ڕۆژ قادری
خوڕەماوا یەکێک لە شارە گەورەکانی بناری زاگرۆس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ناوەندی پارێزگای لوڕستانە. خهڵکی لوڕ و لەک لە خوڕەماوادا دەژین. بنزاراوەی سەرەکیی ئەم شارە لوڕیی خورەمئاواییە و زۆرێک له وشەکانی لوڕیی خوڕەماوایی و لەکی هاوبەشن.
جوغرافیا
خوڕەماوا لە بەرزیی ١١٤٧ مەتر لە ئاستی دەریا و لە نێوان دۆڵەکانی زاگرۆس هەڵکەوتووە.
ئەم شارە ١٩٣ کیلۆمەتر لە کرماشان، ٢٤٦ کیلۆمەتر لە ئیلام، ٣١٧ کیلۆمەتر لە سنە و ٧١١ کیلۆمەتر لە ورمێ دوورە.
شاری خوڕەماوا لە دۆڵێکی خۆش کەشوهەوا و پڕئاودا هەڵکەوتووە. بوونی کانیی زۆر و ئاسەواری مێژووییی جۆراوجۆر، ئەم شارەی کردووە بە شوێنێکی گەشتیاریی گرینگی مێژوویی و سروشتی.
لە دەوروبەری ئەم شارەدا شوێنی گەشتیاریی زۆر هەیە، لەوانە پارکی دارستانی شۆراو لە باشوور و پارکی دارستانیی مەخمەڵکێو لە باکوور.
بەپێی سەرژمێریی ناوەندی ئاماری ئێران لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویدا، حەشیمەتی ئەم شارە بە ٣٧٣ هەزار و ٥٠٠ کەس خەڵمێندراوە.
لوڕستان مەڵبەندی تاڤگەکان
پاڕێزگای لوڕستان بە هەبوونی ٥٠ تاڤگەی وەرزی و هەمیشەیی، بە مەڵبەندی تاڤگەکان بەناوبانگە. بارینی باشی باران، بوونی ڕووبارە پڕئاوەکان و کانییە جۆراوجۆرەکان، لە هۆکارەکانی دروستبوونی ئەم تاڤگەگەلەن کە دیمەنێکی تایبەتیان بەم پارێزگایە بەخشیوە.
زۆرێک لەو تاڤگەگەلە لە خوڕەماوادا هەڵکەوتوون و ئەمە بۆ خۆی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕاکێشانی گەشتیارانە بۆ ئەم دەڤەرە.
مێژوو
لە شوێنی ئێستای خوڕەماوادا و لە سەردەمی عیلامییەکاندا شارێک بە ناوی "خایدالوو" هەبووە و شاری "شاپوورخاست" بە فەرمانی شاپووری دووەم لەسەر وێرانەکانی ئەودا ساز کراوە. ئاسەوارە کۆنە بەجێماوەکان پیشان دەدەن کە خوڕەماوا یەکێک لە شارە گرینگەکانی سەردەمی ساسانییەکان بووە و قەڵای فەلەکولئەفلاک هێمای ئەم شارەیە.
شوێنی گەشتیاریی مێژویی و سروشتیی جۆراوجۆر لە شاری خوڕەماوادا هەن کە بریتین لە: "منارەی ئاجۆری، پردی شاپووری، گێرداو بەردین، بەردەنووسراو و دەریاچەی کیوو و...". ئەم شارە بۆ یەکەمین جار لە ئێراندا، لەلایەن نووسینگەی ناوچەییی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکوو شارێکی نموونەی گەشتیاری هەڵبژێردراوە.
قەڵای فەلەکولئەفلاک
فەلەکولئەفلاک لەسەر تەپۆڵکەیەکی زاڵ بەسەر خوڕەماوادا و لە نزیکی ڕووبار و لە ناوەندی شاردا هەڵکەوتووە و گرینگترین و بەرچاوترین میراتی مێژوویی و گەشتیاریی ئەم شارەیە. مێژووی دروستکردنی ئەم قەڵایە بۆ سەردەمی "ساسانییەکان" دەگەڕێتەوە.
"فەلەکولئەفلاک" لە درێژایی مێژوودا بە چەندین ناو ناسێندراوە کە بریتین لە: "دژی شاپوور خاست، قەڵای خوڕەماوا، دوازدە بورجی و کۆشکی ئەتابەکان و...". ئەم قەڵایە لە سەردەمی قاجاڕەکانەوە بە ناوی فەلەکولئەفلاک دەناسرێت.
پێشینەی ئەم قەڵایە بۆ سەردەمی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە. ساسانییەکان شارێک بە ناوی شاپوور خاستیان لە نزیکیی ناوچەی هەنووکەیی خوڕەماوا دروست کرد کە دواتر وێران کرا و لە دەوروبەری سەدەی حەوتەمی کۆچی، خوڕەماوای ئەمڕۆ لە جێی ئەو بونیاد نرا.
گومان دەکرێت قەڵای فەلەکولئەفلاک هەمان دژی شاپوور خاست بێت کە لە سەردەمی ساسانییەکاندا کارکردی حکوومەتی و سەربازیی هەبووە.
ئەم قەڵایە لە بواری شوێنگەی ستراتیژیکەوە لە سەدەی چواری کۆچی مانگی، وەکوو ناوەندی حکوومەتی "ئالێ حەسەنوویە و گەنجوەر" لە سەردەمی "ئالی بوویە"دا دیاری کرا.
لە ڕابردوودا ئەم قەڵایە ئەم کارکردانەی هەبووە: "خەزێنەی حکوومەتی بنەماڵەی بەدر لە سەدەی چوارەمی کۆچی؛ ناوەندی حکوومەتی ئەتابەکانی لوڕی بچووک و والییانی لوڕستان لە سەردەمی سەفەوییە تاکوو قاجاڕ؛ پادگانی سەربازی و زیندانی سیاسی لە سەردەمی پەهلەویی یەکەم و دووەمدا".
ئەم میراتە بەنرخە، ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی لە ئەڕتەشەوە ڕادەستی وەزارەتی فەرهەنگ و هونەری ئەوکاتی ئێران کرا. دواتر و لە ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی لەم قەڵایەدا مۆزەخانەیەکی خەڵکناسی کرایەوە و کرا بە مۆزەخانە.
مۆزەخانەی فەلولئەفلاک لەنێو قەڵاکەدایە و لە سەردەمی پەهلەویدا چالاکیی خۆی دەست پێ کرد، بەڵام دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی چالاکییەکەی ڕاوەستا.
ئەم مۆزەخانەیە دوای شەڕی "ئێران و عێراق" و لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا چالاکیی خۆی دەست پێ کردەوە. هەروەها لە ساڵەکانی ٨٥ و ٨٦ و ٨٧ی هەتاویدا بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و بودجەوە، داخرابوو. لەم مۆزەخانەیەدا زیاتر لە ٥٠ ئاسەواری مێژوویی دەپارێزرێت.
کۆتایی
بۆ ئەو گەشتیارانەی کە هاوکات لەگەڵ ئەوەی حەزیان لە شوێنە مێژووییەکانە حەزیان لە سروشتێکی سەوزیشە، خوڕەماوا باشترین بژاردەیە. شایانی باسە کە ئەم دەڤەرە خاوەن کولتوور و فەرهەنگێکی تایبەتیشە و خەڵکەکەی بۆ میوانداری بەناوبانگن.