دەنگ- بێژ یانیش دەنگ- بەس

سەرتان نەیەشێنم، وڵامی هەر سێ پرسیارەکە دەدەمەوە. ئەمڕۆ شاکرۆ لە هەموو دەنگبێژەکانمان زیندووترە، یان ئەوان لە "شاکرۆ" مردووترن.

ڕێزان دڵژەن

بە زمان و ناوەڕۆکی خۆی لە خاکی کورداندا وشەی ئافراند، ژیانی پاک و ڕەگداکوتاوی کورد پیشان دەدات." (Albert Socin)

ئەگەر سەیری فۆلکلۆری کوردان بکەین، یەکێک لە جیاوازییە گەورەکانی نێوان ئێمە و گەلانی دیکە "دەنگبێژی"یە. هەزاران ساڵە لە مێژووی خۆمان، شەڕەکانمان - چ لەگەڵ دەوڵەتەکان بێت یان لە ناوخۆدا-، خۆشەویستییەکانمان، سەرهەڵدانەکانمان، چیرۆک و مەتەڵەکانمان بە یارمەتیی دەنگبێژی پاراستووە و گەیاندوومانەتە ئەمڕۆ. پرسیاری یەکەم: بەڵێ ئێمە شەڕەکانی ڕابردوو و سەهەڵدانی ڕابردوو و داهاتوومان گەیاندووەتە ئەمڕۆ، بەڵام ئایا ئەمڕۆ بە سبەیەوە دەبەستینەوە؟

ئافراندنەکانی دەنگبێژان

چەندین ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەی "ڕەشکۆتان"، مێرخاسێک بە ناوی "فلیتی قوتۆ" کوژرا. "کاراپێتی خاچۆ، ڕەسۆ، حوسەینۆ، هۆزان ئایدن، ساڵحی قوبینی، دەنگبێژ زاهرۆ" و چەندین دەنگبێژی دیکە لەسەر ئەم بابەتە گۆرانییان گوتووە. کچێکی جوان هەیە بە ناوی "تێلی"، لەبارەی ئەم کچە "حسەینی فارێ، شاکرۆ و مرادی کنێ" و چەندین دەنگبێژی تر گۆرانییان گوتووە. لەسەر "سیابەند و خەجێ، سەیرێ و عەلی مامەد، کەکێ خیاسەدین، بشار چەتۆ و عەلی یوونس" و چەندین چیرۆکی دیکە، گۆرانی گوتراوە. تا ئێستا بیرت لەوە کردووەتەوە کە بۆچی دەنگبێژەکانمان ئەمڕۆ ناتوانن یەک وشە لەسەر چیرۆکەکانمان بڵێن؟ ئایا کورد شەڕ دەکات، یەکتری خۆش دەوێت، ڕادەپەڕیت؟ چەند کەلاممان هەیە لەسەر شەڕی کۆبانی، لەسەر سووتاندنی گوندەکان؟ بۆ نموونە ساڵی ڕابردوو لە "بسمیل" لەسەر زەوی شەڕ هاتە ئاراوە و نۆ کەس گیانیان لەدەست دا. مەبەستم ئەوەیە ئەگەر ئەم شەڕە سەد ساڵ لەمەوبەر ڕوویدابا، ئێمە چەندین گۆرانیمان لەسەر ئەم شەڕانە هەبوو. بەڵام ئێستا تەنانەت ساڵێکیشی بەسەردا تێنەپەڕیوە کە فەرامۆش کراوە.

گرینگیی دەنگبێژی لێرەدا دیارە. دراوسێیەکی دەنگبێژم هەبوو، هەمیشە کەلامەکانی "مراد کنێ"ی دەگوتەوە، باسیشی دەکرد. جارێکیان گوتی: "ڕێزان گیان! ئەگەر مرادۆ کچێکی جوانی بینیبا کە دەچێتە سەر کانی، دەیتوانی دە کەلامی لەسەر بڵێت." چونکە دەنگبێژ لە هەمان کاتدا شاعیر و ئافرێنەریشن. هەر بۆیە پێویستە زمانەکەیان سووک، پاک، ڕوون بێت، تاکوو بتوانن هێمای باش بە هەمان شێوەی شاعیرەکان، بخولقێنن؛ لە ڕاستیدا دەنگبێژەکان لە ئەدەبیاتی ئێمەدا زۆرجار هێما باشترەکان دەخولقێنن.

