لە جەنگەی شەڕی جیها نیی یەکەمدا کە لە ساڵەکانی ١٩١٤ تا ١٩١٨ی زایینی لە نێوان زلهێزەکاندا دەکرێ، مهاباد بە شێوەیەک دەکەوێتە بەر شەپۆلێک لە شاڵاو و کۆمەڵکوژی.
ئەو شەڕە لە مابەینی زلهێزەکانی ئەوکات وەک "فەڕانسە" و "رووسیە" و "ئینگلیس" لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە "ئاڵمان" و "عوسمانی" و "ئوتریش- مەجارستان" هاتە ئاراوە.
بەڵام ئەوەی کە شاری مهاباد یان "سابڵاغ"ی ئەوکات، چۆنە دەبێتە گۆڕەپانی پێکدادانی ئینگلیس و ڕووس و عوسمانی، حەول دەدەم بە پێی نیازی باسەکە بە کورتی قسەی لەسەر بکەم .
شاری مهاباد بە پێی باری ژێئۆپۆلیتیکی کە هەیبوو و چون لەسەر ڕێێ پارێزگای "ئازەربایجانی ڕۆژئاوا"(ورمێ) بۆ "وان" لە کوردستانی ژێر دەستی عوسمانی هەڵکەوتبوو، ئەوە یەکێک لە هۆکارەکانە کە دەبێتە مەیدانی شەڕ، لە ڕاستیدا لەشەڕی جیهانیی یەکەمدا، هیچ شارێک لە ئێراندا، بە قەد مهاباد تووشی خەسار نەهات.
عوسمانی هەر لەسەردەمی سەفەوییەوە بە دوای جوداکردنەوەی ناوچە کوردە سوننە نشینەکانی ئێرانەوە بوو، بەڵام ئەگەر ورد بڕوانین، دەبینین عوسمانییەکان ئەگەرچی توانییان بەشێک لە ناوچە کوردییەکانی کوردستان، لە ناوچەی "شارەزوور" و لەسەردەمی "قاجار"دا جودا بکەنەوە، بەڵام ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە چوارچێوەی ئێراندا مایەوە. لە ساڵەکانی بەر لە شەڕی جیهانیی یەکەمدا، واتە ساڵی ١٩٠٧ ڕووسەکان بە پێی ڕێککەوتنامەیەک کە لە بەینی خۆیان و وڵاتی ئینگلیسدا واژۆیان کرد و ئێمە بە ڕێکەوتنامەی ١٩٠٧ لە مێژوودا دەیناسین، باکووری وڵاتی ئێران دەبێتە ناوچەی ژێر دەسەڵات و نفووزی ڕووس و بەشەکانی باشووری ئێران، وەک "سیستان و بەلووچستان" و بەندەرەکانی خوارەوەی ئێرانیش دەبنە ناوچەی ژێر کارتێکەریی ئینگلیس. لەو ڕێکەوتننامەیەدا شاری مهاباد دەکەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ڕووسەوە. دیارە حکوومەتی ناوەندیی ئێرانیش ئەو کات ئەوەندەی دەسەڵات نەبوو بە هۆی ئەوەی کە "موحەممەد عەلیشای قاجار" تازە لە ئێران دوور خرا بۆوە و کوڕە مێرمنداڵەکەی واتە؛ "ئەحمەد شا" سەرکردایەتیی ئێرانی دەکرد، ئەویش کەسێکی دەستەوەستا ن بوو لە بەڕیوەبەرایەتی سیاسیی ئێران و لە لایەکی دیکەوە ئێرانیش لە سەردەمی شەڕی جیهانیدا هێزێکی وای نەبوو کە لەگەڵ ئەو دوو لایەنەی هێز بەربەرەکانی بکا.
