کوردشۆپ- ئاوارەکردن و ڕاگواستنی کورد لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە، بەتایبەتی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لەلایەن عوسمانییەکان و دواتریش دەوڵەتی تورکیا وەک درێژەپێدەری دەسەڵاتی عوسمانییەکان، زیانێکی زۆری بە گەلی کورد گەیاند و ئەو سیاسەتەش ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان و لە لایەکی ترەوە بە ئامانجی لەناوبردنی کولتوور و ناسنامەی گەلی کورد بەڕێوەدەبرا.
لەم پێوەندییەدا بە تایبەتی نووسەر و کۆمەڵناس و دۆستی گەلی کورد "پرۆفیسۆر د. ئیسماعیل بێشیکچی" لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەر ئەم بابەتە کردووە دەڵێت: لە مێژووی کورددا هەندێک سەردەم هەیە کە دەخوازرێ بۆ هەمیشە بە شاراوەیی بمێنێتەوە، لە تاریکیدا بمێنێتەوە و ڕوون نەکرێتەوە. هەوڵی تایبەت هەیە بۆ ئەوەی لە تاریکیدا بمێننەوە. دەکرێ بڵێین شاربەدەرکردن و ڕاگواستنی کورد لە ساڵی ١٩١٦دا قۆناغێکی هاوشێوەیە.
بێشیکچی دەڵێ: ساڵانی 1914-1915 بۆ گەلی ئەرمەن ساڵانێکی زۆر گرنگن. لەو ساڵانەدا جینۆسایدی ئەرمەنییەکان ئەنجام درا و ئەگەر لە تورکیاش نەبێت، بەڵام لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بە وردی لەسەر بنەمای بەڵگەنامە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرا. هەروەها له ماوەی 10-15 ساڵی ڕابردوودا له تورکیا زۆر بەهەمی گرنگ لەسەر ئەم بابەته چاپ کراون و ئەو بەرهەمانه تا ئێسته بەردەوامن. بەڵام ئەشکەنجە و ڕاگواستنی گەلی کورد لە ساڵی ١٩١٦دا نە لە تورکیا و نە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا گرنگییەکی پێویستی پێ نەدرا و بە پێچەوانەوە بۆ ئەوەی ئەو ڕووداوانە لە تاریکیدا بمێنێتەوە، هەوڵێکی تایبەت دەدرێت. بەڵام ڕاگواستن و شاربەدەرکردنی کوردان بە شێوەیەکی بەربڵاو و لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنیدا جێبەجێ کراوە.
لە کتێبی جاکۆپ کونزلەر (١٨٧١-١٩٤٩) بە ناوی "لە خاکی خوێن و فرمێسکدا، شتەکان لە میزۆپۆتامیا لە کاتی جەنگی جیهانی ١٩١٤-١٩١٨دا ڕوویانداوە" کە لەلایەن چاپخانەی بەڵگەوە چاپ کراوە و لە ئەستەنبوڵ لە ساڵی ٢٠١٢دا، لەلایەن "پەریم ئۆزان"ەوە وەرگێڕدراوە، دۆخەکە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش باس کراوە. جاکۆپ کونزلەر لە ساڵانی 1899-1922 لە ڕحا، لە نەخۆشخانەیەکی سویسریی سەر بە مسیۆنەری ئاڵمانیای ڕۆژهەڵات، وەک چاودێری نەخۆشخانە کاری کردووە. ئەو لە نزیکەوە جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە ساڵی ١٩١٥ و کۆچی زۆرەملێی کورد لە ساڵی ١٩١٦ی دیتووە و ئەو ئەزموونانەی ژیانی خۆی لە ساڵی ١٩٢٠دا نووسیوەتەوە.
دەکرێ بڵێین جاکۆپ کونزلەر شایەتحاڵی نزیکی جینۆسایدی ئەرمەنەکان و ڕاگواستنی کوردەکانە. لەوانەیە تاکە شایەتحاڵیش بێت. نووسینەوەی ئەو شتانەی کە ئەزموونی کردوون و تێبینییەکانی لە ساڵی ١٩٢٠دا زۆر بەنرخە.
جاکۆپ کونزلەر باس لەوە دەکات جینۆسایدی ئەرمینیا لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بەشێوەیەکی بەرفراوان لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، بەڵام کەس باس لە ڕاگواستنی زۆرەملێی کورد ناکات و لەو بارەیەوە دەڵێ: "تورکە ڕەگەزپەرستەکان ویستیان لە لایەکەوە ڕەگی ئەرمەنییەکان لەناو ببەن، لە لایەکی دیکەشەوە ئەو کوردانەی وەک ئەوان موسوڵمان بوون بە زۆر ڕابگوازن و ئاوارەیان بکەن. بەڵام هیچ ڕۆژنامەیەک لە ئەورووپا ئەمەی نەنووسیوە".