نموونەیەکی باشی داهێنان، لە کەلامەکانی میرزا ئاغای ڕندکی مرادۆ: "پا ئاخا یەکا چاوا یا ئێدی. یەکا سەربزێرا، کۆفیکێلا، ئاورشەواتا، کێماستەشیرا، نازکا خوینشێرینا، نازەلینا، سەرێ وێ سێسەد و چل و چار کەزی نا. سەرێ کەزیا باقوود و زەمروود و پۆڕەنگێ باژاری نا. ت دبێ یا خالیقۆ تە مووم و ئاڤا زیڤ و زێر دە هلانینا."

نموونەیەکی دیکە لە کەلامی "ئمی گۆزێ"ی "حوسەینۆ":

"گۆزێ ب سێ دەنگا بانگ دکە دبێ ئەمۆ لاوۆ تو لێ خە

بەشەرا باڤێ منۆ تو لێ خە

چەپلدرێژۆ تو لێ خێ

ناڤملپانۆ تو لێ خێ

هەلهەل پۆزبەرانۆ دە تو لێ خە

لاوۆ ناڤێ رەڤێ ناڤەکی خرابە

تو جاری ب دوو بەرخێ مالا دیبۆ مەخە

شیرێ م ل تە هەرام بە لاوۆ ئەمەگا م ل تە هەرام بە"

پرسیاری دووەم: ئایا ئەگەری ئەوە هەیە داهێنەری دەنگبێژەکانمان لەنێو چووبێت؟

دەنگبێژیی مۆدێڕن مومکینە؟

بە بڕوای من، هەروەک چۆن کولتووری زارەکی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کولتووری نووسراو هەبووە، ئەمڕۆش کولتووری نووسراو پێویستە کاریگەری لەسەر کولتووری زارەکی هەبێت، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکەی نێوانیان بەهێزتر بێت و ڕێگای مۆدێڕنیزمی دەنگبێژی و هەموو ئەو شتانەی کە گرینگن، بکرێتەوە. وەک چۆن ئەدەبیاتی کلاسیک و مۆدێڕن هەیە، پێویستە لە دەنگبێژیشدا وەها بێت. ئاخر ناتوانین بە شەڕ و سەرهەڵدان و خۆشەویستیی سەد ساڵ لەمەوبەر ئەم کولتوورە زیندوو ڕابگرین. پێویستە ناوەڕۆکەکەی مۆدێڕن بکەین. هەرچەندە لە ڕۆژاوا لە سایەی "مەحموود بەرازی"دا هەندێک هەوڵدان هەیە، بەڵام بەس نییە. کەلامی "سوارۆ" نموونەیەکی باشە، لە ڕووی دەنگ و ڕەنگەوە، لە ڕووی زمان و لە ڕووی داهێنانەوە.

"ئەی لۆ سوارۆ ما تو بوو ستێرا ڤا ئەگیدا ئێئێێئێ

شەفاقێ خوە دابوو شەلیتێ کونێ مەزن، زەراقێ دابوو کۆنان و ڤا چیتا خوەشمێر مالا بابێ من نەمانە لەوما قەلسەمێر هەسپێ وان ددە بەر جدیدا ل منێ

ئەی لا هایێ سەد جار ل من هایێ سێ سەد قەدا و بەلا بکەڤە تۆر و بەختێ ڤێ دنیایێ ئێئێ یەمان"

پێویستە دامەزراوەی دەنگبێژیمان هەبێت، ئەکادیمیای دەنگبێژیمان هەبێت، لەوێ فێری داهێنان بکەن، دەنگەکانیان ڕابهێنن، خوێندکارانیش لە شیعر تێبگەن، ئاگاداری ئۆپێرا و جاز بن. ئایا ئەو کاتە دەنگێکی مۆدێڕن دەبێت؟ پرسیاری سێیەم: ئایا پێویستمان بە شۆڕشێکی دەنگبێژیی مۆدێڕن هەیە، ئەگەر شۆڕشێکی لەو شێوەیە ڕوو بدات، ئایا ئەدەبیاتی نووسراو بە قەد ئەدەبیاتی زارەکی سوودی لێ وەرناگرێت؟

سەرتان نەیەشێنم، وڵامی هەر سێ پرسیارەکە دەدەمەوە. ئەمڕۆ "شاکرۆ" لە هەموو دەنگبێژەکانمان زیندووترە، یان ئەوان لە شاکرۆ مردووترن.

سەرچاوەکان:

١. دەنگبێژ حوسەینۆ، نووبهار، ٢٠٢١.

٢. https://youtu.be/Vjpylh5DKpc?si=fditDMa5ipSY6Xz4

٣. Eugen Prym und Albert Socin, Kurdische Sammlungen / Erzählungen und Lieder, St Petersbûrg 1890.

٤. https://youtu.be/9aRR-22k57I?si=28BO64k-uCx71uxT

 

KURDŞOP
788 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!