هەورامانی تەخت: بەڵگەی شارستانییەت لە کوردستان و میراتێکی کەلتووری بۆ جیهان

هەورام ئەحمەدی

 

هەورامان تەنها ناوی شارێک یان ناوچەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە. لە ڕاستیدا، هەورامان مەڵبەندێکی فەرهەنگییه کە لە نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا دابەش بووە. هەورامانی هەرێمی کوردستان سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە و هەورامانی ڕۆژهەڵات بەسەر چوار قەزادا دابەش بووه: هەورامانی تەخت، لهۆن، ژاوەرۆ و شامیان. ئەم چوار ناوچەیەش کەوتوونەتە دوو پارێزگای سنە و کرماشانەوە. ناوچەی هەورامانی تەخت به پێچەوانەی ناوەکەی، دەڤەرێکی شاخاوییه و بەپێی باوەڕی خەڵکی ناوچەکە، سەردەمێک شارێکی گەورە و ناوەندێکی تایبەت بووە و هەر بۆیەش به تەخت یان ناوەندی حکوومەتی قەزای هەورامان ناوی دەبەن. ئەم بەشەی هەورامان لە ڕۆژئاواوە به هەورامانی هەرێمی کوردستان، لە باکوورەوە بە شاری سەوڵاوا و لە باشوورەوە بە پارێزگای کرماشان و شاری پاوه سنووردار کراوەتەوە. ئەم ناوچەیه خاوەن شارێک بە ناوی "هەورامانی تەخت"ە  چەن دێهات لە خۆ دەگرێت  له بریتین له: "کەماڵا"، "سەرپیر"، "بڵبەر"، "ژیوار"، "ناو" و "نوێن".

زۆربەی سەرچاوه زمانەوانییەکان، هەورامی بە شێوەزاری گۆرانی دەزانن که خۆی سەر بە لقێک لە زمانی کوردی، واته زازا-گۆرانییە. ناوی هەورامانی تەخت لە بەڵگەنامە دەوڵەتییەکانی ئێراندا وەک "اورامان" (ئورامان) تۆمار کراوە. بەڵام خەڵکی خۆجێیی و به‌گشتی کوردستان بە هەورامان دەیناسن. ناوی ساختەی اورامان کە لە زمانی کوردیدا هیچ مانایەکی نییە دەبێ وەک بەشێک لە پڕۆژە کەلتوورییەکانی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی بۆ بەئێرانی‌کردنی کەلتووری کوردی و بەشێک لە پرۆسەی کلۆنیالیزمی زمانی-فەرهەنگیی ئەو دەوڵەتە هەژمار بکرێت. سەبارەت به ناوی ڕاستەقینه‌ی هەورامان، یەکێک لە گریمانە باوەکان ئەوەیە کە وشەی "هەورامان" لە دوو بەشی "هەورا" بە واتای "ئەهوورا" و "مان" بە واتای ماڵ و شوێن و زەوی پێکهاتووە و هەورامان بە واتای "خاکی ئەهوورا" و "شوێنی ئەهوورامەزدا" دێت. هەندێک دەڵێن شێوه‌زار یان زمانی هەورامی زۆر لە زمانی دەقی کتێبی ئاڤێستا دەچێت. ئەم فەکته ئەو گریمانەیە لەسەر مانای ڕاستەقینه‌ی ناوەکەی بەهێزتر دەکات، لەبەر ئەوەی "هۆر" لە ئاڤێستادا بە واتای "خۆر" و هۆرامانیش بە واتای "شوێنی خۆر" هاتووه.

به گوێرەی توێژینەوه مێژوویی و ئاسەوارناسییەکان، نیشتەجێبوون لەم ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش مێژوو. کۆنترین ئاسەواری نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە ڕووپێوی شوێنەوار و هەڵکۆڵینەکانی دەوروبەری گوندەکانی "هەجیج"، "ناو" و "ئەسپەرێز"دا دۆزراونەتەوە و پەیوەندییان بە چاخی بەردینی کۆنەوە هەیە و بە وتەی شوێنەوارناسان تەمەنیان زیاتر لە ٤٠ هەزار ساڵ تا نزیکەی ١٢ هەزار ساڵە. ئاسەواره دۆزراوەکان بریتین لە کەرەستەی بەردینه‌ی مرۆڤه ئەشکەوت‌نشینه سەرەتاییەکان و ئێسکی ئاژەڵە ڕاوکراوەکان و پاشماوەی ئاگردانەکان. هەروەها دۆزینەوەی قەباڵەی هەورامان، بوونی دەسەڵاتی ئاشووری و ماد و هەخامەنێشی و یۆنانیی پشتڕاست کردووەتەوە.

