراق و لە ڕۆژاواش هەتا دەریای سپی چووە. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کولتووری تل خەلەف لە زۆر شوێن، دەوڵەمەندیی ئەم کولتوورە لە ناوچەکەدا ناسرا. مۆر بۆ یەکەمجار لەم کولتوورەدا بەکار هێنراوە. لە تەلارسازییەکانیاندا بازنەیان بەکار هێناوە. مرۆڤ کاتێک سەیری تەلارسازیی تل خەلەف دەکات، بازنەیەک دەبینێت.

بۆ یەکەمجار لەسەر ئەم خاکە، شوێنی بازنەیی بە خشت بۆ بیناسازی دروست کراوە. ئەم باڵەخانە بازنەییانە نزیکە لە خانووەکانی حەرانی ئەو سەردەمە، ئەم باڵەخانانە پێیان دەوترێت "تۆلۆس" و وشەی "تۆلۆس" وشەیەکی یۆنانییە و بە واتای بازنەیی دێت.

دواتر لەگەڵ ئەم بینایانەدا کۆمەڵێک بینای تەنک و درێژی تریان دروست کرد، هەرچەندە لە سەرەتادا ئەم بینایانە لەلایەن شوێنەوارناسەکانەوە وەک پەرستگە پێناسە کران و لێکدانەوەیان بۆ کرا، بەڵام دواتر دەرکەوت کە ئەو خانووانە پەرستگە نین، بەڵکوو ئەوانە خانووی خەڵکی ڕەسەنی تل خەلەف بوون.

بازرگانیکردن بە بەردی ئۆبسیدین، بەشێک لە ژیانی خەڵکی تل خەلەف بووە. هەڵبەت ئەم بەردانەش لە ناوچەی سەرحەد لە بەدلیسیش دۆزراونەتەوە. هەروەها ئەوانە نیشانەی بازرگانین کە لەو کاتەدا لە ڕێگەی بازرگانییەوە بەردەکەیان هێناوەتە ناوچەکە.

بۆ ئەوەی ئەو بەردانە بەدەست بهێنن، خەڵکی تل خەلەف بازرگانییان دەکرد. خەڵکی تل خەلەف بەردی ئۆبسیدینیان بە دیزە یان پەرداخ دەگۆڕییەوە و هەم کولتووری خۆیان بڵاو دەکردەوە و هەم بازرگانیی خۆیان دەکرد.

پەیکەرگەلێکی زۆری خوداوەندەکان لەم گردەدا دۆزراوەتەوە و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە لەم ناوچەیەدا کولتوورێکی دەوڵەمەندی خوداپەرستی هەبووە. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە ئەم کولتوورە دەوڵەمەندەی خوداوەندی لەسەر میزۆپۆتامیای سەرەوە و میزۆپۆتامیای ناوەڕاست، کاریگەریی هەبووە.

کۆمەڵگەکانی سەردەمی سروشتی و کۆمەڵگەکانی سەردەمی بەردینە نوێیەکان، کۆمەڵایەتیبوونی خۆیان بە دادپەروەری، سمبۆلیزە دەکرد. هەر بۆیە زیاتر باوەڕیان بەو شتانە هەبوو کە دەیانکێشا یان پەیکەریان لێ ساز دەکرد. کولتووری تل خەلەف دەکرێت بە کولتووری خوداپەرستی پێناسە بکرێت.

 

KURDŞOP
584 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!