بەروبوومی هەنار لە هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 

کانی مەریوان

 

لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، پیشەسازیی گەورە کە هەلی کار بۆ ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان بڕەخسێنێ، زۆر کەمە و داهات و بژێوی ژیانی زۆربەی خەڵکی کورد، بە کشتوکاڵەوە بەستراوەتەوە و کوردستان بە ناوچەیەکی کشتوکاڵی ناسراوە. هەنار یەکێکە لەو میوەگەلەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەم دێت. ئەم میوەیە کە یەک لە باشترین میوەکانە و لە ڕیزی ١٠ میوەی سەرەکی جیهاندایە، لە چەند وڵاتێکیدیکەی ناوچەکەش وەک ئێران، ئەفغانستان، پاکستان، هەرێمی کوردستان و تورکیاش بەرهەم دێت.

هەناری هەورامان بەرزترین کوالێتیی لە ئاستی ئێراندا هەیە. هەموو ساڵێک لە کۆتاییی مانگی خەرمانان ڕنینی هەنار دەست پێدەکات و تا ناوەڕاستی مانگی خەزەڵوەر بەردەوام دەبێت. هەناری هەورامان یەک لە ئۆرگانیکترین هەنارەکانی ئێرانە کە نەتەنیا دەرفەتێکە بۆ ئابووریی ناوچەی هەورامان، بەڵکوو ڕۆڵێکی تایبەتیش لە تەندروستیی کۆمەڵگادا دەگێڕێ. سروشتی جوان، سیحراوی و شاخاویی هەورامان لە ژێر سێبەری دارهەنارەکاندا لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی ئەم دەڤەرەیە. هەورامان لای گەشتیاران و خەلکی کورد بە ناوچەی یاقووتە سوورەکان ناوبانگی دەرکردووە. یاقووتێکی ئاسمانی کە ناوەندیی سەرەکیی بەرهەمهێنانی هەناری کوردستانە و بە هەنارە ترش و شیرینەکانی بەناوبانگە.

 لە پارێزگای سنە بە شێوەی مامناوەند ساڵانە ١٠هەزار تۆن هەنار لە ٦١٥ هێکتار باخی هەناردا بەرهەم دێت. نزیکەی ٤٠٠هێکتار باخی میوە لە دەڤەری هەورامان بە هەنار داپۆشراوە. بە پێی خەمڵاندنی شارەزایان، دەتوانین بڵێین لە هەر هێکتارێکدا نزیکەی 20 تۆن هەنار بەرهەم دێت. لەگەڵ دروستکردنی بەنداوی داریان، چەند هێکتار لە باخەکانی هەنار لە دەڤەری هەورامان ژێرئاوکەوتن و لەناوچوون و تا ئێستاش هیچ کارێک بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو باخانە نەکراوە. بە گشتی هەنار لەسەر زەوییە لێژەکان دەڕوێت و ناوچەی هەورامان ئەو مەرجانەی هەیە، بۆیە دەتوانرێت بە لابردنی هەندێک بەربەستی یاسایی لە دەڤەری هەورامان، باخە هەنارەکان زیندووبکرێنەوە و پەرەیان پێ بدرێت. باخە هەنارەکانی هەورامان لە پارێزگای سنە، هەلی کاریان بۆ نزیکەی ١١٠٠ کەس ڕەخساندووە.

لە پارێزگای سنە شاری سەوڵاوا گەورەترین ڕووبەری باخی هەناری لێیە و زیاتر لە 80٪ی هەناری پارێزگای سنە واتا زیاتر لە هەشت هەزار تۆن لە ساڵدا لە باخەکانی هەنار سەر بە گوندەکانی ژیوار، بڵبەر، سلێن و ناوە بەرهەم دەهێنرێن. ئەو هەنارانەی لەم ناوچەیە بەرهەم دەهێنرێن ڕەوانەی سنە، کرماشان و تاران دەکرێن و بە پێی بڕی بەرهەمهێنان، یەکسانە بە مەسرەفی ناوخۆ و بەشی هەناردەی دەرەوەی وڵات ناکات.