لە ڕووی تەلارسازیەوه، هەورامانی تەخت و بەتایبەت شاری هەورامان خاون تایبەتمەندیی زۆره. بیناسازیی هەورامان بەتەواوی لەگەڵ  دۆخی شاخاویبوونی تێکەڵ بووه و به بەکارهێنانی بەرد و پەنجەرەی لە دار تاشراو و شێوه‌ی پلیکانەییی ماڵەکان، ناوازە‌بوونێکی ئەفسووناویی بۆ ئەم مەڵبەنده خوڵقاندووه. یەکێک له نـموونه سەرنجڕاکێشەکانی ئەم شێوازه‌ تەلارسازییه لە شاری هەورامان، "مزگەوتی هەورامان"ە کە بە یەکێک لە مزگەوتە دەگمەنەکانی کوردستان دادەنرێت. ئەم مزگەوته بە هاوکاریی دانیشتوانی ناوچەکە نۆژەن کراوەتەوە و لە ئاوەدانکردنەوەیدا بەرد بۆ بیناسازی و دار گوێز بۆ دەرگا و پەنجەرەکان، (واته کەرەستەی خۆجێیی ناوچەکە)، بەکارهێنراوه.

یەکێ لە سەرەکیترین و بەناوبانگ‌ترین بۆنەکان لە هەورامان ، جەژنی "پیرشالیار"ە که ساڵانە دووجار لە ناوەڕاستی بەهار و ناوەڕاستی زستاندا لە هەورامانی تەخت بەڕێوەدەچێت. ئەم ڕێوڕەسمە بریتییە لە سەربڕینی ئاژەڵی قوربانی، دەف لێدان، جۆرێک لە سەمای دەروێشانه، خواردنی تایبەتی هەلۆشێنە و خوێندنەوەی شیعر و دۆعا. ساڵانە، ژمارەیەکی زۆر لە دەروێشان و شوێنکەوتووانی پیرشالیار بۆ بەرزڕاگرتنی ناو و تەریقه‌کەی سەردانی گڵکۆکەی لە هەورامان دەکەن. لەم ساڵانەی دواییدا، ڕێوڕەسمەکانی پیرشالیار ناوبانگی جیهانییان دەرکردووه و وێرای ڕەهەنده ئایینیەکەی، ئێسته بەشیک له گەشتیاریی فەرهەنگیی ئەم ناوچەیە پێک دەهێنێت.

هەبوونی میراتی فەرهەنگی-ئایینی کۆنی لەم چەشنه، وای کرد که هەورامان به‌گشتی وەک به‌شێک له دیمەنی کەلتووری (cultural landscape)ی جیهان و وەک  میراتی جیهانیی یونسکۆ له ساڵی 2020 دا تۆمار بکرێت. بە پێی پێناسەی کۆمیتەی میراتی جیهانی، دیمەنی کەلتووری ئەوانە دەگرێتەوە کە نوێنەرایەتیی کاری هاوبەشی مرۆڤ و سروشت دەکەن و نیشان دەدەن کە چۆن نەخشە کەلتوورییەکانی دانیشتووانی ناوچەیەک، کاریگەرییان لەسەر جوگرافیای تایبەتی ئەو خاکە هەیە. بەم پێیه، دەکرێت بگوترێت که هەورامان بەگشتی و ناوچەی هەورامانی تەخت بەتایبەت، بەڵگەیەکی بەهێزی بوونی شارستانیەتێکی مێژوویی لە کوردستان و میراتێکی فەرهەنگیی پڕبایەخ بۆ جیهانه.

KURDŞOP
839 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!