گۆمی فێڵاو، لە بەرزاییی چیاکانی کوردستان

 

هانی موڕتەزا

 

گۆمی فێڵاو بە یەکێک لە ڕازاوەترین و بەرزتین گۆمەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت. گۆمی فێڵاو، یه‌كێكە له‌ ناوچه‌گه‌شتیارییه‌كانی دەڤەری باڵه‌كایه‌تی له ‌سنوری شارۆچكەی چۆمان، کە لە هەر چوار وەرزی ساڵدا، جوانی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە. ئەم گۆمە جوانە، دەکەوێتە دامێنی چیای سێکێڵ و چیای حەساری سەکران، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر لە نزیک شارۆچکەی چۆمان هەڵکەوتووە و 160 کیلۆمەتر لە هەولێر و 9 کیلۆمەتر لە چۆمانەوە دوورە.

هەلکەوتەی ئەم گۆمە زیاتر لە 3000 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و وەک یەکێک لە بەرزترین گۆمەکان لە کوردستانی گەورە دێتە ئەژمار.

هەڵکەوتەی گۆمی فێڵاو لە ناوچەیەکی سەخت و دژواردایە. بۆ ئەوەی گەشتیاران و تاکەکان، بگەنە ئەم گۆمە دەبێ چەند کاتژمێرێک بە پێ بڕۆن. لەبەر ئەوەی لە ناوچەیەکی بەرزدا هەڵکەوتووە زۆربەی کاتەکان، فێنکە و ئاووهەوایەکی ساردی هەیە. هەڵکەوتەی جوگرافیای گۆمی فێڵاو و هەبوونی چیای بەرز لە دەوروبەری گۆمەکە و مانەوەی بەفری سەر چیاکان، وای کردووە لە گەرمای وەرزی هاویندا، کە پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەگاتە ٤٠-٤٥ پلەی سیلیزی، لەم ناوچەیەدا نزمترین پلەی گەرمی هەیە کە دەگاتە ١٠ پلەی سیلیزی.

گۆمەکە بەهۆی دروست بوونی ئەو چاڵاوەی کە دەریاچەیەکی ئەلپیی تەواو و بێکەموکوڕیی هەیە و هەروەها بەهۆی بارانی زۆر لە ناوچەکە و بارینی بەفر و توانەوەی بەفر بە درێژایی وەرزەکانی گەرما و ئەو ئاو و هەوایەی کە هەیەتی، هەموو کات ئاوی هەیە.

بوونی ئەم گۆمە لە کوردستان، لە ڕووی کەرتی گەشتوگوزاریەوە گرنگی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە. ئەو دیمەنە جوانەی کە لە ناوچەکەدا هەیە وای کردوە، ڕێژەی ئەو گەشتیارانەی بۆ بینینی دیمەنەکان دەچنە فێڵاو، ساڵ بۆ ساڵ ڕوو لە هەڵکشانە و هاوشێوەی ڕەنگینی دیمەنەکانی ئێرە گەشتیارەکانیشی فرەڕەنگن.

ئاماری گه‌شتوگوزاری چۆمان ده‌ریده‌خات ساڵی ڕابردوو نزیكه‌ی 300 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی باڵه‌كایه‌تییان كردووه‌، به‌شی زۆری ئه‌م گه‌شتیارانه‌شی هاتوونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌ سه‌ردانی گۆمی فێڵاویان كردووه‌.

جیا لە گەشتیاران، ساڵانە چەندین گرووپی شاخەوانیی کوردستان، سەردانی گۆمی فێڵاو دەکەن و گەشتی شەومانەوە لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەچێت.

دەستەی گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی کوردستان بایەخێکی زۆر بە گۆمی فێڵاو دەدات و بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ گەشتیاران و بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە ناوچەکەدا، ئێستە سەرقاڵی ئامادەكارین تا وەبەرهێنان لەو شوێنە بكرێ‌ و ڕێیەکەی چاك بكرێت.

  حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر ناساندنی ناوچەکە و گۆمی فێڵاو چەندین هەوڵی داوە . بۆ ئەم مەبەستە و بۆ بایەخدان بە ناوچەکە، چەندین ئاهەنگ ڕێکخراوە و گەشتیارانی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق بۆ ئەو ئاهەنگانە بانگهێشت کراون.

 

 

KURDŞOP
776 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!