ئەشکەوتی کەرەفتوو، یادگاری مێژووی مرۆڤایەتی لە کوردستان


- ئاسۆ ئەسعەدی


کەرەفتوو، تەلارێکی کلۆریی بەردینەی سەرنجڕاکێش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەشکەوتێک کە سروشت بناغەکەی داناوە و مرۆڤ تەواوی کردووە.

ئەشکەوتی کەرەفتوو کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری سەقز، لە دوو بەشی سروشتی و دەستکرد پێک هاتووە. مەودای ئەشکەوتەکە تا شاری سەقز نزیک بە ٧٠ کیلۆمەترە.

ئەم ئەشکەوتە چوار نهۆمییە بە درێژایی نزیک بە ٧٥٠ مەتر کە چەند لقێکی لاوەکیی لێدەکەوێتەوە، یەکێک لە ئەشکەوتە سروشتییە مەزنەکانی کوردستان و جیهانە.

مێژووی دروستبوونی بەشی سروشتیی ئەشکەوتەکە دەگەڕێتەوە بۆ ٦٥ تا ٢٥٠ ملیۆن ساڵ پێش کە دەکەوێتە دەورەی سێهەمی زەویناسی و دواتر بەهۆی دروستبوونی وشکییەکانی گۆی زەوی ئەشکەوتەکە لەژێر ئاو هاتووەتە دەرەوە. کۆمەڵێک ئاسەواری زینەوەرانی نێو ئاو لەسەر دیوارەکانی ئەشکەوتەکە بەجێ ماون و ئەمە دەرخەری ئەم ڕاستییەیە.

بەشی سروشتیی ئەشکەوتەکە کۆمەڵێک زارک و داڵان و قووڵکە لەخۆ دەگریت کە هونەری تەلارسازیی سروشتمان پیشان دەدات. دواتر ئەشکەوتەکە لەلایەن مرۆڤەوە بە مەبەستی نیشتەجیبوون لە سەردەمە جیاجیاکاندا بەپێی پێویست دەستکاری و لە چوار نهۆمدا تەواو کراوە.

هەندێک لە لێکۆڵەران مێژووی بەکارهێنانی ئەشکەوتەکە لەلایەن مرۆڤەوە دەگەڕێننەوە بۆ زیاتر لە ٧ هەزار ساڵ پێش، بەڵام ئەوەی کە بەپێی بەردەنووسەکان دەرکەوتووە، لە سەردەمی حوکمڕانیی سەلووکییەکان کە میراتگری ئەسکەندەری مەقدوونی بوون، ئەشکەوتەکە لەلایەن مرۆڤەوە وەک پەرستگە و حەشارگە و دواتریش لە سەردەمی ئێمپراتۆرییەتی پارتەکان کە ناسراو بە ئەشکانی بوون و پاش ئەوانیش لەلایەن ساسانییەکانەوە بە مەبستی پەرستگە بەکار هاتووە. لە پاش هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە دیسان بە مەبەستی حەشارگە و شوێنی نیشتەجێبوون کەڵکی لێ وەرگیراوە.

یەکێک لە گرینگترین بەردەنووسەکانی نێو ئەشکەوتەکە لە نهۆمی سێهەمدایە و بەسەر دەرگای یەک لە ژوورەکانەوە بە زمانی یۆنانی نووسراوە: "ئێرە ماڵی هێراکلۆسە، هەرکەس پێ لەم ماڵە بنێت پەنا دەدرێت."

"هێراکلێس" خودایەکی یۆنانی و یەکێک لە پاڵەوانە مەزنەکانی "میتۆلۆژیا" و چیرۆکە یۆنانییەکانە، هەر بۆیە شارەزایان ئەشکەوتەکە بە پەرستگەی یۆنانییەکان دەزانن کە دواتر لەلایەن پارتەکانەوە دەر کران.

بەرزیی دەرگای چوونەژوورەوەی ئەشکەوتەکە لە ئاستی ئەو تەپۆڵکەی کە لەسەری دروست بووە، نزیک بە ٢٥ مەترە کە پێشتر خەڵک بە کەڵکوەرگرتن لە گوریس دەچوونە ژورەوە، بەڵام لە ساڵانی ڕابڕدوو پلیکانی بۆ دروست کراوە تاکوو گەشتیاران بتوانن بە ئاسانی سەردانی نێو ئەشکەوتەکە بکەن.

هەر لەگەڵ چوونەژوورەوە لە دەرگای ئەشکەوتەکە مرۆڤ لەگەڵ مێژوویەکی کۆن و کۆمەڵێک پرسیار و نهێنی و نەخش و نیگاری سەرنجڕاکێش و سەرسوورهێنەر ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

چ کەسانێک لێرەدا ژیاون؟ بە چ ئامرازێک ئەو تاشەبەردە مەزنانەیان هەڵکەندووە و ڕێڕەو و ژوور و هۆڵیان لێ ساز کردووە؟ و دەیان پرسیاری دیکە کە ڕەنگە هەتاهەتایە لە دڵی مێژوودا بە نهێنی بمێنێتەوە.

مرۆڤ ئەشکەوتەکەی کردووەتە چوار نهۆمی جیاجیا و لە هەر یەک لە نهۆمەکاندا کۆمەڵێل ڕێڕەو، سەکۆ، دەرگا، دەلاقە و ژووری تایبەتی تێدا ساز کردووە.
نهۆمی یەکەمی ئەشکەوتەکە بریتییە لە دوو ژوور و داڵانێکی درێژ و چەند دەلاقەیەک بە مەبستی وەرگرتنی ڕووناکایی ڕۆژ و گۆڕینی کەش و هەوای نهۆمەکە.