لە پێشدا ئەوەی پێیان کرا بەسەر ئەرمەنەکانیان هێنا. بە بیانووی ئەوەی کورد جێی متمانە نیین و ڕەنگە بۆ دیوی ڕووسیا کۆچ بکەن، ئەوانیان ئاوارە و دەربەدەر کرد. نازانم تاچەندە کورد بووە هۆی ئەوەی تورکەکان بگەنە ئەو باوەڕە. بەڵام ئەوەی من دەیزانم ئەوەیە کە کورد لە سەرەتای شەڕی ڕووسیا ئازایانە شەڕی کرد، ئەوەی تورک بەرانبەر بە کورد کردی، ناپاکی و خەیانەتێکی بێهاوتا بوو. لە نێویشیاندا ژمارەیەک ئەفسەری کوردیش هەبوون کە ئەو کارەیان کرد.
لە زستانی ساڵی ١٩١٦دا کورد لە ناوچەکانی جاباخجور، پالو، موش و هەروەها خەڵکی پارێزگاکانی ئەرزەرۆم و بەدلیس، کۆچیان پێ کرا. نزیکەی ٣٠٠ هەزار کورد بەناچاری بەرەو باشوور ڕاگوازران. سەرەتا لە باکووری میزۆپۆتامیا نیشتەجێ بوون، پاشان زیاتر لە دەوروبەری ڕحا. بەڵام ژمارەیەکیشیان لە ڕۆژئاوا و دەوروبەری دیلۆک و مەرعەش نشتەجێ بوون. هاوینی ساڵی ١٩١٧ هەموویان گوازرانەوە بۆ دەشتی کۆنیا. مەبەستی گەنجە تورکەکان ئەوە بوو کە کورد لە وڵاتەکەی ببڕن. وردە وردە کورد تێکەڵ بە تورکەکانی ناوەڕاستی ئەنادۆڵ بکەن وردە وردە بوونی کورد نەهێڵن''.
ئەو مامەڵەی لەگەڵ کاروانە کوردەکان دەکرا زۆر جیاواز بوو لەو مامەڵەی لەگەڵ ئەرمەنەکان کرا. لە ڕێگادا هیچ ئاستەنگییەکیان بۆ دروست نەکردن، کەس کاری بە کاریان نەبوو، بەڵام مەترسیدارترین شت ئەوە بوو کە دوورخستنەوە لە وڵاتەکەیان لە وەرزی زستاندا دەستی پێ کرد. کاتێک کاروانە کوردەکان شەوانە دەگەیشتنە گوندێکی تورکیا، خەڵکی گوندەکە لە ترسا دەرگاکانیان دادەخست. هەر بۆیە ئەو مرۆڤە هەژارانە شەویان لە ژێر باران و بەفردا بەسەر دەبرد. ڕۆژی دواتر خەڵکی گوندەکە دەچوونە دەرەوە و گۆڕی بەکۆمەڵیان بۆ ئەو کەسانە هەڵدەکەند کە بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەست دابوو.
لە لایەکی دیکەوە، کتێبێکی "جەلال تەمەل" سەبارەت بە ڕاگواستنی زۆرەملێی کورد لە ساڵی ١٩١٦دا چاپ بووە کە ناونیشانی تەواوی کتێبەکە بریتییە لە: ڕاگواستنی کورد لە ساڵانی شەڕی جیهانی و سیاسەتی کۆچپێکردنی بەکۆمەڵ لە لایەن ئیتحاد و تەڕڕەقییەوە(١٩١٣- ١٩١٨).
بە گوتەی ئیسماعیل بێشکچی، جەلال تەمەل لە کتێبەکەیدا بە باشی لێکۆڵێنەوەی لەسەر کتێبەکەی جاکۆپ کونزلەر کردووە و هەروەها تیشک دەخاتە سەر هەمان بابەتەکان.