یەکێک لە بێ شانسییەکانی خەڵکی ئێرانی ئەوسەردەم، ئەوە بوو کە ئێران دوو دراوسێی هەبوو کە هەر کام سەر بە بەشێک لە وڵاتانی شەڕکەری ناو جەنگی جیهانی بوون. وڵاتی ڕووسیە لە جەبهەیەکی شەڕ بە ناوی "سێیینەی هاوڕێ" دایە و عوسمانیش لە جەبهەیە و لایەنێکدا بە ناوی "سێیینەی یەکگرتوو". ئەو دوو وڵاتە ئەگەرچی بۆ خۆیان سنووری هاوبەشی یەکجار زۆریان لەگەڵ یەکتری هەبوو، بەڵام وڵاتی ئێران و کوردستانیان کردە مەیدانی پێکدادانی خۆیان. ڕووسەکان بە پێی بڕیاڕنامەی ١٩٠٧ مهابادیان بە شوێنی نفووزی خۆیان دەزانی، سەرەڕای ئەوەش کۆنسوولخانەی ڕووس و ئامریکا و عوسمانی لە مهاباد بوو؛ واتە مهاباد شارێک بوو لە لایەن هەر سێ دەوڵەتی ناو براوەوە بە هەند وەردەگیرا. پاش ڕێککەوتنامەی ١٩٠٧ ڕووسەکان دەستیان کرد بە چەکدار کردنی ئاشوورییە مەسیحییەکان لە ورمێ و هەر بەو پێیەش لەولاوە عوسمانی هان درا بۆوەی شێوەی هەڵسوکەوتی لەگەڵ ڕووسەکان بگۆڕێ. لە ساڵی ١٩١٣ واتە چەند مانگێک پێش دەستپێکی شەڕی یەکەمی جیهانی، عوسمانی هەڵمەت دەکاتە سەر شاری مهاباد و حاکمانی عێلی موکری لەوێ دەر دەکا و ڕوو دەکاتە "مەراغە". هەڵبەت دەستەیەکیش لە کوردەکان لەو کێشەیەدا یاریدەدەری عوسمانی بوون. چون کوردەکانی ئەو ناوچەیە بە پێی مەزهەب خۆیان لە تورکەکانی عوسمانی بە نزیک دەزانی، بەشێک لە مەلاکانی ئەو سەردەم فتوایان لەسەر ئەوە بوو؛ کە کوردەکان دەبێ یاریدەدەری عوسمانی بن، ئەگەرچی شەڕی یەکەم لە ساڵی ١٩١٤دا و بە پێی مێژووی فەرمی لە "شێوە دوورگەی باڵکان"ەوە دەست پێدەکا و پێیان وایە کوژرانی "فرانس فردیناند" لە شاری ساریۆڤۆ ، کە جێگری شای ئوتریش بووە، زۆربەی هەرە زۆری مێژوو نووسان، کووژرانی ئەو بە دەستپێکی شەڕی یەکەمی جیهانی دەزانن، بەڵام یەکێک لە کەسایەتییەکانی ڕووس بە ناوی "لازاریێف" دەڵێ: گوللـەی یەکەمی شەڕی جیهانی و هەڵایسانی ئاوری ئەو شەڕە، لە مهاباد و لە شەڕی نێوان ڕووس و عوسمانی لە شاری مهابادەوە دەست پێ کرا. هەڵمەتی عوسمانی بۆ سەر مهاباد چەند حەفتەیەک پێش شەڕی فەرمیی یەکەمی جیهانی بوو.
پاش دەست پێ کرانی شەڕی یەکەمی جیهانی، ڕووسەکان نزیکەی سێ هەزار کەسی ئاشوورییان چەکدار کرد و بردیاننە ناو سوپای خۆیانەوە، لەو لاوە عوسمانی دەستی کرد بە چەکدار کردنی عەشیرەتە کوردە سوننییەکان کە بە لایەنگری خۆی دەزانین. بەتایبەت عەشیرەتی "دێبوکری" و "مامەش" یاریدەی عوسمانییان دا. سوپای عوسمانی کە هاتە مهاباد، سەرداری موکریی مهابادی ئیعدام کرد و دەوڵەتی ئەحمەد شاش تەنیا بە گلەیی کردن لە سەفارەتی عوسمانی سەر و بەری کێشەکەی وێک هێنا و بێدەنگەی لێ کرد. هەڵبەت عوسمانی و عەشیرەتە کوردەکانی سەر بە عوسمانی دەستیان لەو کوردانەش نەدەپاراست کە ببوونە هاوپەیمانی ڕووس. پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە. واتە شەڕی براکوژیی کوردیش لەو سەردەمەدا کرا. بە گوتەیەکی دی کوردەکانیش بە دوو دەستەدا دابەش ببوون، دەستەیەکی وەک مامەش و دێبوکری کە لەگەڵ عوسمانی و تاقمێکیش وەکوو "کوردانی چاردۆلی" کە لەگەڵ سوپای ڕووس بوون. لەو نێوەدا دەوڵەتی ئاڵمانیش نزیکەی ٢٠٠٠ کەسی کوردی چەکدار کردبوو و موچەی باشی دەدانێ و ئەوانە یاریدەی دەوڵەتی عوسمانییان دەدا. چون وەکی کوتمان ئەو دوو وڵاتە هاوپەیمان بوون. عوسمانی پاش ئەوەی "مەراغە" و "تەوریز"یشی گرت، نەیتوانی درێژە بە سەرکەوتنەکانی بدا، ئەو دەوڵەتە وردە وردە شکستی هێنا.