بۆ چوونە نێو نهۆمەکانی سەرەوە چەند قادرمە لە تاشینی بەردەکان دروست کراون تاکوو بە ئاسانی لەنێوان نهۆمەکاندا هاتوچۆ بکرێت.

نهۆمی دووهەم لە هۆڵێکی گەورە کە بەشی سروشتیی ئەشکەوتەکەیە و هەروەها لە ٣ ژووری ناوبەناو دروست کراوە کە ژووری سێهەم سەکۆیەکی بەرزی تێدایە کە وێدەچێت شوێنی دۆعاکردن بووبێت.

پاش تیپەڕکردنی نهۆمەکانی ١ و ٢ دەچینە نێو گرینگترین و جوانترین نهۆمی ئەشکەوتەکە کە نهۆمی سێهەمە. شارەزایان ئەم نهۆمە بە گرینگترین بەشی ئەشکەوتەکە دەزانن کە تەلارسازییەکی تایبەتی لەسەر ئەنجام دراوە. لەم نهۆمەدا ژوورەکان بە جوانی و سەرنجێکی تایبەت دروست کراون.

بەهۆی ڕووخانی بەشێکی زۆر لە ژوورەکانی ئەم نهۆمە بە ڕوونی دیار نییە کە چەند ژووری تێدا بووە، بەڵام لە ئێستادا دوو ژووری لێ ماوەتەوە کە بە نەخش و نیگارێکی تایبەت ڕازاوەتەوە. هەروا کە پێشتر باسمان کرد بەردەنووسی یۆنانیی هێراکلێس، یەکێک لە خودا یۆنانییەکان ل سەر دەرگای یەکێک لە ژوورەکانی ئەم نهۆمەیە.

لە ڕێگەی چەند داڵانی سروشتییەوە بۆ چوونە نێو نهۆمی چوارەمەوە ڕێگە هەیە، ئەم نهۆمە زۆرتر لە چەند دەلاقە، چاڵ و قوژبن پێک هاتووە کە لەوانەیە بە مەبەستی پاشەکەوتی دەغڵ و دان و کۆکردنەوەی ئاوی نێو ئەشکەوتەکە بەکار هاتبێت. بەڵام گرینگترین بەشی نهۆمەکە هۆڵێکی سروشتیی گەورەیە کە بە هۆڵی ئارمیتاژ یان هۆڵی گوێچکەماسی دەناسرێت.

ئارمیتاژ بە مانای بەرز و بڵیند و شوێنی حوکمڕانی لە ئیمپراتۆرییەتی ئەشکانیدا هاتووە، هەروەها بەهۆی پتووکانەوە هۆڵەکە شێوەی  گوێچکەماسیی بەخۆیەوە گرتووە کە دیمەنێکی زۆر سەرنجڕاکێشی لەنێو ئەشکەوتەکەدا دروست کردووە.


لە بەشی پشتەوەی ئەشکەوتەکە هەندێک ڕێڕەو و داڵانی تێدایە کە دەبێ بە دانیشتن و زگەخشکێ پێیدا تێپەڕ بیت، وێدەچێت کە پێشتر نهۆمەکان لە بەشی پشتەوەش بۆ یەکتر ڕێگەیان بووبێت، بەڵام ئەوەی ڕوونە تا ئێستا کەس نەیتوانیوە بگاتە کۆتاییی ئەم کەلێن و قوژبنانەی پشتەوەی ئەشکەوتەکە کە ئەمەش بۆ خۆی بووەتە ھۆی ئەوە کە گەلێک حیکایەت و چیرۆکی خەیاڵی لەم ناوچەدا بکەوێتە سەر زاران و تەنانەت ئەم خاڵە لە نووسراوەکانی نووسەرانی ناوچەی سەقزدا ڕەنگی داوەتە و لەم بوارەدا دەیان چیرۆک و بەسەرھات تۆمار کراون.

هەڵکەوتەی جوگرافیایی ئەشکەوتەکە بە شێوازێکە کە لە زستاندا کەشێکی گەرم و لە هاوینیشدا هەوایەکی فێنکی هەیە.

لە هەندێک شوێن دڵۆپەی ئاوی بنمیچی ئەشکەوتەکە گۆلاوی دروست کردووە، هەروەها چەند شوێنێک لە تەختی زەویی ئەشکەوتەکە بە شێوەی پیاڵە هەڵکەندراوە و ڕێچکەی بۆ دروست کراوە تاکوو ئاوی نێو ئەشکەوتەکەی تێدا کۆ ببێتەوە.

بەسەر دیوارەکانی ئەشکەوتەکەوە کۆمەڵێک نەخش و نیگار وەکوو مەعین، دەستی مرۆڤ و بزنەکێوی هەڵکەندراوە کە هێما و نیشاندەری پیرۆزیی ئەشکەوتەکە بوون.

تاکوو ئێستا نە کەس توانیویەتی تا کۆتاییی ڕێ و ڕێچکەکانی ئەم ئەشکەوتە بڕوات و نە توانیویانە نەخشەی ئەشکەوتەکە بە تەواوی ئامادە بکەن، ڕەنگە لە داهاتووشدا هەموو ئەو نهێنییانەی نێو ئەم ئەشکەوتە هەتاهەتایە هەر نەدۆزرێتەوە، بەڵام ئەوەی کە گرینگە کەرەفتوو یادگارێکی بەنرخ و بێوێنەی مێژووی مرۆڤایەتییە لە کوردستان.
 

KURDŞOP
776 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!