کوردشۆپ- پەرڤین چاکار، هونەرمەندی بەناوبانگی کورد ڕایگەیاند کە دەستبەرداری مۆسیقای کوردی دەبێت.
پەرڤین چاکار، هونەرمەندی ئۆپێرای خەڵکی مێردین، بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی دا و ڕایگەیاند: "ئەو مۆسیقایەی کە من پێشکەشی دەکەم، گوێی لێ ناگیردرێت. بەو جۆرەی کە من دەمەوێت، ناتوانم بەرهەمی پێویست و پشتیوانیی پێویست بەدەست بهێنم. زۆر جاریش خراپ سەیری دەکرێت. لەم دواییانەدا هەموو ئەو ڕووداوانەی ڕوویان دا، کاریگەرییان لەسەر من هەبوو. پاڵنەرەکانی منی تێک دا. خۆم لە شەڕ و تێکۆشانێکی گەورەدا بینییەوە. بەڵام مۆسیقا ڕۆح ئارام دەکاتەوە. کارێک بۆ جێبەجێکردن نەماوە. کۆتایی ڕێگاکە ڕوون بوو. هەموویان قەبووڵ دەکەم و واز لە مۆسیقای کوردی دێنم".
پەرڤین چاکار بە زمانەکانی ئیتالیایی، ئاڵمانی و فەڕانسەوی، ئۆپێرا پێشکەش دەکات و دەڵێت، پێشکەشکردنی ئۆپێرا بە زمانی خۆی هەمیشە حەماسەتێکی لەودا دروست کردووە، بەڵام ئەم مۆسیقایەی کە پێشکەشی دەکات، پێویستی بە پشتیوانیی دەوڵەتە.
پەرڤین چاکار لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند: ئەو کەسانەی گوێم لێ دەگرن و پشتیوانیم لێ دەکەن، ڕێزدار و خۆشەویستن، بەڵام من زۆر ماندووم. بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە ئەلبۆمم دروست کرد و بۆ ئەوەی ئێوە دڵخۆش بکەم، ویستم پێشکەشی ئێوەی بکەم.
زۆر جار ڕەخنەی نەرێنیم لێ گیرا و تەنانت گەیشتنە ئاستی سووکایەتی و بێڕێزی و من کرامە ئامانجی ئەو هێرشانە، من لە تێکۆشان دژی ئەو هەڵسوکەوتانە ماندوو بووم. من دڵێکی هەستیارم هەیە. ناتوانم لە کوردایەتی و کولتوور و هونەری خۆم داببڕم. چونکە دەزانم لە کوێوە هاتووم. ئەو شتەی بۆ من سەرچاوەی ئیلهام و هێزە، ناسنامەی منە. ئۆپێراش ژیانی منە. لە تەمەنی ٢٠ ساڵییەوە هەتا ئێستا، لە جیهانی ئۆپێرادام کە وەک دەریایە. شار بە شار، وڵات بۆ وڵات گەڕام و من دەنگی خۆم گۆڕی. لە دوای ساڵی ٢٠١٢، بە هەموو وزەی خۆمەوە، ویستم لە مۆسیقای کوردی تێبگەم و گوێی لێ بگرم، هەروەها ویستم ئەو گۆرانییانە تۆمار بکەم کە هەستیان پێ دەکەم تاکوو پێشکەشی ئێوەی بکەم.
پەرڤین چاکار گوتی: من لە هەمووتان ڕازیم. بەڵام وەک کەسێک کە بە درێژایی تەمەنی تێکۆشان و خەباتی کردووە، چەندین جار شکاوم. دڵتەنگ بووم و گریاوم. چەند پرۆژەیەکم هەیە کە دەمەوێت جێبەجێیان بکەم و کاری سەرەکیم ئۆپێرایە، هەر بۆیە دەمەوێت تەنیا لەو بوارەدا کار بکەم کە شارەزاییم لێی هەیە. هیوادارم ئێوەش لە بارودۆخی من تێبگەن. مۆسیقای کوردی هەمیشە لە دڵمدایە. چونکە ناوازەیە. بە ڕێز و هاوسۆزی سڵاو لە هەمووتان دەکەم.
