گۆرانیی زەمبیل فرۆش و پێگەی جیاوازی ژنی کورد

 

 - ئاڵا بۆکان

 

دەقی گۆرانیی «زەمبیل فرۆش» کە لە لایەن هونەرمەندی مەزنی کورد شڤان پەروەرە کوتراوە، وەک دەقێکی شاز، تایبەتمەندیگەلێکی تێدایە کە لە دەقی ئۆپێرا نزیکی دەکاتەوە. وەک چۆن لە ئۆپێرادا کەسایەتییەکان پێکەوە شانۆیەک وێڕای ئاواز بەڕێوە دەبەن، لەو دەقەشدا هەر بەو جۆرە دوو کەسی بوێژی ناو دەق شانۆیەکی سەیر پێک دێنن کە بێجگە لەوەش، زۆر خاڵی گرینگی تێدایە کە دەتوانێ زۆر شت سەبارەت بە کۆمەڵگای کوردی و شێوەی بیر و باوەڕی خەڵکی کورد لە هەمبەر کەسایەتیی ژن، جوانی، پاکی، دروستی و بنەماڵەی تێدایە.

ئەگەر لە چەمکی «ژن» ڕا دەست پێ بکەین، تا ڕادەیەکی زۆر دەتوانین واتای فێمینیزمی ئێگزیستانسیال لەو گۆرانییەدا ببینین. سیمۆن دۆبووار، فەیلەسووفی بەنێوبانگی چاخی بیستەم، لە کتێبی «ڕەگەزی دووەم»دا وا باس دەکا کە مرۆڤ لە واتای ئێگزیستانسیالدا ئازادە و بۆخۆیەتی کە چارەنووسی خۆی هەڵدەبژێرێ و ڕوو لە گەشە دەکا و کەس چارەنووسی ئەو نانووسێ و بۆی نییە بۆی دیاری بکا کە ئەرکی ئەو لە کۆمەڵگادا دەبێ چ بێ و نابێ چ بێ. بە سەرنجدان بەوەی ژنیش وەک پیاو ڕەگەزی مرۆڤە، دۆبووار بەو ئامانجە دەگا کە ژنیش وەک پیاو، واتایەکی ڕوو لە گەشەی هەیە و ناتوانین بڵێین واتایەکی چەقبەستوو یان داخراو و نەزۆکە.

لە پەیوەندی لەگەڵ دەقی گۆرانیی «زەمبیل فرۆش»دا، ئێمە ڕێک ئەو شتە لە کۆمەڵگای کوردیدا دەبینین. دەتوانین لەو گۆرانییەدا ببینین ئێستریۆتایپی کۆنی ئەوەی «هەمیشە پیاو دەبێ ئەو کەسە بێت کە بەشی ئەکتیڤی پەیوەندییەکی عاشقانە بێت و ژن تەنیا لایەنی مونفەعیلی پەیوەندییەکە بێت» و نەتوانێ ئەو کەسە بێت بکەری ڕووداو یان دەسپێکێکی ئاشقانە بێ، زۆر بە ئاسانی لەو گۆرانییەدا وەلا دەنرێت و ئێمە دەبینین کە کیژەکە بە بوێری بە بێ ئەوەی هەست بە شەرم بکا، کە باسی هەست و بیر و باوەڕ و تەنانەت جوانیی ڕوخسار و لەش ولاری ژنانەی خۆی دەکا، باسی ئەڤینداریی خۆی بۆ کابرای زەمبیل فرۆش دەکا و ڕۆڵێکی ئەکتیوی هەیە و تەنانەت چەند جاری لێ دووپات دەکاتەوە وکاتێکیش دەزانێ هەژماری جووانیەکانی بۆ هێنانە ڕێی زەمبیل فرۆش بەس نییە، دەسەڵاتی ئابووریی خۆی و تواناییی عاتیفیی خۆی (بدەم تە گولیێ حەریرە) وەکار دەخا و لە کۆتایی کۆپلەکاندا بەردەوام دووپات دەکاتەوە کە «ئەز ئەڤیندارم» و ئەوەش شاندەری ئەوەیە کە حەول دەدا ڕێز لە ئەوینەکەی بگیرێ.

