پارێزگای سنە ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دێنێت

کانی

 

گەنم یەکێکە لە بەرهەمە ستراتیژییەکانی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان. بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە ستراتیژییە، هەر لە کۆنەوە بەها و ڕێزێکی تایبەتی لای خەڵکی کوردستان هەبووە، بەجۆرێک کە خەڵکی ماندوویی نەناسی کوردستان، گەنم بە نیعمەتی کێڵگە دەزانن. لە سەردەمانی کۆندا نەریتێک بووە کە ساڵانە جووتیاران بەشێک لە بەرهەمی گەنمەکانیان بۆ ساڵی داهاتوو لە چاڵێکی تایبەتدا دەهێشتەوە.

لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەنم بەرهەمێکی گرنگە و زیاتر لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکەی ئەم پارێزگایە بەرهەم دێت و ساڵانە بەشێکی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەم پارێزگایە بۆ چاندنی گەنم تەرخان دەکرێن. پارێزگای سنە کە خاوەنی زیاتر لە یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵیی بەکوالێتیە، بە یەکێک لە جەمسەرەکانی بەرهەمهێنانی بەرهەمی کشتوکاڵی بەتایبەت گەنم لە ڕۆژئاوای ئێران دادەنرێت. بەهۆی قازانجی زۆری کەرتی کشتوکاڵ، هێشتا ئابوریی کوردستان لە دەوری ئەم کەرتە دەسووڕێتەوە و گەورەترین پشکی نەک تەنها لە بەرهەمهێنان بەڵکوو لە هەناردەکردنیشدا هەیە.

پارێزگای سنە بەرزترین ئاستی چاندنی گەنمی دێمی لە ئاستی هەموو ئێراندا هەیە.هەرچەندە گەورەترین ڕووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەم پارێزگایە بۆ زەوییە دێمەکان تەرخان کراوە و پشکێکی کەمی لە زەوییە بەراوەکان هەیە، بەڵام بەهۆی کەشوهەوای گونجاو و بارانبارینی باش، لە ڕووی بەرهەمهێنان و گەرەنتیی کڕینی گەنم پلەی دووەمی هەیە.

 گەنم بەسەر دوو بەشی گشتیدا دابەش دەکرێت: گەنمی بەهار و گەنمی پاییز، ئەم دوو جۆرە لە ڕووی ڕەنگ و پێکهاتە و شێوە و هەروەها بارودۆخی گەشەکردنەوە جیاوازن. گەنم لە دوو کاتی جیاوازیدا دەچێنرێت. گەنمی بەهار لە سەرەتای بەهاردا دەچێنرێت، دوای ڕواندنەوە، لە بەهار و سەرەتای هاویندا گەشە دەکات و بەرهەمەکەی تا کۆتایی هاوین پێدەگات و دەیدروونەوە.

ناسەقامگیری لە بەرهەمهێنانی بەرهەمی کشتوکاڵیدا شتێکی سروشتییە، بەتایبەتی لە زەوییە دێمەکاندا. یەکێک لە باشترین و کاریگەرترین ڕێگاکان بۆ زیادکردنی بەرهەم و داهاتی بەرهەمی گەنم لە پارێزگاکە ئاودێریکردنی زەوییە دێمەکارەکانە. ئەو بڕە ئاوەی لە پارێزگاکەدا هەیە، لەبری ئەوەی بۆ ئاودێریکردنی زەوییە دێمەکانی پارێزگاکە بەکاربهێنرێت، بە تێچووی زۆر دەگوازرێتەوە بۆ ئاودێریکردنی زەوییەکانی پارێزگاکانی دیکە کە ڕێژەی بەرهەمەکانیان هێندەی کوردستان نییە. بە پێنج هەزار مەتر سێجا ئاو، یەک هێکتار زەویی دەێمەکار دەبێتە بەرئاو، بەم شێوەیەش پێنج هەزار تۆن گەنم بەرهەم دەهێنرێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی چاندنی بەروبوومی دێمەکار پەیوەستە بە بارانبارینەوە، ئەو ساڵانەی ڕێژەی باران زۆرە، دەبینین بەرهەمە دێمییەکان زیاد دەکات، هەروەها بە هۆی کەمبوونەوەی ڕیژەی بارانبارین و وشکە ساڵی، بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیش بە ڕێژەیەکی بەرچاو دائەبەزێت.

 بەردەوامیی بەرهەمهێنانی گەنم لەگەڵ جێبەجێکردنی ئاودێریی تەواوکەر (تکمیلی)

گەنمی بەرئاو بە شێوەیەکی ئاسایی پێویستی بە حەوت هێندە ئاو هەیە، بەڵام لە ئاودێریی تەواوکەردا بە ٢ قۆناغی ئاودێری دەتوانرێت ڕێژەی بەرهەمەکە لە ٢ تۆنەوە بۆ سێ تۆن و نیو زیاد بکرێت. کاریگەریی ئاودێریی تەواوکەر زیاترە و جووتیار زیاتر سوودمەند دەبێت، ئەگەر بەدوای بەردەوامیی بەرهەمهێنانی گەنمدا بگەڕێین، باشترین چارەسەر بۆ گەیشتن بەو ئامانجە جێبەجێکردنی ئاودێریی تەواوکەرە لە زەوییە دێمەکاندا، کە پێویستییەکی کەمتری بە ئاو هەیە، بۆیە باشترین بژاردە بۆ کەمکردنەوەی وابەستەییی بەروبوومی دێمەکار بە باران، ئاودێریکردنی زەوییە دێمەکان یان جێبەجێکردنی ئاودێریی تەواوکەرە.

 دروێنەی گەنم لە پارێزگای سنە لە ١٠ی پووشپەڕەوە دەست پێ دەکات و تا کۆتاییی مانگی گەلاوێژ بەردەوام دەبێت. بەرهەمهێنانی گەنم لە پارێزگای سنە چالاکییەکە کە لە ڕووی ئابوورییەوە بە تەواوی ڕەوایە. ژمارەی جووتیارانی گەنمی دێم و بەرئاو لە کوردستان ٩٠ هەزار کەسە، کە زیاتر لە %٧٠ی کۆی جووتیارانی کەرتی کشتوکاڵی پارێزگاکەیە و ئەم ئامارە دەریدەخات کە بژێو و داهاتی بەشێکی زۆری جووتیاران لەم پارێزگایەدا پشت بە بەرهەمی گەنم دەبەستێت.

پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ یەک ملیۆن تۆن گەنم لە پارێزگای سنە بەرهەم بهێنرێت. بەرهەمی ستراتیژیی گەنم داهاتی ساڵانەی زیاتر لە پازدهەزار ملیار تمەن (300 ملیۆن دۆلار)ی بۆ ئەم پارێزگایە هەیە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​پیشەی سەرەکییە لە بواری ئابووری گوندنشینی ئەم پارێزگایە. ئەمساڵ حکوومەت هەر کیلۆیەک گەنم بە نرخی ١٥ هەزار تمەن لە جووتیاران دەکڕێت بەڵام بەشێکی بەرچاو لە جووتیاران کە پێویستیان بە پارەی کاش (نەغد) هەیە و ناتوانن چاوەڕێی دانەوەی قەرزی حکوومەت بکەن، بەرهەمەکانیان بە نرخێکی هەرزانتر دەفرۆشن بە دەڵاڵەکان.

KURDŞOP
703 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!