 ناوچەی هەورامان بەشێکی دەکەوێتە پارێزگای کرماشان و ساڵانە ٤ هەزار تۆن هەنار لە باخەکانی کرماشان بەرهەم دێت. بڕی بەرهەمهێنانی هەنار لە هەر هێکتارێکدا لە پارێزگای کرماشان نزیکە ٦ بۆ ٧ تۆنە. لە پارێزگای کرماشان ڕووبەری چاندنی هەنار ٩٥٠ هێکتارە و هەلی کاری بۆ نزیکەی ١٠٠٠ کەس ڕەخساندووە. زۆرترین ڕیژەی باخەکانی هەنار لە ناوچەی هەورامانی پارێزگای کرماشان دەکەوێتە شارەکانی نۆدشە، نەوسوو و پاوە.

تایبەتمەندییەکانی هەنار و پێکهاتەکانی

هەنار بۆ پاککردنەوەی خوێن و بەهێزکردنی دەمار و چارەسەرکردنی ئازاری سنگ و کۆکە و ئازاری گەدە بەکاردێت. تایبەتمەندییەکانی هەنار و ئەو پێکهاتانەی تێیدا هەن وایان کردووە خەڵکی هەورامان دۆشاو، سرکە و شەربەتی لێ دروست بکەن کە ئەم کارە قورس و پڕ زەحمەتە لەئەستۆی ژنانە. دوای دروست کردنی دۆشاوی هەنار، پێستەکەی بۆ بەرهەمهێنانی بۆیاخ و دەرمان بەکاردەهێنرێت.

ڕۆڵی ژنان لە دروستکردنی دۆشاوی هەناردا

ساڵانە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی ڕنینی هەنار، ژنانی گوندەکانی هەورامان، ئەو هەنارانەی قڵیشیان بردووە یان زۆر وردن، جیا دەکەنەوە و بە لێدانی دار لە هەنارەکان، دەنکە هەنارەکان لە پێستەکەی جیادەکرێتەوە. دواتر بە کوتانی دەنکە هەنارەکان ئاوی هەنارەکە دەگیرێت و لە ناوکەکەی جیا دەکرێتەوە و پاشان ئاوی هەنارەکان لەناو دەفرێکی گەورەدا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەسەرئاگر دەکوڵێنن و دۆشاوی لێ دروست دەبێت.

 فێستیڤاڵی هەناری هەورامان

لە پارێزگای سنە فێستیڤاڵی هەنار هەموو ساڵێ لە ٢٥ تا ٢٧ی ئۆکتۆبەر، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە هەر چوار گوندی ژیوار، بڵبەر، سلێن و ناو، بە ئامادەبوونی ڕۆژنامەنووسان و فۆتۆگرافەران وخەڵکی ناوچەکە بەڕێوەدەچێت. بە ئامادەبوونی دادوەران و بەرپرسانی پارێزگا، خەڵات دەدڕیتە باشترین تاکە وێنە، باشترین کۆلێکشنی وێنە، هەروەها باشترین تێبینی و ڕاپۆرت.

لە پارێزگای کرماشانیش فێستیڤاڵی هەنار لە شاری پاوە و گوندەکانی باینگان،هەجیج، داریان، شەڕەکان، خانقە، نۆسمە، ساتاری، دۆدان و زەردۆی بۆ ماوەی ٩ ڕۆژ بەڕێوە دەچێت. خستنەڕووی فێستیڤاڵی هەنار لە ساڵنامەی گەشتیاریی ئێران و ناوچەکە و ناساندنی بە گەشتیارە دەرەکییەکان، دەتوانێت زۆر کاریگەر بێت لە بووژانەوەی کەرتی گەشتیاریی ناوچەی هەورامان. مەبەست لە سازدانی ئەم فێستیڤاڵە یارمەتیدانی گەشەپێدانی گەشتیاری و ناساندنی بەرهەمە سەرەکییەکانی کوردستان و نیشاندانی سوودەکانی گەشتیاریی کشتوکاڵییە لە ناوچەکەدا. ڕاکێشانی گەشتیاران لە دەڤەری هەورامان دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات و وەبەرهێنانی زیاتر لەم هەرێمەدا. جگە لەوەش کاریگەرییەکی گرنگی دیکەی ئەم فێستیڤاڵە کەمکردنەوەی کۆچکردن لە گوندەکان بۆ شارەکانە.

KURDŞOP
796 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!