ورمێ؛ گۆلی گەشتیاریی مارمیشۆ

گۆلی مارمیشۆ یەکێک لە جوانترین و سەرنجڕاکێشترین شوێنە سروشتییەکانی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

شادی

کوردشۆپ- گۆلی مارمیشۆ یەکێک لە جوانترین شوێنە سروشتییەکانی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە ٤٥ کیلۆمەتر لە شاری جوانی ورمێوە دوورە.

مارمیشۆ کە بە دۆڵی "دری"ش ناسراوە، دەکەوێتە ناوچەی تەرگەوەڕی سەر بە ورمێ و هاوکات دوایین ناوچەی سەر سنووری باکووری کوردستانە.

گۆلی مارمیشۆ یەکێک لە جوانترین و سەرنجڕاکێشترین شوێنە سروشتییەکانی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

ئەم دەریاچەیە دەکەوێتە دەڤەری تەرگەوەڕەوە و لە سنووری ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان و لەنێو دۆڵە جوان و سەوزەکانی گوندی بانی هەڵکەوتووە، ڕووبەرەکەی نزیکەی ٥ هێکتارە و قوڵاییەکەی لەنێوان ٥٠ بۆ ٦٠ مەتر مەزەندە دەکرێت.

لەم دەریاچە جوانەدا بەهۆی بوومەلەرزە و کەوتنەخوارەوەی بەرد لە بەرزاییەکانی نزیکەوە، بەنداوێکی سروشتی لەسەر ئاوە سنوورییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان دروست کراوە. هەروەها جگە لەم سروشتە جوانە، بوونی ئاژەڵە کێوییە جۆراوجۆرەکان، ڕەنگ و ڕووخسارێکی تری بەم ناوچە گەشتیارییە بەخشیوە.

ڕووباری نازلیچای کە لە بەرزایی شاخەکانی بایبوون و ستێرکا لوندەوە سەرچاوە دەگرێت (ستێرکا لوند ناوی شاخێکە لە ورمێ)، دوای تێپەڕینێکی درێژخایەن لەو دۆڵە جوانەدا، دەڕژێتە نێو ئەو دەریاچەیەوە.

ئەو دەریاچە جوان و سروشتییە، بە گردی سەوز و هەموو جۆرە گیا و ڕووەکێکی بەنرخ و بەسوود دەورە دراوە.

دەوروبەری دەریاچەکە بە چەندین داری میوە و داری جیاوازی تر ڕازاوەتەوە. هەروەها جگە لە بوونی دار، چەندین جۆری گیا و ڕووەکی دەرمانی و گوڵ لە دەوروبەری دەریاچەی مارمیشۆ دەبینرێت. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە هەنگەوانی لە دەوروبەری دەریاچەکە پەرە بستێنێت.

جگە لە چەندین گیای دەرمانی و سوودبەخش، چەندین جۆری باڵندەش لەو دەریاچەیەدا هەن.

جگە لە هەنگەوانان، لە نزیک دەریاچەکە، خێوەتی کۆچەرییەکانیش دەبینرێت. هەروەها گەشتیاران و خەڵکی ناوچەکە دوای تێپەڕین لە شاری ورمێ و گوندەکانی پەسان، بانی و هەلان، دەگەنە گوندی جوانی مارمیشۆ، و لەوێوە دەچنە دەریاچەی مارمیشۆ. بەهار و هاوین باشترین و گونجاوترین وەرزە بۆ سەردانکردنی ئەو دەریاچەیە.

سروشتی شاخاویی ئەو ناوچەیە وای کردووە دەوروبەری دەریاچەکە کەشوهەوایەکی نەرم و زۆر خۆشی هەبێت.

 

KURDŞOP
639 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!