خەڵاتی ساڵانەی "سەید محەممەدی سەفایی"

دەرکەوتنێکی نوێی ناوچەی هەوشار لە بواری هونەرییەوە

 

دوکتور ئازاد موکری

ئەدەبیاتی زارەکی سەرچاوەیەکی گرینگ بۆ پاراستنی زمان و زۆرێک لە داب و ڕەسمە کۆمەڵایەتییەکانە، کە لە چوارچێوەی ئەو ژانرە لە ئەدەبیاتدا پارێزراون. هەموو ئەو نەتەوانەی ئەدەبیاتێکی زارەکیی دەوڵەمەندیان هەیە، زمانێکی بەهێزتر بۆ نووسین و داهێنانیشیان هەیە. بەڵام بەشێکی زۆر لەو نەتەوانەی لە ژێر هێژمۆنی و دەسەڵاتی زمانە سەردەستەکاندا نەیانتوانیوە توانای خۆیان بپارێزن و پەرە بە ئەدەبیاتی خۆیان بدەن و زمانی سەردەستیان کردووەتە دەروازەیەک بۆ گێڕانەوەی نەست و بیرەوەرەییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان، لە ئاکامدا زمانەکەیان لاواز و بەرەو کزی ڕۆیشتووە و لە چوارچێوەی هونەر و ئەدەبیاتی داهێنەرانەشدا دەستیان بەتاڵە.

 بە خۆشییەوە ئەدەبیاتی زارەکیی کوردی یەکێ لە هەرە دەوڵەمەندترین ئەدەبیاتەکانی جیهانە. شاهیدی بۆ دەوڵەمەندبوونی ئەو ئەدەبیاتە، فەرهەنگە چاردە بەرگییەکەی "مامۆستا سەلاحی پایانیانی"یە کە تایبەتە بە ئەدەبیاتی زارەکیی یەکێک لە ناوچەکانی کوردستان واتە "ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان". پایانیانی لەو بەرهەمە مەزن و بە پێزەدا تەواوی پەند و زاراوە و مەتەڵ و مەسەل و دەربڕینە ئاماڵ رستەیی و زمانخەڵەتێنە و کینایە و ئاماژەکانی زمانی کوردی، کە لە ناوچەی موکریاندا باون و لە گۆرانی و حەقایەت و قسەی ئاساییی خەڵکلی قۆزتوونەتەوە، تۆمار دەکا و بۆ هەر کامیان واتا و شێوەی دەکار کردنیشی دیاری دەکا و سەرچاوەیەکی زانستیی زمانیی وا پیکدێنێ کە دەکرێ بگوترێ زمانی کوردی ئاستێک دەباتە ژوور.

  بێجگە لەو بەرهەمە نووسەری بەتوانا "ئەحمەدی بەحری"یش شەش بەرگی لە بەیت و حەیرانەکانی ناوچەی موکریان بە ناوی "گەنجی سەر بە مۆر" کۆ کردووەتەوە کە کۆی بەیت و حەیرانەکانی کوردی دەگرێتەوە  لە نزیک پێنج هەزار لاپەڕەدا بڵاوی کردوونەتەوە. بەڵام بێجگە لەو ئەدەبیاتە زارەکییە کە بواری گێڕانەوە و کۆکردنەوەی وشە و دەستەواژە و زاراوە و پەند و ئەو بابەتانە دەگرێتەوە، هەم کارەکەی مامۆستا سەلاح پایانیانی و هەم بەرهەمە بە پێزەکەی مامۆستا ئەحمەدی بەحری کە بەیتە کوردییەکانی کۆ کردووەتەوە و شەرح و پەراوێزی بۆ نووسیون و سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند و بە ڕاستی گەنجێکی سەربەمۆری زمانیییان تۆمار کردووە، نەتەوەی کورد زۆر سەرچاوەی زارەکیی دیکەی هەیە کە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا بە درێژایی سەدان ساڵی ڕابردوو سینگ بە سینگ و زمان بە زمان هونەرمەندانی کورد پەرەیان پێداون و پاراستوویانن و دەوڵەمەندیان کردوون. یەکێک لەو هونەرمەندانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ڕۆڵی لە پەرەپێدان بە ئەدەبیاتی زارەکی کورد لە بەستێنی مۆسیقادا هەبووە کەسایەتیەکە بە نێوی "محەممەدی ئەحمەدی" کە لە کۆمەڵگادا بە "سەید محەممەدی سەفایی" ناسراوە و لە سەرانسەری کوردستاندا ئەو هونەرمەندە دەناسن. سەید محەممەدی سەفایی لە دایکبووی ساڵی هەزار و نۆسەد و سی و دووی ناوچەی هەوشارە.

ئەو هونەرمەندە لە گوندی "بلووز"ی "سەفاخانە"ی ناوچەی هەوشار لە دایک بووە. لە سەیدەکانی سەفاخانەیە. هەرچەند خوێندەواریی نەبووە، بەڵام بە هۆی هۆگری بە مۆسیقای کوردی لە شەست ساڵ لەمەوبەرەوە گۆرانی و بەستە و مەقامە کوردییەکانی بە شێوەیەکی خۆماڵی تۆمار کردووە. بێجگە لەوە حوزوورێکی چالاکی بووە لە هەموو ناوچەکانی کوردستان و بۆ ڕازاندنەوە و بەڕێوبردنی زۆر کۆڕ و کۆمەڵ و شایی و بۆنەی ناوچەیی و بنەماڵەیی و نەتەوەییەکان، گۆرانییەکانی سەید محەممەدی سەفایی رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە.

