پێشانگەی گۆڤەندی ڕەنگەکانی عەبدولموتەلیب گەردی

ئێستا تامەزرۆی باقیی تابلۆکانی عەبدولموتەلیب گەردی دەکەم و دەپرسم: ئایا هونەر ئەو شتانەی کە ئێمە لە شارەکاندا ونمان کردوون، دیسان پێمان دەداتەوە؟

وەلات ڕامین‌ئازاد

کۆنسێرت، پانێل، وتووێژ، سەمپۆزیۆم، شانۆ و سینەما نا، لە ئامەد، زیاتر لە هەموو شتێک، سەردانکردنی پێشانگای هونەری دڵخۆشم دەکات. لە ئامەد چەنادین دامەزراوە و شوێن هەن کە پێشانگای هونەری مۆدێڕن و هاوچەرخ بەڕێوە دەبەن. بەگوێرەی چالاکبوون، "ڕدڤان کودای گەلەری، ئاتۆلییەی ئەی٤ سانات، مەرکەزکاچ کۆلەکتف مەکان، کۆشکی زەرڤەزان و شارەوانیی شاری گەورەی ئامەد"، سەرەکیترینیانن.

بەڕاستی لە ئامەد حەزم دەکرد بچمە پێشانگای هونەرمەندێک یان هونەرمەندانی پارچەکانی تری وڵات. بەڵام تا ئێستا لەم شارەدا هیچ پێشانگایەکی هونەرمەندانی ڕۆژهەڵات، باشوور و ڕۆژاوام نەدیتووە. هەواڵێکم بینی؛ هونەرمەندێکی خەڵکی هەولێر پێشانگایەکی نیگارکێشانی لە ئامەد کردووەتەوە. چۆن دەتوانرێت دامەزراوەیەکی هونەری دابمەزرێت کە پێشانگای هونەرمەندانی پارچەکانی دیکەی وڵات لە ئامەد بکاتەوە؟

لە کۆمەڵەی چاند و هونەری دیجلە، لە ڕۆژانی ٤ بۆ ٨ی تەشرینی یەکەمدا، هەشتەمین پێشانگای عەبدولموتەلیب گەردی، بەڕێوە چوو.

عەبدولموتەلیب گەردی لە تابلۆکانیدا تیشکی خستووەتە سەر ئازارەکانی ژنان. لە هەر تابلۆیەکدا ڕووخسارێک پیشان دەدات، ڕوویەکی دیکەی ئازاری ژنان پیشان دەدات. لە تابلۆکانیدا لایەنێکی دیکە هەیە کە لە فۆکووس زیاتر خۆی نیشان دەدات، ئەویش ئاهەنگی ڕەنگەکانە. زیاتر لە ئاهەنگی ڕەنگەکانیش، حەز دەکەم وەک "گۆڤەندی ڕەنگەکان" پێناسەی بکەم.

لە گۆڤەند و ئاهەنگدا، جیاوازیی گەورە هەیە. جیاوازیی ئاهەنگ و گۆڤەند ئەمەیە: لە گۆڤەندا ئاهەنگ هەیە، بەڵام لە ئاهەنگدا گۆڤەند نییە. ئاهەنگ تایبەتمەندییەکی سەرەکیی گۆڤەندە. لە گۆڤەنددا هەر کەسێک بە جیاوازییەکانی خۆیەوە ئامادەیە، هیچ کەسێک ناچار نییە یەک ئایدۆلۆژیا بپارێزێت، باوەڕی بە یەک ئایین هەبێت، هەمان شتەکانی خۆش بوێت. بەڵام لەنێوان ئەم جیاوازییانەدا کۆنتراستێک هەیە. ئەمەش بە ئاهەنگ دروست دەبێت. بەهۆی ئەوەوە تەنیا پێناسەکردن یان ناونانی ئاهەنگی ڕەنگەکان لە زۆر ڕووەوە کەمی هەیە.

لە گۆڤەنددا لە زۆر لایەنەوە شتی دژ/ زد/ جیاواز هەن. لە گۆڤەنددا جووڵە، وزە، ڕیتم، خۆشی، شادی، جۆش، شایی، خۆششتن لە هەستەکانی وەک ئازار، خەم، ئازار، خەم، ترس، دڵەڕاوکێ و نیگەرانی هەن. بۆیە گۆڤەند کاتارسیسە، خەمڕەوێنە. تابلۆکانی عەبدولموتەلیب گەردی هەموو ئەمانەیان تێدایە.

