ئاراس حسۆ
بەرهەمە مێژووییەکان بە پشوویەکی درێژ و یەک بە یەک بە هەوڵ و زەحمەتێکی زۆرەوە بەرهەم هاتوون. هەندێکیان بە درێژاییی سەدەکان بەهۆی ڕووداوە سروشتییەکانەوە سەریان هەڵداوە. هەروەها بە هەزاران ئەشکەوتی شاراوە هەن کە بە چیرۆکە کۆنەکانییانەوە ناسراون. یەکێک لەو ئەشکەوتانە کە لە کۆنترین پەناگەکانی سەر زەوییە و بە بوونی خۆی داهاتووی ئەم خاکە ڕووناک دەکاتەوە، "ئەشکەوتی قیزکان"ە.
ئەشکەوتی قیزکان لەسەر پشتی مشتەنوور، لە دیوی گوندی هەلنجێیە کە سەر بە شاری کۆبانییە و نزیکەی ٣ کیلۆمەتر لەو شارەوە دوورە. جاران لەو شوێنانەدا دار و چیمەن و باڵندە زۆر بوون. خەڵکی ئەو سەردەمە ئەم ئەشکەوتەیان بۆ خۆپاراستن لە چەندین هەڕەشە دروست کردووە. ئەشکەوتی قیزکان وەک زۆر ئەشکەوتی دیکەی کوردستان، هەزاران ساڵ لەمەوبەر لەلایەن کوردانی دەشتی سرووجێ و بە بەردی "کلسی" هەڵکەندراوە.
ناولێنانی ئەشکەوتەکە
ئەم ئەشکەوتە بە ناوی قیزکان یان کچان ناو نراوە، چونکە کچانی گوندی هەلنجێ لەوێ کاتی خۆیان بە گۆرانی، چیرۆک، داستانی خۆشەویستی و قارەمانێتی و مێژوویی بەسەر دەبرد.
تایبەتمەندیی ئەشکەوتەکە
تایبەتمەندیی ئەم ئەشکەوتە ئەوەیە کە پێشتر تەنیا کچانێک کە هاوسەرگیرییان نەکردبوو، لەم ئەشکەوتەدا کۆ دەبوونەوە. ئەو کچانە لەوێ تەونیان دەکرد و تەشییان دەڕست و کاری دوورینی جلوبەرگیشیان دەکرد. پاشان لەوێ خواردنیان دەخوارد. تەنانەت لە کەشوهەوای گەرمیشدا بێریڤانەکان لەوێ کۆ دەبوونەوە و چیرۆکیان بۆ یەکتر دەگێڕایەوە و لە زستانیشدا خۆیان لە سەرما و باران دەپاراست. هەروەها ئەو گەنجانەی لە شەڕی سوپای عوسمانی و فەرەنسا هەڵهاتن، هاتبوون و خۆیان لەم ئەشکەوتەدا شاردەوە.
هەروەها بەپێی ئەوەی بەساڵاچووانی ئەم گوندە دەیڵێن؛ لە کاتی نەورۆزدا حزبی بەعسی ڕێژیمی سووریا زۆرجار هێرشی دەکردە سەر ئەم ئەشکەوتە، چونکە لاوەکان تەگەریان لەوێ دەشاردەوە بۆ سووتاندن لە ئاهەنگی نەورۆزدا. بەپێی هەندێک سەرچاوەی باو، هەندێک کەسیش دەڵێن، چونکە لە سەردەمی عوسمانیدا کچانێکی زۆر لەم ئەشکەوتەدا کوژراون و نێژراون، هەر بۆیە پێی دەگوترێت ئەشکەوتی قیزکان.
پێکهاتەی ئەشکەوتەکە
ئەشکەوتەکە لە لای ڕۆژهەڵات دەرگایەکی هەیە و لە ناوەوە بەسەر سێ ژووری یەکساندا دابەش کراوە. ژوورەکە لە لای باکوور کراوەیە و یەک پەنجەرەی هەیە. خەڵکی کۆبانێ پێی دەڵێن: "قولکا حەفتەران." لەسەر ئەمە ئەفسانەیەکیش هەیە، دەڵێن: "گەنجێکی ئازا لەم کونەوە چووەتە ژووری باکوورەوە تاکوو حەفتاری ژوورەوە بکوژێت، چونکە بۆ خەڵکی گوندەکە وەک مۆتەکەیەک بووە." لە لای چەپی دەرگای ئەشکەوتەکە هەندێک نووسراو و نەخشاندن هەیە، بەڵام تا ئێستا مێژوو و ماناکانیان دەستنیشان نەکراوە.
لە کۆتاییدا بەپێی ئەوەی پرسیارمان کردووە، هەتا ئێستا نازانرێت کچەکان لە کەیەوە و بە چ هۆکارێک ڕوویان لەم ئەشکەوتە کردووە. بەڵام زانراوە کە ئەم ئەشکەوتە بۆ ماوەیەک گۆڕەپانی یاریی منداڵان بووە. تەنانەت هەتا ئەمڕۆش منداڵانی ئەو ناوچانە دەچنە ئەم ئەشکەوتە و کردوویانە بە ناوەندی گەشەپێدان و یاری.
لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە ئەم ئەشکەوتە تایبەتمەندییەکی کچانی هەیە، کە بووە بە ناوەندی سەبر و ئارامیی کچان لەو ناوچانە. لەو کاتەوە هەتا ئێستا ئەو تۆز و خۆڵەی کە سەر مێژووی کوردانی داپۆشیوە، بووەتە هۆی ئەوەی کە تایبەتمەندی و ڕەگی مێژووییی کورد نەناسرێتەوە. بەڵام ئەو زانیارییە زۆر بچووکانە لەنێو خەڵکدا، ڕەنگە دەستپێکی چەندین لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی، شوێنەوارناسی و جوگرافی و هتد بێت.