جەلال تەمەل لە لێکۆڵینەوەکەیدا باسی ئاوارەکردن و ڕاگواستنی زۆرەملێی کورد دەکات لە ساڵانی 1916-1917 لە جەنگی جیهانیدا. بەپێی ئەو بەڵگەنامەگەلەی ئەو باسیان دەکات، زیاتر لە 800 هەزار کورد ڕووبەڕووی کۆچی زۆرەملێ بوونەتەوە. ژمارەیەکی زۆر کەمیان توانیان بگەنە ناوەڕاست و باشووری ئەنادۆڵ و لەو شوێنانەی بۆیان دیاری کرابوو نشتەجێ بن. هەروەها "خێزانزادە کەماڵ فەوزی"یش لە بەرواری ٣ی ئەیلولی ١٩١٩، لە ژمارە ٢٤ی گۆڤاری "ژن"دا باسی ئەم دۆخە دڵتەزێنە دەکات:
- بەڵێ ئەوان! ئەوان کە لە بەدلیس و موش و وان و ئەرزرۆمەوە بە زۆری کۆچیان پێ کراوە. بەڵێ ئەوان! لەسەر خاکی ڕحا، بە بێ ژومار مرۆڤ وەستاون، مرۆڤگەلێکی بێ خودان کە بە شوێن دڵخۆشییەکدا دەگەڕێن. ئاخ بەڵێ ئەوان! لە ناوچەیەکی وێران، بێ خاوەن، بێ وڵات و بێ ئەوەی منداڵەکانیان پارچە نانێک ببینن، گیانیان لەدەست دا. ئازارەکانیان بۆ ئێمە یادەوەرییەکە و هەرگیز چارەسەر نابێت''.
جەلال تەمەل، بەم هاوارەی "خێزانیزادە کەماڵ فەوزی" دەستی بە لێکۆڵینەوەکانی کرد.
جەلال تەمەل لە پێشەکیی لێکۆڵینەوەکانیدا ئەم زانیارییانە بڵاودەکاتەوە: "لەم کتێبەدا زۆر شت هەیە کە لەلایەن حکوومەتی عوسمانیی ئیتیحاد و تەڕڕەقی لە ساڵانی جەنگی جیهانیی یەکەمدا لە تۆماردا پشتگوێ خراون و شاراونەتەوە و نەزانراون یا زۆر بە کەمی زانیاریی لەسەریان بڵاو کراوەتەوە. ڕاستییەکی وەک ڕاگواستنی زۆرەملێی دراماتیکیی کورد هەیە. بۆ ئەوەی لەم ڕاستییە تێبگەم، پێش هەموو شتێک ناچار بووم بە درێژی لەسەری بنووسم و دەڵێم خوێندنەوەی ئەم پێشەکییە سوودی دەبێت."
جەلال تەمەل، لە لێکۆڵینەوەکانیدا لەبارەی کۆچ پێ کردنی زۆرەملێی کورد لە ساڵی ١٩١٦دا، لە هەموو لایەنەکانی ئەم ڕاگواستن و کۆچ پێ کردنە دەکۆڵێتەوە. ئامادەکارییەکان بۆ ڕاگواستنی گەورەی کورد و نووسینە فەرمییە پەیوەندیدارەکان و بڕیاری ئەنجامدانی ڕاگواستنەکە بە وردی شی کراوەتەوە. هەروەها دەڵێت ڕاگواستنی گەورەی کورد لە ساڵی 1917ش بەردەوام بووە. ڕاگواستنی سەرکردەکانی کورد بەتایبەتی بابەتێکی گرنگە. هەموو ئەمانە بە وردی بیریان لێ کراوەتەوە و پلانیان بۆ دانراوە.
حوسێن پاشای کۆر، عەبدولمەجید بەگی سیپکانی، بنەماڵەی نووسەر یاشار کەمال، سەدرەددین یوکسەل، بنەماڵەی نووسەر حەسەن کیافەت، هۆزان ڕوحی سو، هەروەها گوندنشینانی گوندی بوروناگیل لە شارۆچکەی کولوی شاری کۆنیا لە نێو کۆچ پێکراوەکاندا هەن.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان ئەو ناوچانە لە ئەرمەنی و کورد بەتاڵ دەکرێنەوە و لە شوێنی ئەوانیش ئەو خێزانە کۆچبەرانەی لە قەفقاز و بەڵکانەوە هاتوون لەو ناوچەیە نیشتەجێ دەکرێن.
هەروەها ئەو ئازار و مەینەتییانەی کە لە دوای کۆچ پێ کردن و ڕاگواستنی زۆرەملێی کوردان بینران، بە شێوەیەکی کاریگەر وەسف دەکرێن.
هەم جینۆسایدی ئەرمەنەکان و هەم ڕاگواستنی گەورەی کورد لە ساڵی 1916 لە سەردەمێکی وادا کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی عوسمانییان بە "پیاوێکی نەخۆش" پێناسە کرد، زۆر سەرنجڕاکێشە. سەیرە کە پیاوە نەخۆشەکە پلانی ئۆپەراسیۆنێکی ئاوا قووڵ و بەربڵاو لە دژی هەردوو نەتەوەی ئەرمەن و کورد دادەڕێژێت و هەروەها دەتوانێ بەم شێوە بەربڵاوە پلانەکەی خۆی جێبەجێ بکات. ئەمە بابەتی لێکۆڵینەوەیە.