ڕەنگەکان لە تابلۆکانیدا هەڵدەپەڕین؛ گۆڤەندی ڕەنگەکانی دژ/ زد. هەستی سەرخۆشبوونی دەبەخشی. گۆڤەندی ڕەنگەکانی سەرخۆشی دەکردم، ششتن و پاککردنەوەیەکی لە هۆش و ڕۆحی مندا دروست کرد.

هەروەها لە تابلۆکانیدا ناکۆکییەک هەبوو. لە گۆڤەندی ڕەنگەکاندا ژنەکان بە ئازار و نیگەران و و خەمگین بوون. ڕەنگە مامۆستا عەبدولموتەلیب ئەم ناکۆکییە بەم شێوەیە ڕوون بکاتەوە: تەنانەت ئەگەر ژنێک ئازاریش بچێژێت، ژیانی هەر ڕەنگینە.

ئایا لە گۆڤەندی ڕەنگەکاندا حاڵی خۆشبەختی و بەختەوەریی ژن هەیە؟ ئەگەر نیگاری ژنی شاد، دڵخۆش، بەجۆش، بەکەیف، شۆخ و شەنگ بکێشرایەت، ئەوکات تابلۆکان چۆن دەبوون؟ ئایا ئاستی هونەریی تابلۆکان گەش و بەرز دەبێت یان نزم و قەڵس؟ بۆچی هەمیشە ژن و ئازار بەیەکەوە دەبەستینەوە؟ ئایا لە ئافرەتی دڵخۆش و بەختەوەر دەترسین؟ پێویستە ئەم هێمای ژنانە لە هونەردا بگۆڕدرێت.

بۆ من پێوەرێک بۆ تابلۆی گەش و بەرز هەیە: مرۆڤ دەبێ لە سەیرکردنی تابلۆ تێر نەبێت، چەندین کاتژمێر سەیری بکات. تەنانەت لە دڵەوە، لە ڕۆحەوە و لە چاوەوە سەیری بکات. هەندێک جار دەچمە پێشانگایەک، لە پانزە خولەکدا خەلاسی دەکەم و تێر دەبم؛ بەڵام هەندێک جار تابلۆکان ڕێگەم پێ نادەن پێشانگاکە بەجێ بهێڵم، بەڵکوو سەیرم دەکەن. ئەمەش لە پێشانگای عەبدولموتەلیب گەردیشدا وەها بوو. هەندێک تابلۆی هەبوون کە من لێیان تێر نەبووم، ئێستاش بیریان دەکەم.

بۆ من نیگار، ڕەنگە. هەروەها نیگارکێش شارەزا، زانا و وەستای ڕەنگەکانە. نیگارکێش هونەرمەندی ڕەنگەکانە، ڕۆحیان دەزانێت، دەروونناسییان و ئاهەنگیان دەزانێت. نیگارکێش دەتوانێت ئەو ڕەنگانە کۆ بکاتەوە کە زۆرترین دژایەتییان پێکەوە هەیە و وایان لێ بکات گۆڤەند بکەن. نەتەنیا بۆ نیگارکێش، بۆ دیزاینکار، دەکۆراتۆر، مێعمار و وێنەگریش هەروایە... دروستکردنی ئاهەنگی ڕەنگەکان لە نیگارکێشاندا زەحمەتە، پێویستی بە شارەزایی هەیە؛ بەڵام دروستکردنی گۆڤەندی ڕەنگەکان لەوەش قورسترە. شارەزایی و ڕۆحی هونەریی دەوێت. عەبدولموتەلیب گەردی لە نیگارکێشیدا بەو ئاستە گەیشتووە.

پێش ئەوەی بچینە نێو شارەکان، لە گوندەکان و لە ژیانی کۆچەریی ئێمە کورداندا، کولتووری جلوبەرگ و فەڕش و لحێفمان زۆر ڕەنگاوڕەنگ بوو. لە کولتووری بینراوی ئێمەدا گۆڤەندی ڕەنگەکان هەبوو. بۆ نموونە ئەمڕۆ لە جزیر، لە جولەمێرگ، ئەو گۆڤەندی ڕەنگانە نەماوە. لە ساڵی ٢٠١٦ لە هەورامان بە چاوی خۆم گۆڤەندی ڕەنگەکانم بینی. بەڵام لە شارەکاندا جلوبەرگەکانمان زۆرتر ڕەش و بێمانایە.

ئێستا تامەزرۆی باقیی تابلۆکانی عەبدولموتەلیب گەردی دەکەم و دەپرسم: ئایا هونەر ئەو شتانەی کە ئێمە لە شارەکاندا ونمان کردوون، دیسان پێمان دەداتەوە؟

 

KURDŞOP
800 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!