هەروەها خاڵێکی زۆر گرینگتر کە لەو گۆرانییەدا، سەبارەت بە شێوەی باس کردنی خۆشەویستی لە لالەین ژنەکەوە دەیبینین، شتێکە بە نێوی "پلات تویست"ە (بە زمانی ئێنگلیسی  plot twist). بۆ وێنە لە ئەدەبیاتی فۆلکلوری ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتیدا ژمارەیەکی زۆر چیرۆک دەبینین کە تەکووزیی سیندرلایی تێیاندا زاڵە. بەو مانایە کە چ لە فۆڵکوری ڕۆژئاواییدا ئێمە سیندرلایەک دەبینین کە بە هۆی ئەڤین و لە کۆتاییدا زەماوەند، دەتووانێ بە بارودۆخی باشی کۆمەڵایەتی و ئابووری بگات و چ لە فۆلکۆری ڕۆژهەڵاتی وەک «دەنکە هەنارە» کە چیرۆکێکی فۆلکلۆریکی کوردییە، هەمان شت دەتوانین ببینین، کە ژن تەنیا بە زەماوەند دەتوانێ بە بارودۆخی باشی کۆمەڵایەتی و ئابووری بگات. کە وا بوو، ئەو شێوە فۆلکلۆرە کە تێیدا یەک واتا و ڕووداوگەلێکی وەکوو یەکتر دووپات دەبێتەوە، دەبێتە پلات(plot) و ئەوەیکە ئێمە ببینین ئەو واتایە بە پێچەوانەی باو، لە کارێکی هۆنەریدا ئاڵوگۆڕی بەسەر دێت، دەبێتە «پلات تویست». لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو گۆرانییەدا ئێمە دەتوانین ببینین کە پلاتی سیندرلا و ئەوەیکە هەمیشە پیاو دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ژنەکەی، تووشی ئاڵوگۆڕ دەبێت و خاتوونی نێو دەقی زەمبیلفرۆش شانازی بە پلەی ئابووریی خۆیەوە دەکا و وەک ئامرازێک بۆ ئامانجەکەی کە ئەڤینداربوون بە زەمبیلفرۆشە، بەکاری دێنێ. تەنانەت ئیدعای ئەوەی هەیە کە دەتووانێ وەک ژنێک ژیانی پیاوێک بە ئەڤین و زەماوەند بگۆڕێت و پلەی سەرتری پێ ببەخشێت؛ نەک ئەوەی ببێتە ئەو سیندرلایەی پلەی سەرتری پێ دەبەخشرێ. بە واتایەکی تر، دەتوانین ژنێکی کورد لەو گۆرانییەدا ببینین کە هەم بۆخۆی بەهێزە و هەرچەند ئەو هێزە لە لایەن «میر»ی باوک یان برایەوە بووبێ، ئەو بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێ کە لەو هێزە ڕەوایە هێز بە ئەڤینە هەژارەکەی ببەخشێ.

جا ئەمجار ئەگەر بێینە سەر هەڵسوکەوتی پیاوی زەمبیل فرۆش لەگەڵ خاتوونەکە، دەبینین پیاوی زەمبیل فرۆشیش وەک پیاوێکی کورد سەرەڕای ئەوەی جوانی و عاتفە و شکۆی سامانی خاتوون باوەڕی پتەوی ئەو ناپچڕێنێ، خۆشەویستیی خاتوونەکە وەرناگرێ، لەولاشەوە سووکایەتی بە خاتوونەکە و خواست و جوانییەکانی ناکا و زۆریش بە حورمەت و ڕێزەوە باسی جوانییەکانی دەکات و هەموو جارێ لە سەرەتای کۆپلەکاندا تەواو دەیلاوێنێتەوە: «خاتوونێ چاڤ زەیتوونێ، خاتوونێ گەردن بەموورێ... »

تەنانەت ئەگەر وەریش نەگێرێ، ئەوبەشە لە دەقەکەش دەتوانێ نیشان بدا کە لە کەلتووری کوردیدا سووکایەتی بە ئەڤینداری ژنان کارێکی نەشیاو بووە و ئەگەر کەسێک نەیهەوێ ئەو پێشنیارە وەرگرێ، نابێ سووکایەتی بکا و دەبێ بە ڕێزەوە وڵامی کیژی ئاشق بداتەوە.

