پاوە، شارێکی دێرین و سروشتێکی بێ هاوتا

 

چرۆ هەورامی

 

پاوە شارێکی گرینگ و سەربەرزە لە داوێنی شاخی شاهۆ و بە مێژینەیەکی سێ هەزار ساڵە، لە ناوەندی ناوچەی هەورامان کە سەر بە پارێزگای کرماشانە. پاوە لە ١١٢ کیلوومیتریی شاری کرماشان و ٤٥ کیلوومیتریی سنووری شووشمێ هەڵکەوتووە. زۆربەی خەڵکەکەی بە زاراوەی هەورامی و هەندێکیان بە جافی دەدوێن و حەشیمەتی ئەو شارە زیاتر لە ٦٥ هەزار کەسە.

شوێنەوارە مێژووییەکان وەک "ئەشکەوتی قوری‌قەڵا، ئاتەشگای پاوە و چەندین شوێنەواری دیکە" سەلمێنەری ئەوەن کە شاری پاوە خاوەن پێشینەیەکی گرینگ و دێرینە، ئەم شوێنەوارانە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ بەر لە زایین. بە درێژاییی مێژووی پاوە، ئەم شارە چەندین کەسایەتیی گەورە و نوخبەی بەتایبەت لە بواری ئەدەبی و مەعریفیدا لێ هەڵکەوتووە. 

دیمەنێکی شاری پاوە

ناوی پاوە هەر وەک باقی ناوەکانی تری گوند و شارەکانی هەورامان ڕاوبۆچوونی جیاوازی لەسەرە. چەند ڕوانگە سەبارەت بە ناوی پاوە هەیە: یەکەمیان ئەوەیە کە دەڵێن پاوە وشەیەکی هەورامییە و بە واتای بە پێوە وەستانە. دووهەم ئەوەیە کە پاوە وشەیەکی ئاوێستاییە و بە واتای پاکییە و لە دروشمەکانی ئایینی زەردەشتەوە هاتووە و هەروەها هەندێکی دیکە دەڵێن ئەم ناوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشاکانی ساسانی و یەکێک لە پاشاکان ناوەکەی بۆ هەڵبژاردووە و ناوی لێ ناوە پاوە.

پاوە شارێکی ڕەنگین و خۆشە و چەندین ئاسەواری گرینگی مێژوویی تێدایە کە سەرنجی گەشتیارانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، یەکێک لەو شوێنە گرینگ و مێژووییانە ئاتەشگەی پاوەیە، کە پاش ئاتەشگەی "ئازەر گۆشەسب" کە بە مەزنترین ئاتەشگەی زەردەشت ئەژمێردێ، دووهەم ئاتەشگەی گەورەی زەردەشتییەکانە.

گوندی هەجیج 

پاوە بە هۆی کەشوهەوا و سروشتە پڕ لە دارستان و سەرسەوزەکەی سەرنجی گەشتیاران بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. نە تەنیا خودی شاری پاوە بەڵکوو گوندەکانی ئەم شارەیش لە باری جوانیی سرووشتەکەیانەوە ناوبانگێکی زۆریان دەرکردووە و هەر یەک لەو گوندانە تایبەتمەنیی خۆیان هەیە. هەندێک لەو گوندانە بریتین لە: شمشێر، هەجیج، خانەقا، نۆدشە و گوندەکانی سەرسنوور وەک هانەگەڕمڵە، بێرواس و کێمنە. هەروەها بەنداوی داریان و ناوچەی گەشتیاریی باینگان و ئەشکەوتی بەردینی حسێن کۆکەن لە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری پاوەن.

ئەشکەوتی خاڵۆ حسێنی کۆکەن

لەوانەیە ناوی حوسێن کۆکەن بۆ زۆر کەس ئاشنا بێت و بیناسن. "حوسێن سەلیم عوسمان" ناسراو بە حسێنی کۆکەن لە دایکبووی دڕۆڵە نزیک بە شاری پاوە، کەسایەتییەکی گەورەی کوردە. حسێن کۆکەن یەک لاقی هەبووە و هەر بەو یەک لاقەوە، بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ دەستی کردووە بە هەڵکۆڵینی کێوێک و هەر بەم بۆنەشەوە نازناوی فەرهادی دووەمی پێ دراوە. حسێن کۆکەن هەر لە ماوەی هەڵکەندنی کێوەکەدا بە چاندنی دار سروشتی دەوروبەری ئەشکەوتەکەی ڕازاندوەتەوە. ئەم ئەشکەوتەی حسێن کۆکەن بووەتە شوێنێکی گەشتیاری و سەرنجڕاکێش و هەر لەسەر داوای حسێن کۆکەن داهاتی گەشتیاریی ئەشکەوتەکە تەرخان کراوە بۆ دروستکردنی مزگەوت و تا ئێستا بەو داهاتە چوار مزگەوت دروست کراوە.

خاڵۆ حسێنی کۆکەن

یەکێکی تر لە ناوچە گەشتیارییەکانی پاوە، داڵانییە. داڵانی ناوچەیەکی شاخاوییە و کەشوهەوایەکی کوێستانیی هەیە و بەرزییەکەی ٣٢٠٠ میترە و یەکێک لە بەرزترین شاخەکانی هەورامانە. داڵانی چەندین جۆر ئاژەڵی تێدایە، لەوانە: کەروێشک، ڕێوی، بزنی کێوی، ورچ و هەڵۆ و هتد. لوتکەی بەرزاییەکانی داڵانی شوێنێکی لەبار و گونجاوە بۆ ئەستێرەناسی و زەویناسی و بەردەوام پسپۆڕانی ئەم بوارانە کەڵک لەم ناوچەیە وەردەگرن.

بە هۆی سروشتی ئەم ناوچە شاخاوییە، بەردەوام شاخەوانان و پاسکیلسواران و هەروەها گەشتیارانیش بۆ سەیران، ماوەی چەند ڕۆژ دەچنە داڵانی. داڵانی پانتایێکی زۆری هەیە و سنوورەکانی تا گەردەنەی تەتە و کەناری ڕۆباری سیروانە.

ئەوەی وا پاوەی گرینگتر کردووە، ئەوەیە کە هەستی نەتەوایەتی و ناسیۆنالیستی لەم شارەدا بە درێژاییی مێژوو زۆر قووڵ بووە و کەسایەتیی گەورە و نیشتمانپەروەری زۆری لێ هەڵکەوتووە، ئەم شارە سەربەرزە هەمووکاتێ لە جووڵانەوە نەتەوەییەکان بەشدار بووە و بۆ ڕزگارکردنی کوردستان تێکۆشیوە، شاری پاوە خاوەن چەندەها پێشمەرگەی قارەمان و لە خۆبردوو بووە و ئێستاشی لەگەڵ بێ هەستی نەتەوایەتی لەم شارە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پڕڕەنگتر دەبێتەوە.

KURDŞOP
480 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!