کانیی چیای زەنبیل لە ورمێ چارەسەری هێندێک نەخۆشییە

شادی 

 

کوردشۆپ- لە پارێزگای ورمێ، چەندین کانیاو هەن کە تایبەتمەندیی دەرمانییان هەیە، یەکێک لەوانە کانیاوی ئاوی کانزایی چیای زەنبیلە. ئەم چیایە کە بە زەنبیل داخی ناسراوە، دەکەوێتە دەوروبەری گۆلی ورمێ و لە ناوچەی گوندی نازلووچای و نزیک گوندی سەپیرخانێیە.

پێش وشکبوونی گۆلی ورمێ، مەودای چیای زەنبیل تا لێواری گۆلەکە نزیکەی یەک کیلۆمەتر بووە. مەودای ئەم شوێنە تا شاری ورمێ نزیکەی ٣٥ کیلۆمەترە.

لەو ناوچەیەدا چەندین کانیاو هەن کە چەندین تایبەتمەندیی چاککەرەوە و دەرمانییان هەیە. یەکێک لەو کانییانە دەکەوێتە سەر لێواری ڕۆژهەڵاتی چیای زەنبیل و نزیک گوندی سەپیرخانێ کە بە کانیاوی زەنبیل ناسراوە. خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچەیە کانییەکەیان بە بەرد دەورە داوە. هەروەها شوێنەواری تۆزی ئاسنیش لەسەر بەردەکان دەبینرێت. ئاوەکە لە بیرێکی بازنەیی دێتە دەر کە بە بەرد دەورە دراوە. دەوری ئەو بیرە نزیکەی دوو مەترە و ئاوەکەی گۆلێک پێکدێنێ قووڵاییەکەی لە نێوان بیست بۆ بیست و پێنج ئینجدایە. کانییەکە لە ناوەڕاستی ئەم دەریاچەیە و ئاوەکەی پلەی گەرمی شیری هەیە و ئەوەی جێگای سەرنجە پلەی گەرمیی ئاوی کانییەکە هەرگیز ناگۆڕێت و بە درێژایی ساڵ وەک خۆی دەمێنێتەوە.

ئەو ئاوەی لە کانییەکە دێتە دەرەوە لەگەڵ گازێکی ڕوون دێتە دەرەوە. بە گوتەی دانیشتووانی ناوچەکە، ئاوی کانییەکە بۆ چارەسەرکردنی جومگەکان و کێشەکانی پێست زۆر کاریگەرە. لە ئاوی ئەو کانییە بڕێکی زۆر لە سۆدیۆم و مەگنیسیۆم و ئاسن و سولفات و بێکاربۆناتەکان هەیە کە مرۆڤ بە ڕوونی دەتوانێ کاریگەریی ئەمانە لەسەر بەردی دەوروپشتی کانییەکە ببینێ.

بەھۆی وشکەساڵیی ئەم دواییە، دەردانی ئاوی کانیی زەنبیل بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بەڵام دەوترێت بەشێوەیەکی گشتی لە ھەر چرکەیەکدا نزیکەی ١٠ لیتر ئاو لەو کانییە دێتە دەرەوە. حەفتا مەتر لەو کانیاوە دوورتر، کانییەکی تر هەیە کە ئاوی کەمترە، بەڵام بە بڕوای شارەزایان سەرچاوەکەی هەمان کانیاوی زەنبیلە، تەنها شوێنی دەرچوونیان لە زەویدا جیاوازە. هەروەها پلەی گەرمیی ئەو ئاوەی لەم دوو کانیاوە دێتە دەرەوە وەک یەکە. نزیکیی کانیاوی زەنبیل لە دەریاچەی ورمێ وای کردووە گەشتیاران سوود لەم کانییە سروشتییە وەربگرن.

KURDŞOP
572 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!