گەلیی قاسملوو، جوانییەک بۆ شاری ورمێ

سۆلین ورمێ

 

گەلیی قاسملوو دەکەوێتە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئەم شارە کە لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا گەشتیارێکی زۆری نێوخۆیی و بیانی بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.

گەلیی قاسملوو بە گەلییەکی درێژ و بەرفراوان ناسراوە و دەکەوێتە سەر ڕێگای ورمێ - شنۆ. ڕووبەری ئەم گەلییە ٣٥ هەزار هێکتارە. دانیشتووانی گەلیی قاسملوو هەموویان کوردن و تەنانەت گوندەکانی دەوروبەری ئەم گەلییەش هی کوردن.

گەلیی قاسملوو دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی و بە شاخی بەرز دەورە دراوە. هەروەها "کانی سێڤ" بە بەرزیی ٢٨٩٨ مەتر بەرزترین گەلی و گەلیی "دوولامەی" بە ١٣٠٠ مەتر، کورتترین گەلیی ئەم ناوچەیەیە.

گەلیی قاسملوو لەنێو هەموو خەڵکی ناوچەکەدا بەم ناوە ناسراوە و لە ناوی بنەماڵەی د. "عەبدولڕەحمان قاسملوو"، ڕێبەری هەرگیز نەمری گەلی کوردەوە وەرگیراوە. هەروەها ناوی ئەم گەلییە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ گەلیی "شوهەدا" گۆڕدراوە، بەڵام کەس بەم ناوەی کە داگیرکەر دایناوە، نایناسێت و هەمووان بە ناوی گەلیی قاسملوو دەیناسن. هۆکاری گۆڕینی ئەم ناوە دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ و داگیرکردنی کوردستان لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە و شەڕی نێوان هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کوشتنی سەدان کەس لە هێزەکانی داگیرکەر لەلایەن پێشمەرگە قارەمانەکانەوە، بۆیە ڕێژیم هەوڵی دا ناوی قاسملو بگۆڕێت بۆ "شوهەدا". بەڵام لە ڕاستیدا هەوڵەکەیان سەرکەوتوو نەبوو و خەڵکی ورمێ و تەنانەت ناوچەکانی دیکەش هەتا ئێستا گەلیی قاسملوو هەر بە ناوی ئەسڵیی خۆی دەناسن.

هەروەها گوندی ڕێبەری شەهیدی گەلی کورد، "د. عەبدولڕەحمان قاسملوو"یش لەم گەلییەدایە و بەهۆی ئەم ڕێبەرەی کوردەوە ڕۆژانە دەیان کەس سەردانی ئەم گوندە دەکەن.

وێنە: گوندی د. قاسملوو

ئەم گەلییە بەهۆی سروشتی جوان و ناوازەی و بوونی دارستان و ڕووبار و ئاژەڵی کێوی، بووەتە سەیرانگەی خەڵکی کوردستان و ئێران. ساڵانە لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا خەڵکێکی زۆر لە شارەکانی کوردستان و ئێران سەردانی ئەم گەلییە جوانە دەکەن و لە سروشتی ناوازەی ورمێدا کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن.

لە گەلیی قاسملوودا چەندین جۆری ئاژەڵ وەک "کەڵە کێوی، گورگ، ڕێوی، ورچ و کەروێشک" و چەندین جۆری باڵندە دەژین. چەند جۆرێک لە ڕووەک لە شاخەکانی گەلیی قاسملوودا دەڕوێن کە زۆربەیان هەم بۆ دەرمان و هەم بۆ خۆراک بەکار دێن؛ بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت کە لەم گەلییەدا گیای ژەهراویش هەن و ئەگەر کەسێک بەنیازی بەکارهێنانی گیای دەرمانی بێت، دەبێ سەرەتا زانیاریی لەسەر گیاکان هەبێت. هەروەها لەم گەلییەدا چەندین باخی سێو، گێڵاس و ترێ هەن.

گەشتیاران کاتێک دەچنە ئەم گەلییە، لە ڕووبار و تاڤگەکانی ئەم گەلییە چێژ وەردەگرن کە لە چیا و کانیاوەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە. یەکێک لە تاڤگە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم گەلییە، بە یەکێک لە گەورەترین تاڤگەکانی گەلیی قاسملوو ناسراوە. ئەم تاڤگەیە دەکەوێتە نێو دڵی چیا بەرزەکان و هەر بە ناوی قاسملوو ناسراوە. لە نزیک ئەم تاڤگەیە و دەوروبەری چەندین کانیاوی جوان هەن کە ئاوەکەیان دەڕژێنە نێو ڕووباری گەلییەکەوە.

شاری ورمێ یەکێکە لە شارە جوان و گەشتیارییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژانە سەدان گەشتیار سەردانی شوێنە سەرنجڕاکێش، سروشتی و مێژووییەکانی ورمێ دەکەن.

KURDŞOP
450 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!