دەریاچەی داڵامپەڕ؛ جوانییەک بۆ گەشتیاران

سۆلین ورمێ

دەریاچەی داڵامپەڕ یان دەریاچەی "مام شێخ" دەکەوێتە بناری شاخی داڵامپەڕ کە ٤٥ کیلۆمەتر لە شاری ورمێوە دوورە. شاخی داڵامپەڕ دەکەوێتە ناوچەی مەرگەوڕی ورمێ و ٣٥٠٠ مەتر بەرزە.

شایانی باسە کە شاخی داڵامپەڕ خاوەن دەریاچەیەکی ناوازەیە و لەسەر سنووری ڕۆژهەڵات، باشوور و باکووری کوردستان هەڵکەوتووە و گەشتیاران دەتوانن لە لووتکەی شاخەوە بەشێک لەم سێ بەشەی کوردستان ببینن.

دەریاچەی داڵامپەڕ یان دەریاچەی "مام شێخ"ی ورمێ یەکێکە لەو شوێنە گەشتیارییە جوانانەی کە لە ڕۆژانی هاویندا گەشتیارێکی زۆر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و کەش و هەوایەکی خۆش و تەندروستی هەیە. دۆخی تایبەتی جوگرافیای ئەم ناوچەیە و سەهۆڵە سروشتییەکانی چیای داڵامپەڕ بووەتە هۆی دروستبوونی دەریاچەیەکی سروشتی. بینینی ئەم سەیرانگا ناوازەیە بۆ گەشتیارانی کوردستانی، ئێرانی و بیانی زۆر سەرنجڕاکێشە و ئەمەش وای کردووە خەڵکێکی زۆر بچنە لووتکەی ئەو شاخە بەفراوییە.

دەریاچەی داڵامپەڕ گۆلێکی بازنەیییە و درێژییەکەی ٤٥٠ مەترە کە ٢٧٢٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و خەڵاتی سەیرکردنی ئەم دەریاچەیە تەنها بۆ ئەو کەسانەیە کە سروشتی جوانی کوردستانیان خۆش دەوێت و چەند کاتژمێرێک لەوێ بەسەر دەبەن.

لەسەر ڕێگای ئەم دەریاچەیە، مرۆڤ سەیری هەر شوێنێک بکات، سەوزایی و ڕووبەر و کێوی بەفراوی دەبینێت. بەفر لەسەر ئەم شاخە هەرگیز بەتەواوی ناتوێتەوە و دوازدە مانگەی ساڵ بەفری پێوەیە. بەرزاییی بەفرەکە لە مانگەکانی زستاندا دەگاتە دە مەتر. لە شاخی داڵامپەڕ سەرەڕای بوونی دەریاچەیەکی سەرنجڕاکێش، تاڤگەیەکی سەرنجڕاکێشیش هەیە بە ناوی تاڤگەی "سوولێ دووکەل". لەنێوان ئەم تاڤگە هەتا دەریاچەکە، ڕێگایەکی خاکی بە درێژاییی ١٠ کیلۆمەتر هەیە کە زیاتر لە نیو کاتژمێر دەبێت.

لە دەوروبەری دەریاچەکەدا بۆنێکی خۆش هەیە کە بۆنی گوڵی جۆراوجۆر و بۆنخۆشە. هەروەها جۆگەی ئاوی ڕوون لە دەوروبەری دەریاچەکەدا دەبینرێت کە زۆر سەرنجڕاکێشن. زۆرێک لەو گەشتیارانەی کە سەردانی ئەم دەریاچەیە دەکەن، لەوێ مەلە دەکەن، هەروەها بە بەلەمی بچووک کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن. دەوروبەری دەریاچەکە پڕە لە "گوێنی، بادامی کێوی و گیڵاسی کێوی" و دەیان گیا و ڕووەکی تری لێیە. هەروەها ئاژەڵی وەک "ڕێوی، چەقەڵ، باڵندە، کەڵە کێوی، کەروێشک و مار"ی هەیە.

وەک ئاماژەمان پێ دا، دەریاچەی داڵامپەڕ دەکەوێتە بناری شاخی داڵامپەڕ و لە وەرزی پاییز و زستاندا کەش و هەوا زیاتر سارد و بەفراوی و باراناوییە. لەگەڵ کۆتاییهاتنی وەرزی زستان و هاتنی بەهار و هاوین، هەندێک لە بەفری شاخەکە دەتوێتەوە و زۆر کانیاو هەڵدەقوڵێن و زۆر ڕووبار لەو شاخەوە دەڕژێن. جگە لەوەش لەگەڵ گەرمبوونی کەش و هەوا، سەهۆڵە سروشتییەکانی سەر شاخی داڵامپەڕ دەتوێنەوە و دەریاچەی کاتی دروست دەبن. لەگەڵ توانەوەی سەهۆڵە سروشتییەکان، دەریاچە هەمیشەییەکانی ئەم ناوچەیە کە یەکێکیان دەریاچەی داڵامپەڕە، ئاوەکەیان زیاد دەکات. بۆیە لەم کاتەی ساڵدا ئەم ناوچەیە دیمەنێکی زۆر جوانی هەیە. لە ڕاستیدا سەرچاوەی ئاوی ئەم دەریاچەیە تەنیا لە کانیاوەکانی دەوروبەری نییە، بەڵکوو چەند سەرچاوەیەکی ئاو لە بن دەریاچەکەدا هەن کە هەرگیز ڕێگە نادەن ئەم دەریاچەیە وشک ببێت.

KURDŞOP
557 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!