سەردەم و ناوی دوکتور محەممەد موسەددیق لەنێو ئێرانییەکاندا بەستراوەتەوە بە "بەنەتەوەییکردنی پیشەسازیی نەوت" بەڵام لە کوردستاندا زیاتر بە کردنەوەی کەشی سیاسی و ئازادییەکی ڕێژەیی و خەباتی جووتیاران دژ بە فیۆدالیسم لە زەیندا ماوەتەوە.
"حیزبی بەختەوەریی نەتەوەییی ئێران" (بە فارسی: حزب سعادت ملی ایران) لە سەرماوەزی 2651ی کوردی 1330ی کۆچیی هەتاوی (1951ی زایینی)، لە سنە دامەزرا و تا گەلاوێژی (2653) 1332 بەردەوام بوو.
ڕۆستەم عەلیخانی لە زمانی ئیرەجی مەشعووفەوە دەگێڕێتەوە: ئەم حیزبە لە 14ی سەرماوەزی 1330 دامەزراوە و پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ بەرەی نەتەوەییی ئێران، (بە فارسی: جبهەی ملی ایران) هەبوو و یەکێک لە گرینگترین حیزبەکان بە لاینگرانی زۆرەوە لە کوردستاندا (پارێزگای سنە) بووە و تەنها حیزبێکە کە جووتیاران بەشداریی چالاکانەیان تێدا هەبووە.
دامەزرێنەران و بەرچاوترین چالاکانی ئەم حیزبە بریتین لە: حەبیبوڵڵا موحیت (پارێزەری دادگا)، سەید عەبدولمەجید سەججادی (دادوەری دادگا)، شێخ مۆعتەسەم حیسامی (مەلای ئایینی)، حەبیبوڵڵا دیانەت (فەرمانبەری دەوڵەت) و هەروەها عەبدولمەجید فەرەیدوونی، عەباس ئیسکەندەری و غوڵامعەلی مەلەکی. حەبیبوڵڵا موحیت یەزدی وەکوو یەکەم سکرتێری حیزب دیاری کرا.
ڕووحوڵڵا بەهرامی لەسەر مەرام و ئیدئۆلۆژیی ئەم حیزبە دەڵێ: ئەم حیزبە بە مەرامی ناسیۆنالیستی (ناسیۆنالیسمی ئێرانی) و پێداگر لەسەر پاشاییخوازیی مەرجدار (مشروطه سلطنتی) دەستی پێکرد و دروشمی «خودا، شا، نیشتمان»ـیان کردبووە سەردێڕی کارەکانیان و ...
حیزبی بەختەوەریی نەتەوەییی ئێران لە شارەکانی سنە، کامێران، قوروە، دێولان، کرماشان، ڕوانسەر، جوانڕۆ، پاوە و نەوسوو چالاکییان دەکرد و نووسینگەی ناوەندیی حیزب لە شاری سنە بوو. بە وتەی سکرتێری دواتری حیزب واتە "غوڵامعەلی مەلەکی" حیزبی بەختەوەریی نەتەوەیی 36000 ئەندامی هەبووە.
پێکهێنانی ئەم حیزبە کە دژ بە فیۆدالیسم چالاکیی دەکرد و خوازیاری کەم کردنەوەی بەشی خاوەندارێتی (بەشی ئاغاکان) لە بەرهەمی جوتیاران بوون و بۆ ئەم مەبەستە لە گوندەکاندا ڕێکخستنی چالاکیان پێک هێنا و ترسیان لە دڵی ئاغاکاندا ساز کردبوو. هەروەها ئاغاکان لە شاری سنە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم حیزبە، "حیزبی یەکێتیی نەتەوەیی"یان پێک هێنا، (بە فارسی: حزب وحدت ملی). بەشێک لە دامەزرێنەران و ڕێبەرانی ئەو حیزبە بریتی بوون لە: محەممەد حەسەن خان ئاسێف، ڕەزا خان ئاسێف، ئایەتوڵڵا مەردۆخ و سەدرولئیسلام سدیقی موجتەهێدی.
هەروەها ڕۆستەم عەلیخانی لە زمانی ئایەتوڵڵا مەردۆخەوە دەڵێ: تازەیی حەبیب موحیت، پارێزەری دادگا بە فەرمانی دوکتور موسەددیق کە سەرۆک وەزیران بوو، حیزبێکی بە نێوی حیزبی بەختەوەریی نەتەوەیی پێک هێناوە و بە جووتیارانی ڕاگەیاندووە کە خاوەندارێتیی مالکانی(ئاغاکان) ستەمکار هەڵوەشاوەتەوە و هەروەها جووتیاران وەرن بۆ شار کارتی خاوەندارێتی وەرگرن.
مامۆستا تەیفوور بەتحاییش لە بیرەوەرییەکانیدا باسی ئەم حیزبە دەکا و دەڵێ: لە ساڵەکانی (2649) 1328 تا (2653) 1332 لە سەردەمی سەرۆکوەزیریی موسەددیق لە سنە، وەک شارەکانی تری ئێران بەڵام لاوازتر، بەستێنی خەباتی سیاسی ساز بوو، کە "حیزبی بەختەوەریی نەتەوەییی کوردستان" بەرهەمیەتی. ئەم حیزبە دژ بە فیۆدالیسم بانگەشە و لە گوندەکاندا چالاکیی دەکرد، چەند خۆپیشاندانێکیان لە شاری سنە ڕێکخست و لەبارەی پشتیوانی لە خەڵکی هەژار و بە نەتەوەییکردنی پیشەسازیی نەوت وتاریان دەدا.
سەرەنجام دوابەدوای کودەتای 28ی گەلاوێژ و ڕووخانی حکوومەتی موسەددیق، حیزبی بەختەوەریی نەتەوەیی تووشی شکست بوو و ئەندامانی لە گوندەکان کەوتنە بەر ڕق و تۆڵەی ئاغاکانەوە. لە سنە حەبیبوڵڵا موحیت وەبەر ڕق و لێدانی ئاغا و دەسەڵاتدارانی شار کەوت و بە بڕشتی ئایەتوڵا مەردۆخ و خانەوادەی ئاسێف و ڕەزاعەلی دیوان بەیگی، بە تۆمەتی چالاکی دژ بە سیستەمی پاشایەتی و بانگەشەی کۆمۆنیسم، لە کوردستان دوور خرایەوە بۆ تاران.