 

هۆکاری زەمبیلفرۆش بۆ وەرنەگرتنی ئەڤینی خاتوون، لەسەرەتادا تۆبەکار بوونە. واتە ئەو بڕیارەی لەگەڵ خوداوەندی خۆی بەستوویەتی، کە لە ئاکامدا بە کوتنی ڕستەی «تۆبەدارێ زەردەشتێ کالم» لێمان دەردەکەوێ کە بڕوایەکی دێرینی کەونارایی هەیە و ئەویش ئایینی زەردەشتیە.

زەردەشت کە بیرمەندی دێرینی جوگرافیای کوردییە، سێ پێوەر بۆ مرۆڤی ڕزگاری ئەو جیهانە  دیاری دەکا: «بیری چاک، وتەی چاک، کردەوەی چاک».

زەردەشت لە فەرهەنگی کوردی و ئێرانی و تەنانەت جیهانیدا سیمبولی هزر و ڕەوشت و خوو و خدەی چاکە، بە جۆرێک کە هزری ئەو لەسەر کەسایەتییەکی وەک نیچە، فەیلەسووفی بە ناوبانگی ئاڵمان شوێندانەر بووە و نیچە لە کتێبی «ئاوەهای کوت زەردەشت» بڕوا و وتەی خۆی لە زمانی زەردەشتەوە بەیان دەکات. بەو جۆرە دەکرێ بگوترێ زەردەشت و ئایینەکەی بۆ کەونارا پاوان ناکرێ و تا هەمیشە دەکوترێ و دەبیسرێ و شوێن دادەنێ؛ تەنانەت لە بەرزتری ئاستە فەلسەفییەکانی باودا و لە زەمەنەکانی دوور و نزیک.

لە دەقی زەمبیل فرۆشدا دەبینین دەروێشی تۆبەکار سەرەڕای ئەوەی ژنێکی جوان بە ئەڤینێکی بەتینەوە هاتووەتە سەر ڕێی، بەڵام ئەوە نابێتە هۆکاری ئەوەی وەک شێخی سەنعان کەسایەتیی بڕوامەندی خۆی وەلا بنێ و سەرەڕای ئەوەی جوانییەکانی ستایش دەکا و پلەکەی وەک کچی میر و سەرتەخت بۆ دەسەلمێنێ، پەیمانی خۆی لە گەڵ هێزی ئاهوورایی ناپچڕێنێ و لای وایە دەبێ لە نێوان ئەو ئەوینە ڕازاوەیە و  بڕوامەند بوون بە چاکی و پاکی، دووهەمیان هەڵبژێرێ. تەنانەت کاتێ وا هەست دەکا کە خاتوون واز ناهێنێ و هەر وا سوورە لە سەر  گرێبەستی پەیوەندییەکی ئەڤیندارانە، ئەوجار زەمبیلفرۆش وەبیر ئەرکی بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتیی خۆی دەکەوێتەوە و بە خاتوون دەڵێ ژن و منداڵی ڕووت و ڕەجاڵی هەیە و کابانێتیی ئاوەها بنەماڵەیەکی چەتوون بۆ خاتوونێک کە لە بورجدا دەژی، شیاو نییە و ناگونجێ و تەراز نیە کە ئەوەش شاندەری ئاگادار بوون لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و چۆنیەتیی شوێندانانیان لە ژیانی هاوبەشیدایە .