رووسەکان کاتێک لەشەڕێ "دەریای ڕەش" گەڕانەوە، ڕوویان لە "ئازەربایجان" و "سابڵاغ" کرد . لەو کاتەدا "سەمسام خان"ی کوردی چاردۆڵی، کە لەو کوردانە بوو کەوتبووە گەڵ سوپای ڕووس، یاریدەی ئەو سوپایەی دا. بەو جۆرە ڕووسەکان لە ساڵی ١٩١٤ گەڕانەوە نێو مهاباد و خەڵکی بێ پەنایان تا ڵان کرد. سەیر ئەوەیە دەوڵەتی عوسمانی کە لە بەرانبەر سوپای ڕووسدا پاشەکشەیان کرد، هیچ چەک و چۆڵیکیان بۆ کوردەکان بە جێ نەهێشت.
بە پێی سەرچاوەکانی مێژووی زارەکی کە لە دەم پیرە پیاو پیرێژنانی ناوچەکەوە گێڕدراوەتەوە، ڕووسەکان ڕەحمیان بە ژن و پیر و منداڵێشدا نەهاتووە. دەست و پێی منداڵیان بڕیوە، کچانیان سووک کردووە، مەمکی ژنانیان بڕیوە و بە شێوەیەکی دڕندانە مهاباد دەدەنە بەر پەلاماری خۆیان.
رووسەکان لە ئەدەبیاتی ناوچەی ئێمەدا بە "عورووس" دەناسرێن . ئەو عرووسە لە ئەدەبیاتی خەڵکی ئێراندا بە "ئۆرووس" ناسراوە و دەنووسرێ. ئەو وڵاتە لە ئەدەبیاتی ئەو دەمی ئێران بە "ئۆروسیا" ناسراوە و ئێمەش لەو وتانەدا هەر وای ناو دەبەین.
هەر چەند ئێران دوای ئەو جینایاتانەی عرووس نامە بۆ سەفارەتی ڕووس دەنووسێ و بەڵام هیچ وڵامێک وەرناگرێ. ئەوەی ڕووسەکان لە مهاباد کردیان، بەشێکی بەو هۆیە بوو کە خەڵکی مهاباد پشتیوانییان لە عوسمانی کردبوو، بە تایبەت عرووسەکان چون جەنازەی یەکێک لە جەنگاوەرەکانیان بە ناوی "ئیلکساندر ئیوانۆڤیچ" کە کۆنسوولی ڕووس بوو، لە سەرەتای شەڕدا لەبەر دەرگای ماڵی "قازی فەتاح" لەدار درا، بووە هۆی ئەوەی ڕقێکی زۆر لە خەڵکی مهاباد هەڵگرن. هەڵبەت دەبێ ئەوەشمان لەبیر بێ کە سوپای ڕووس وەکی "ڤاسیلی نیکیتین" یەکێ لە مێژوو نووس و کۆمەڵناسانی ڕووس باس دەکا، جگە لە مهاباد، هەشتا هەزار جەنگاوەریان لە شاری "ورمێ" هەبوو، کە هەر بە گوتەی ڤاسیلی نیکیتین ڕۆژێ سێ جار بازاڕەکانی شاری ورمێیان تاڵان دەکرد و بۆ دابین کردنی ئاوردوو دەرک و دارەڕای سەربانی ماڵانیان دەردێنا و ئاوریان دەدا.
درێژەی هەیە
.............................................
تێبینی: ئەم وتارە "دەقی لێدوانی "خاتوو لەیلا ساڵحی" لە کۆڕی "خاتوونەکانی وشە و کتێبی بۆکان"، "لەمەڕ تابلۆی ڕووبارە خوێنینەکان لە بەفردا"یە، کە بە هۆی گرینگیی بابەتەکە، لە لایەن کورد شۆپەوە دابەزێندراوە"