کاراپێت خاچۆ، گۆرانیبێژێکی بە ڕەچەڵەک ئەرمەنی و وەفادار بۆ زمان و مۆسیقای کوردی

شادی

کوردشۆپ – هونەرمەندی گۆرانیبێژ کاراپێت خاچۆ، کە بە ڕەچەڵەک لە ئەرمەنییەکانی کوردستان بووە، بە گۆرانی و ئاوازە تایبەتەکانی، هەروەها شڕۆڤە و لێکدانەوەکانی لەسەر ئاواز و گۆرانیی کوردی یەکێک لە گۆرانیبێژە گرنگەکانی کوردە. ئەو هونەرمەندە شایەتحاڵی جینۆسایدی گەلی ئەرمەن بووە و ئەوەی بەسەریاندا هاتووە و ئەو سەختی و دڕندەییانەی دیتوویەتی، هەمووی لە گێڕانەوە و گۆرانییەکانیدا هەروەها لە شڕۆڤە و لێکدانەوەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە.

کاراپێت خاچۆ یان کارابێت خاچۆ، گۆرانیبێژی کوردی بەڕەچەڵەک ئەرمەنی، بە ئەسڵ خەڵکی گوندی کۆلهۆزای یەریڤان بووە. بەڵام لە گوندی بیلەیدەری سەر بە شاری باتمان لەدایک بووە. ئەو هەر لە منداڵییەوە گۆرانی فۆلکلۆری کوردیی بە زاراوەی کرمانجی گوتووە و دواتر ئەم سامانەی بۆ نەوەکانی دوای خۆی بەجێهێشتووە.

کاراپێت خاچۆ ساڵی ١٩١٥ لە کاتی جینۆسایدی ئەرمەنەکاندا شاهیدی وێرانبوونی گوندەکەی بووە. لەگەڵ خوشک و براکانیان بە ناوەکانی ئیبراهیم و مانوشاک و خێزال، لە سایەی سەربازێکەوە توانیان زیندوو بمێنن.

ئەو هونەرمەندە بۆ ماوەی ١٥ ساڵ وەک سەربازێکی بیانی لە سوپای فەرەنسادا کاری کردووە. ساڵی 1938 کاتێک وەک سەربازێکی بیانی لە سوریا خزمەتی دەکرد، لە شاری قامیشلۆ لەگەڵ کچی بنەماڵەیەکی ئێزیدی بەناوی یەڤان هاوسەرگیری دەکات و لەگەڵ هاوسەرەکەی 4 منداڵی دەبێت. لە ساڵی ١٩٤٦ لەگەڵ خێزانەکەیان کۆچ دەکەن و لە شاری یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا نیشتەجێ دەبن.

کاراپێت خاچۆ لە بەشی کوردیی ڕادیۆی یەریڤان دامەزراوە و بووە بە یەکێک لە شرۆڤەکارە هەرە گرنگەکانی مۆسیقای کوردی. ئەم گۆرانیبێژە بەنرخە، ماوەی ٥٥ ساڵ لە ڕادیۆی یەریڤان کار دەکات. و دەیان گۆڕانبێژ ڕادەهێنێ.

ئەم گۆرانیبێژە کە بە درێژاییی تەمەنی ڕووبەڕووی چەندین سەختی بووەتەوە، چەندین گۆرانیی فۆلکلۆری وەک ئای لۆ میرۆ، ئەدولێ، چەمێ جزیرێ، خم خمێ و لێ لێ دایکێی بە شێواز و شڕۆڤەی خۆی گوتووەتەوە.

ئەو گۆرانیبێژە بەناوبانگە تا تەمەنی ٩٠ ساڵی گۆرانیی کوردی گوتووە و لە ١٥ی ژانویەی ٢٠٠٥ کۆچی دوایی کردووە.

KURDŞOP
845 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!