زەمبیلفرۆش لە کۆتاییدا پەیمانە ئەهووراییەکەی و ئەرکی بنەماڵەییەکەی هەڵدەبژێرێ. چون لە ئایینی زەردەشتدا کە تا سەدەگەلێکی دوور و درێژ لە چاندی کوردیدا  یەکجار بەرین بووە، بنەماڵە ناوەندیکی  پیرۆزە و ماڵێک مناڵی تێدا نەبا، ئاوری تێدا هەڵنەدەکرا و ژن و مێردی ئەو جۆرە ماڵانە بە «وەجاغ کوێر» لە قەڵەم دەدران. واتە وەجاغی ماڵێ یان لە ئاوری پڕ شکۆی ئەهوورا کە منداڵە، بێبەشە. بنەماڵە لە ئایینی زەردەشتدا پیرۆزە وپشتیوانی و کارکردن بۆ دابینکردنی بەشێک بووە لە ئایینی زەمبیلفرۆش. تەنانەت عەشقێکی نوێ و ڕازاوەش ناتووانێ ئەو ڕێزە و پیرۆزییە لەناو بەرێ. بۆیە زەمبیل فرۆشیش ئیماندارە بەو پاراستنە و لە ئاکامدا سەرەڕای ڕێزگرتن لە جوانی و پلەی کۆمەڵایەتی و هەستی خاتوون، بە ناڕەوایی دڵی ناشکێنێ و تەنیا حەول دەدا کە هۆکارەکانی وەرنەگرتنی ئەو ئەوینەی بۆ ڕوون کاتەوە و وێڕای ئەوەی دڵێکی لە لای خاتوونی چاو زەیتوونی گەردن بە موروو بووە، پەیمانی ئەهووراییی کوردانە ناشکێنێ و پێبەندی ئەرک و باوەڕی ئایینی و کۆمەڵایەتیی خۆی دەمێنێتەوە و بەبێ سووکایەتی کردن بە کیژی ئاشق، ئەو ڕاستەقینەیەی بڕوای پێیەتی دەیپارێزێ.

 

دەق: زەمبیل فرۆش

دەنگ: شڤان و گولستان پەروەر

 

چاڤێ من مینا ئەینانێن

بسکێ من مینا قەیتانێن

دیرانێ من مینا مەرجانێن

هەنیا من مینا فەرشانێن

بەرێ من مینا فێنجانێن، فینجانێن مێر و پاشانێ

سینگا من مینا زۆزانێ، زۆزانێ هەفت عەشیرانێ

 

زەمبیل فرۆش!لاوکێ دەروێش! لێی بکە کەیف و سەیرانێ

 

زەمبیل فرۆش! لاوکێ دەروێشە! کەرەم کە تۆ وەرە پێشە

حەقێ زەمبیلا خوە ببێژە

لاوکۆ ! ئەز ئەڤیندارم

 

لێ لێ لێ لێ لێ لێ خاتوونێ 

چاڤێن تە مینا زەیتوونێ

دەترسێم ژ ئاگرێ ئیتوونێ

یا خاتوون ئەز تۆبە کارم..

تۆبە دارێ خالقێ جەبارم

سەر تۆبە خوە ئەز نایەم خووارێ

 

زەمبیل فرۆش ! لاوکێ فەقیرە،

وەرە سەر دۆشەکا میرە

بدەم تە گولێن حەریرە

لاوکۆ ئەز ئەڤیندارم

 

تۆ خاتوونێ ل برج و ئەیوانێی

تۆ ل سەر تەخت و ل سەر سەرانێی

تۆ ژ من ڕا نابییێ کابانێ

خوەدی زارۆک و عەیالم

زارۆک تەزی و برچی لە مالێن

خاتوونێ ئەز …

 

 

زەمبیل فرۆش! لاوکێ نەناسێ

تەنا دەرپێ و کراسێ

تۆ ژ دەستێم نابێ خەلاسێ

لاوکۆ..

 

خاتوونا گەردن بە مۆرێ

قەت نابێ بە کوتەک و زۆری

ترسا من ژ وە ڕەببی ژووری

خاتوونێ وەز تۆبەدارم

تۆبەدارێ زەردەشتێ کالم

ژ سەر تۆبە خوە قەت نایەم خووارێ

KURDŞOP
762 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!