بەشێکی هەرە زۆری گۆرانییەکانی سەید محەممەدی سەفایی، تێم و فەزا و ڕیتمیان لە فۆلکلۆر وەرگیراوە و تەنانەت بەشێکی زۆریان هەر شیعر و کەلامی فۆلکلۆرن، بەڵام ئەو هونەرمەندە بە هۆی شێوەی ئیجڕا و شێوازی تایبەتی دەربڕینی گۆرانییەکانەوە لە سەرانسەری کوردستاندا ناسراوە. واتە سەید محەممەد سەفایی لە شێوەی وتنەوەی گۆرانییەکاندا، بە تایبەت ئەو گۆرانییانەی بە گۆرانیی بەزمی یا گۆرانیی شاد ناسراون، شێوازێکی تایبەتی هەبووە کە ئەو شێوازە تایبەتە چ لە دەربڕیندا، چ لە پێشکەشکردندا، کە بە شێوەیەکی پێرفۆرمانس بەڕێوەی بردوون، بووەتە هۆی ئەوەی لایەنگرێکی یەکجار زۆر لە نێو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا بۆ خۆی دەستەبەر بکا.

 جیا لەوەش چەند بەرهەمی بە شێوەی پرۆفیشناڵ لە ڕادیۆکانی وەک ڕادیۆی کرماشان و ڕادیۆی تاران و ڕادیۆی سنە تۆمار کراون. شێوازی تایبەتی سەفایی بووەتە هۆی ئەوەی زۆریەک لە هونەرمەندانی ناسراوی کورد لە بواری مۆسیقادا بایەخ بە کارەکانی بدەن. بۆ وێنە گرووپی ناسراوی "کامکارەکان" لە کاسێتی "کانی سپی"دا یەکیک لە گۆرانییەکانی ئەو هونەرمەندەیان دابەش کردوەوتەوە و دیسان کوتوویانەتەوە.

 سەید محەممەد سەفایی ماوەی سێ ساڵ لە باشووری کوردستان پەڕەوازە بووە و لەوێش لەگەڵ هونەرمەندی گەورەی کورد "حەسەن زیرەک" هاوماڵ و هاونشین بووە. لەو ماوەیەدا زۆر شتی تایبەت لە حەسەن زیرەکیش فێر بووە. پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی بەربڵاوی بووە. تایبەتمەندیی سەرەکیی کارەکانی سەید محەممەدی سەفایی، لادانە لە زۆرێک لە نۆڕمە باوەکانی بەڕێوەبردن و پێشکەشکردنی گۆرانی. تەنانەت کەلامی سەید محەممەدی سەفایی کەلامێکە کە لەگەڵ زۆرێک لە نۆرمەکانی کەلامی مۆسیقای کوردی جیاوازیی هەیە و بە شێوەیەک فەزایەکی ئازادتر بۆ هونەرمەند دەستەبەر کراوە کە بتوانێ گۆرانییەکانی خۆی بە دوور لە کلێشە کۆمەڵایەتییەکان دەرببڕێ.

خەڵاتی سەید محەممەد سەفایی

 بە هۆی کاریگەرییەک کە ئەو هونەرمەندە لەسەر بووژانەوەی هونەری مۆسیقا و فۆلکلۆری ناوچەی هەوشار بوویەتی، لە ڕۆژی سێشەممە  پێنجی بەفرانباری ساڵی هەزار و چوار سەد و دوو  (26/12/2023) لە شاری "تێکاب"ی هەوشار، کۆڕێکی گەورە بەڕێوە چوو کە لەو کۆڕەدا هونەرمەندان و نووسەرانی ئەو شارە بۆ یەکەم جار خەڵاتێکی ساڵانەیان بە نێوی "خەڵاتی سەید محەممەدی سەفایی" پێشکەش کرد. ئەو خەڵاتە ساڵانە دەدرێ بەو هونەرمەندانەی کە لە یەکێک لە بوارەکانی مۆسیقا و هونەر و ئەدەبیات لە ناوچەی هەوشار چالاک بووە. هەر بە بۆنەی ئەو خەڵاتەوە چەند هونەرمەند لە شاری تیکاب بەشێک لە گۆرانییەکانی سەید محەممەدی سەفاییان کوتەوە.

بێجگە لەوە پەیکەرەی سەید محەممەد سەفایی کە لە لایەن هونەرمەندی گەورەی کورد "هادی زیائەدینی"ەوە ساز کرابوو، پەردەی لەسەر لا درا و یەکەم خەڵاتی ساڵانەی سەید محەممەد سەفایی بە "سەید شوکرە" هونەرمەندی بەناوبانگی ناوچەی هەوشار بەخشرا. سەید شوکرە بۆ خۆی یەکێکە لە بەیتبێژانی گەورەی ناوچەی هەوشار. ناسراوترین بەیتێک کە بۆ خۆی سازی کردووە و کوتوویەتی، بەیتی بە ناوبانگی  "عەزیز و کوبڕا"یە. شایانی باسە هونەمەرندانی گەورەی وەک "مەزهەر خالقی"، "ناسر رەزازی"، "نەجمە غوڵامی"، "شاهۆ عەندەلیبی"، "هەژار زەهاوی" و ...پەیامی ڤیدیۆییی خۆیان بۆ ئەو کۆڕە ناردبوو.

 خەڵاتی ساڵانەی سەید محمدی سەفایی مزگێنیی ڕووناکی و درەوشانەوەیەکی سەرلەنوێی هونەر و بەتایبەت هونەری مۆسیقایە لە ناوچەی هەوشار.

KURDŞOP
582 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!