هۆکاری سەرەکیی کۆچی گەورەی کورد چی بوو؟
هۆکاری سەرەکیی ڕاگواستن و ئاوارەبوونی کورد، سیاسەتی ئاسمیلەکردنی دەوڵەتە و لەو چوارچێوەیەشدا ئەو دەوڵەتە دەخوازێ ئەمانە لەناو ببات. بەم شێوەیە کوردیان بە شێوەی تورک ئاسمیلە کرد و ئەوە سیاسەتێک بوو کە لە سەردەمی ئیتیحاد و تەڕەققی دامەزرابوو. کۆچی کوردەکان لە ساڵی ١٩١٦ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە بوو. لە سەردەمی کۆماری تورکیادا ئەو سیاسەت و پراکتیکانە بە شێوەیەکی چارەنووسساز و بەردەوام ئەنجام دراون. کوردەکان لەسەدا ١٠ی دانیشتوانی گوندەکانی ئەنادۆڵی ناوەڕاست پێکدەهێنن. لەسەدا ٥ی دانیشتووانی هەندێک گوندیش پێکدەهێنن و بە ئانقەست بەو شێوەیە نیشتەجێ کراون. ئەو پراکتیزەیە وەک بنەمایەکی گونجاو بۆ ئاسمیلەکردن و شێواندنی کوردان دانراوە. لە لایەکی دیکەوە لە سەردەمی کۆماری تورکیادا، ڕاگواستنی کورد لە ساڵی ١٩٣٤ بە یاسای نیشتەجێکردنی ٢٥١٠، پێوەرەکانی زیاتر لە سەدا ١٠ یان لە سەدا ١٠ لەبەرچاو گیرا.
لە سەردەمی کۆماری تورکیادا، گرنگترین سیاسەتی دەوڵەت سەبارەت بە کورد قەدەغەکردنی زمانی کوردییە. قەدەغەکردنی کوردی، هاوکارت لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی پێویست بۆ شیواندنی شوناس و ئاسمیلەکردنی کوردان بەڕێوە دەبرێت. لە ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا، لە هەندێک شار، کاتێک گوندنشینەکان لە ناو بازاڕدا بە زمانی کوردی قسەیان دەکرد، تووشی غەرامەکردن دەبوونەوە و ئەم ڕاستییەش لە لایەن زۆرینەی کوردەکانی ئەو سەردەمەوە باسی لێ کراوە.
ئەمڕۆ زۆرێک لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد کە باسی ڕابردوو دەکەن، دەڵێن کاتێک کە دەستم بە خوێندن کرد، یەک وشەی تورکیم نەدەزانی. ئێمەی منداڵی کورد لە لایەن بنەماڵەکانمانەوە بە لێدان و جنێو و سووکایەتی مامەڵەمان لەگەڵدا کرا و بەو شێوەیەش زمانی تورکییان فێرکردین. بۆ ئەوەی کوردی لەبیر بکەین ئەوەی پێیان کرا بەسەریان هێناین.
لە کۆتاییدا نووسەر و کۆمەڵناس و دۆستی کورد "پرۆفیسۆر د. ئیسماعیل بێشیکچی" دەڵێت پرسیاری سەرەکی دەبێت ئەوە بێت: ئۆپۆزسیۆنی کوردی لە ساڵانی شەست و حەفتا و هەشتاکان و هەروەها دوای ئەوە و تا ئەمڕۆ ڕێکخراوە کوردییەکان و سیاسەتمەدارانی کورد، دەبێت خواستی سەرەکییان چی بێت؟ کام داواکاری بێتە پێشەوە؟ حکوومەت هەوڵێکی زۆر جددی دەدات بۆ ئەوەی زمانی کوردی لەبیربچێت و چیتر زمانی ئاخاوتنیش نەبێت. لەو هەلومەرجەدا ڕێکخراوە کوردییەکان دەبێ چی بکەن بۆ ئەوەی کوردان بمێنن؟
بەپێی هەندێک بەڵگەنامە، ژمارەی ئەو کوردانەی بە زۆری کۆچیان پێ کراوە زیاتر لە یەک ملیۆن کەسە.
هەروەها دەگوترێت لە کاتی ئاوارەبوون و دوورخستنەوەی کورداندا لانیکەم ٧-٨ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە.
ڕاگواستن و شاربەدەرکردنی کورد تا ئەمڕۆش وەک سیاسەتێکی دەوڵەتی کۆماری تورکیا بەردەوامە و لانیکەم ١٠ میلیۆن کورد بوونەتە قوربانیی ئەو سیاسەتە.
ژمارەی ئەو کوردانەی بەهۆی سیاسەتی ستەم و گۆشەگیری و سیاسەتی جینۆسایدەوە گیانیان لەدەست داوە زیاتر لە ملیۆنێک کەسە.