پەیوەندیی نێوان ئایین و مۆسیقای کوردی

ڕۆژان سۆفیزادە

لە کۆمەڵگەکاندا یەکێک لە دەوڵەمەندییە فەرهەنگی و کەلتوورییەکان کە زۆرجار وەک پێناسەی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی ئەو نەتەوەیە دێتە ئەژمار، "مۆسیقا"یە.

لە دونیای پێشکەوتووی ئەمڕۆدا، مۆسیقای خۆیان وەک ئامرازێک بۆ سەلماندنی ناسنامە، ناسینی مێژووی دەوڵەمەند و کۆن و ڕەسەنایەتیی خۆیان بەکار دەهێنن؛ هەر بۆیە دەبینین ساڵانە لە سەرانسەری جیهاندا کەرنەڤاڵ و فێستیڤاڵی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت بۆ ئەوەی هەر وڵات و نەتەوە و کۆمەڵگەیەک کەلتوور و داب و نەریتی خۆیان پیشان بدەن، بە تایبەتی بە سەما و مۆسیقا و جلوبەرگەکانیان، دەوڵەمەندیی فۆلکلۆرەکانیان نیشان بدەن.

نەتەوەی کوردیش کە مێژوویەکی دوورودرێژ و شارستانییەتێکی کۆنی لە ناوچەکەدا هەیە کە بە "میزۆپۆتامیا" ناسراوە و خاوەنی فۆلکلۆری تایبەتی خۆیەتی، زۆرجار لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا بەشداری دەکات و زۆر جاریش لە ئاستی جیهانیدا بەهۆی نیشاندانی کەلتوور، فەرهەنگ، گۆڤەند و مۆسیقای خۆی، پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە.

لە درێژەی ئەم بابەتەدا باس لە دەوڵەمەندی و دێرینیی مۆسیقای کوردی دەکەین. هەندێک سەرچاوە پشتڕاستی دەکەنەوە کە مۆسیقای کوردی لە سەردەمی سەرهەڵدانی شارستانییەت لە میزۆپۆتامیا دەستی پێ کردووە و سەرچاوە و سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی ئایین لە سەردەمی "پێغەمبەر نوح و پێغەمبەر ئیبراهیم و پێغەمبەر سلێمان" هەتا دەگاتە سەردەمی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام، هەروەها لەژێر کاریگەریی ئایینەکانە.

کاتێک دەڵێین ئایین کاریگەریی لەسەر بوون، دروستکردن و گەشەسەندنی مۆسیقا و گۆرانیی کوردی هەبووە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر. لێرەدا مەبەستمان تەنیا ئایینی ئیسلام نییە، بەڵکوو سەرەتای پەیدابوونی مۆسیقای کوردی گرێدراوە بە ئایینی ئاگرپەرستی، ئێزیدایەتی و زەردەشتی و هتد.

ئاواز، ڕیتم و مەقامی بەشێکی مۆسیقای کوردی کە تا ئەمڕۆ پارێزراون و لەگەڵ پەرەسەندنی تەکنیک و مۆدێڕنبوونی ئامێرە مۆسیقییەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و لەنێو نەچوون، وەک ڕەسەنایەتیی دێرینی مۆسیقای کوردی پێناسە دەکرێن، وەک ئامێرەکانی "دەف، دومبەک یان تمبلک، دەهۆڵ، بلوور و ساز و تەمبوور."

دەف - لە بۆنە ئاینییەکاندا دەروێش و سۆفی دەفیان بەکار دەهێنا. گەلی کورد ئەم ئامێرەی بۆ گۆڤەند و دیلان و ئاهەنگەکان بەکار هێناوە.

دومبەک - واتە تەمبلک کە بە بۆنەی شەڕ و هێرش و لەشکرکێشان بەکار دەهێنرا. گەلی کورد ئەم ئامێرەی وەک بەشێک لە ئامێرە موزیکییەکان بەکاری دەهێنا.

دەهۆڵ - دەهۆڵ وەک فەرمان و ئاگادارکردنەوە و کۆکردنەوەی خەڵک لە سەردەمی حاکمە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا و بە تایبەتی لە سەردەمی سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلامدا بەکار دەهێنرا. دەهۆڵ زیاتر بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک بۆ پارشێو لە مانگی ڕەمەزاندا بەکار دەهێنرا. دواتر گەلی کورد وەک یەکێک لە ئامێرە مۆسیقییەکان لە داوەت و کاتە خۆشەکاندا بەکاری دەهێنا.

بلوور – بلوور لە ئێستادا جۆری جیاوازی هەیە و گۆڕدراوە. جۆرەکانی بریتین لە: "بلوور، زوڕنا، باڵەبان، نەی، مەی و دووزلە و هتد." هەر لە سەردەمی ئیبراهیمی پێغەمبەرەوە کە زۆرێک لە پێغەمبەران شوان بوون، بلوور بۆ کۆکردنەوە و لەوەڕاندنی مەڕوماڵات و ئاودێری بەکار دەهێنرا. واتە ببوو بە زمانی لێکتێگەیشتنی نێوان شوان و مەڕوماڵات. پاشان وەک یەکێک لەو ئامێرە مۆسیقییانەی کە تایبەتە بە نەتەوەی کورد بەکار هێنرا و پارێزرا.

ساز و تەمبوور – ئەمە لە سەردەمی ئایینی زەردەشتیاندا بۆ ڕێوڕەسمی ئایینی بەکار هاتووە و وەک یەکێک لە ئامێرە کۆنەکانی مۆسیقای کوردی ناسێنراوە و پارێزراوە و ئەمڕۆ چەندین جۆر ساز و تەمبوور هەیە.

ئەمە بوو پەیوەندیی نێوان ئایین و سەرهەڵدانی ئامێرە مۆسیقییە کوردییەکان کە مێژوویەکی نزیک بە ١٠ هەزار ساڵەیان هەیە.

KURDŞOP
658 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!