فیلمی "جیران" باس لە بیرەوەرییە بە ئازارەکان دەکات

ئاراس حسۆ

زەویی باپیرم نزیک سنوور بوو، ڕۆژێک باپیرم دەستی گرتم و پێکەوە چووینە سەر زەوییەکەی. ئەو، سەوزەی جۆراوجۆری لە کێڵگەکەدا چاند. لە نزیک سنوورەکە خەتێکی "ترێن" هەبوو. سەیری ئەوێم کرد، ترێن بە دەنگی گڕگڕی خۆی لە بەردەمماندا تێپەڕی. لە باپیرم پرسی، ئەو جێ خەتە چییە، پێی گوتم؛

- کوڕەکەم، ئەو بەشەی لای باکوور پێی دەگوترێت سەرخەت و ئێمەش لەژێر خەتەکەداین. هەندێک خزممان لەولا هەیە.

- ئەی ئێمە بۆچی بووین بە دوو پارچە؟

- کوڕی من، ئێمە نە دوو پارچە، بەڵکوو کراوین بە چوار پارچە. ساڵی ١٩٢٣، من بینیم ئەوان هاتنە گوندەکەمانەوە و چییان بەسەرماندا هێنا..

باپیرم نەیدەویست درێژە بەم چیرۆکە بدات. پێشتر فرمێسکەکانی دڵی منیان دەئێشاند و هیچ شتێک نەبوو کە بتوانم بیکەم.

ئەم فیلمە بە ناوی "جیران" لە دەرهێنانی "مانۆ خەلیل"، دەرهێنەری کورد، باسی ئازارەکانی ڕۆژاوای کوردستان دەکات. ئازارەکانی ئەو کوردانەی کە ساڵانێک لەژێر زوڵم و چەوسانەوەی ڕێژیم بەعسدان. ئازاری ژێردەستەیی، زمان، سنوور، نەتەوە و خاک، هەموویان لە ناوەڕۆکی ئەم فیلمەدا ڕەنگیان داوەتەوە. لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لەژێر ناوی سیستەمی "پشتێنەی عەرەبی" و بە مەبەستی تەعریبی ناوچە کوردییەکان، نزیکەی دوو سێ هەزار خێزانی عەرەب هێنران و بە زۆر لە ماڵە کوردەکاندا جێگیر کران. چیرۆکی ئەم فیلمە لە ڕۆژاوای کوردستان، لە شاری قامشلۆ ڕوویداوە، بەڵام لە هەولێر لە باشووری کوردستان دروست کراوە.

کورتەی فیلمەکە:

ناوەڕۆکی فیلمەکە چیرۆکی منداڵێکی کوردی تەمەن شەش ساڵانمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لە گوندێکی نزیک سنووری باکوور و ڕۆژاوای کوردستان لە شاری قامشلۆ دەژی و بنەماڵەکەی لەنێوان دوو دەوڵەتی تورکیا و سووریا دابەش کراون. ئەم فیلمە باس لە پەنجا ساڵ ستەمی ڕێژیمی بەعس دەکات. فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر چەندین خاڵی تایبەت کە بۆ هەر کوردێک پڕە لە ئێش و بیرەوەریی ناخۆش. لەوانە؛ ئەو منداڵەی کە لەسەر قسەکردن بە زمانی کوردی هەر لێدانێکی دەخوارد، لە قوتابخانە بە عەرەبی و لە ماڵەوە بە زمانی کوردی قسەی دەکرد. ئەو سنوورەی کە زەوی، ماڵ، فەرهەنگ، هەست و مرۆڤایەتیی دابەش دەکرد و هاووڵاتییانیش ڕۆژانە بەبێ هیچ تاوان و هۆکارێک لەلایەن سەربازانی تورکیاوە دەکوژران. هەروه‌ها له‌ژێر ناوی "پشتێنی عەره‌بی" و بە هێنانی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی که به زۆر له جێی کوردەکان دادەنران، لە هەوڵی گۆڕینی دێمۆگرافیای ناوچەکە بوون. لەلایەکی ترەوە چیرۆکی جوولەکەکانی سووریا کە ناچار بوون ماڵ و موڵکی خۆیان بەجێ بهێڵن و کۆچ بکەن. ئەوی تریان دەربارەی مامۆستایەکی عەرەبە کە لە پایتەختەوە هاتووە (دیمەشق) و دروشمگەلی "نەتەوەی عەرەب یەکن" و "سووریای ئەسەد" و چەندین دروشمی دیکە بە زۆر دەکاتە مێشکی خوێندکارانەوە.

کاتێک بینەر لە فیلمەکە ورد دەبێتەوە، چەندین هێما و مۆتیڤی سەرنجڕاکێش تێیدا دەردەکەون. کاتێک من و هاوڕێکانم سەیری ئەم فیلمەمان دەکرد، سەیری قامکی خۆمم کرد کە بە لێدانی مامۆستا عەرەبەکەمان شکابوو. تەنیا هەڵەی من ئەوە بوو کە سروودی نەتەوەییی عەرەبیم بە هەڵە گوتەوە و نەمدەزانی چۆن بیخوێنمەوە. ئێستاش ئەوەندەی لەبیرمە، قوتابخانە نەبوو، بەڵکوو زیندان بوو. بەڵام کە وانەیان پێ دەگوتینەوە، دەیانگوت کە هیچ وڵاتێکی دێمۆکرات و مرۆڤدۆست وەک سووریا نییە! ئەو شتەی زۆر ئازاری دەدام، بەشێک لەو کەسانە، لە کوردەکان بوون. بە زۆر دەیان سروودی شۆڤێنییان خستە نێو مێشکمانەوە. ئەمڕۆ دەمەوێت ئەو سروودانە لە مێشکم فڕێ بدەم، بەڵام بەداخەوە ناتوانم.

"مانۆ خەلیل"، دەرهێنەری فیلمی "جیران"

ئەم فیلمە لە دەیان فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا بەشداریی کردووە؛ شایانی باسە کە دەرهێنەری کورد "مانۆ خەلیل" تەنیا بۆ ئەم فیلمە دەیان خەڵاتی وەرگرتووە.

 

KURDŞOP
879 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!