ژیان و بەسەرهاتی زادینا شەکر، ژنە گۆرانیبێژی کوردی یەریڤان

ماڵی باوکی "زادینا شەکر"  پێش ئەوەی ئەو لە دایک بێ کۆچیان کردووە و ڕوویان لە یەریڤان کردووە و زادینیش لە یەریڤان لەدایک بووە. زادین ئازیزی باوکی بووە و لەگەڵ خۆشەویستیی باوکیدا گەورە بووە. هەر لە گەنجیدا دەستی بە گۆرانی وتن کردووە. زادین دەبێتە هاوڕێی "سوسیکا سیمۆ" و لەبەر ئەوەی سوسیکا سیمۆ لە زادین بەتەمنتر بووە، زادین دەیکاتە سەرچەشنی ژیانی خۆی.

زادینیش وەک سوسیکا سیمۆ شوو بە ئەرمەنییەک دەکات، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوان ئێزدین و کۆمەڵگەی ئێزدی توند و وشک بووە، باوکیشی بەهۆی بیروباوەڕ و داب و نەریتی خۆیەوە توند و وشک بووە و دژی ئەم هاوسەرگیرییە وێستاوەتەوە. زادین بە قسەی باوکی ناکا و شوو بە پیاوە ئەرمەنەکە دەکات. کۆمەڵگا ئەوەندەی لەگەڵ سوسیکا سیمۆ نەرم و نیان بوو لە "زادینا شەکر" خۆش نەبوو و هەر بۆیەش زادین تا کۆتایی تەمەنی لە بنەماڵە و کۆمەڵگای خۆی دوور کەوتەوە. تەنانەت باوکیشی لە خەم و خەفەتی ئەو گیانی لەدەست دەدا بەڵام ئەو نەیتوانی بچێتە پرسەی باوکی.

زادین لە یەکەمین ئافرەتانی کوردە کە لە ڕادیۆ گۆرانی وتووە. گۆرانییەکانی "لێ گدی"، "هەی لێ لێ دینێ"، "چل حەیرانێ"، "یار وەرە کەچکێ" لە بەناوبانگترین گۆرانییەکانی زادینن و لەگەڵ مەجید سولەیمانیش پێکەوە چەندین گۆرانییان گوتووە. زادین بە تەنیا لە داستان(حەماسە)ی "کەڕ و کولیک" سەبارەت بە "دەروێش ئەڤدی" گۆرانیی "دەلال وەی دەلال"ی گوتووە. هەروەها بە گۆرانییەکەی بە ناوی ""دێرە سوورێ بچووکێ"  سۆزێک دەداتە فیلمی دیکیۆمێنتاریی "کورد لە ئەرمینیا" کە لەسەر بنەمای سیناریۆی "عەرەب شەمۆ"یە.

زادینا شەکر لە ساڵی ٢٠٠٨ بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە شاری یەریڤان کۆچی دوایی کرد. کاتێک دڵی دەوەستێت و دەکەوێتە سەر زەوی، دەڵێ "وەی باوۆۆۆۆ" و بەم شێوەیەش لە دوا ساتەکانی تەمەنیدا بە حەسرەتی باوکییەوە سەر دەنێتەوە. تەرمەکەی بە بێدەنگی لە یەریڤان بە خاک دەسپێردرێ.

سەرچاوە:

بۆیک، ئێسکێرێ: کولتووری کوردانی سۆڤیەت، چاپ. نامەنووسی، ئەستەنبوڵ، ٢٠١٩

KURDŞOP
957 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!