پەرڤین چاکار کێیە؟
پەرڤین چاکار ساڵی ١٩٨١ لە ناوچەی دێریک سەر بە شاری مێردین لە باکووری کوردستان لەدایک بووە. خێزانەکەیان پێنج منداڵیان هەبووە و ئەو منداڵی گەورە بووە. چونکە باوکی مامۆستا بووە، قوتابخانەی سەرەتایی لە گوندێکی ناوچەی فاتسا لە نزیک ئۆردوو لە تورکیە دەست پێ کردووە. خوێندنی مۆسیقای لە هونەرە جوانەکانی ئاناتۆل لە ئامەد دەست پێ کردووە و لە ساڵی ٢٠٠٣ بەشی مۆسیقای لە زانکۆی گازی لە ئانکارا تەواو کردووە. ئەو لەسەر مەزۆ- سۆپرانۆ، وانەی تایبەتی لە "ئۆیلون ئەردایی" وەرگرت.
هەروەها لە ئەکادیمیا دی ئارتی لیریکا لە ئەنکۆنا، ئەکادیمیا میوزیکال ئومبریا لە پیرۆجیا لەگەڵ ویلیام ماتێوزی، کارمێن گۆنزالێز، سێرجیۆ بێرتۆکی و میشێلا سبورلاتی کاریان کردووە.
ساڵی ٢٠٠٧ لە کۆنسێرڤاتۆری پێرگیا ئێف مۆرلاکی، بە دەرجەیەکی بەرز، بڕوانامەی وەرگرتووە.
هەروەها لە ماستەرکلاسەکانی لوسیانا سێرا، مۆنتسێرات کابێل، میتا سیگێل، ڤێریانۆ لوچێتی، تیزیانا فابریسین و لێلا کوبەرلی بەشداریی کردووە.
ساڵی ٢٠٠٥ لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی مۆسیقا لە شاری ئەسکیشەهیری تورکیە وەک سۆپرانۆ بە شێوەی سۆلۆ یان تەنیا بەشداریی لە پارچەی Carl Orff a Carmina Burana کرد و هەمان ساڵ لە ئۆپێرای دەوڵەتیی ئانکارا لە ئۆپێرای Handel a Deidamia بەشداریی کرد.
پەرڤین چاکار لە پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکاندا چەندین خەڵاتی بەدەست هێناوە. لە پێشبڕکێی ئۆپێرای Mari Caniglia لە ساڵی ٢٠١١، بوو بە یەکەم. هەروەها ساڵی ٢٠١١ لە نیۆیۆرک، خەڵاتی تایبەتی دامەزراوەی Lotte Lehmannی وەک باشترین دەنگی ژن وەرگرت. لە چوارەمین پێشبڕکێی ئۆپێرای میلانۆ ماگدا ئۆلیڤێرۆ لە ساڵی ٢٠١٠، بوو بە دووەم. لە یازدەهەمین پێشبڕکێی فێستیڤاڵی ئۆپێرای Tiran Marie Kraja لە ساڵی ٢٠١٠، جارێکی دیکە پلەی دووەمی بەدەست هێنا. لە ساڵی ٢٠١٠ پلەی سێیەمی لە پێشبڕکێی ئۆپێرای Leyla Gencer بەدەست هێنا. لە پێشبڕکێی Rigoletto لەژێر نازناوی Gilda خەڵاتی دووەمی بەدەست هێنا، لە پێشبڕکێی Primo Palcoscenico خەڵاتی سێیەمی بەدەست هێنا و لە پێشبڕکێی Giovanni Pacini خەڵاتی یەکەمی بەدەست هێنا.