وەرزشوانێکی لاوی کورد لە جۆرجیا، بە ئاڵای کوردستانەوە چووە ناو ڕینگی پاڵەوانەتیی کیک بۆکسینگ و بوو بە پاڵەوانی پاڵەوانەتییەکی نێودەوڵەتی.
پێشبڕکێ و پاڵەوانەتیی نێودەوڵەتیی "میکس فایت" لە شاری تیفلیسی پایتەختی جۆرجیا بەڕێوەچوو و وەرزشوانی کورد "دەیڤید ڕەزۆ فارۆیان" کە لە دەوایین یاریی خۆیدا بە ئاڵای کوردستانەوە چووە ناو ڕینگەوە، بوو بە پاڵەوان.
"داڤید ڕەزۆ" وەرزشوانی تەمەن ١٨ ساڵ کە لە شاری تیفلیسی پایتەختی جۆرجیا لەدایک بووە، لە کاتێکدا کە هەم بنەماڵەکەی و هەم نوێنەری ڕەوەندی کوردیش بۆ پشتیوانیکردنی لە هۆڵی پاڵەوانێتییەکان بوون، بە ئاڵای کوردستان و جۆرجیاوە چووە ناو گۆڕەپانی کێبڕکێکان. وەرزشوانانی زیاتر لە ٢٠ وڵات بەشداری ئەم خولەی پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیی "میکس فایت"یان کردبوو. میکس فایت هونەرێکی شەڕکردنە و لە تێکەڵکردنی چەندین تەکنیک و شێوازی شەڕکردن دروست بووە و بەشێکی زۆر لە شارەزایانی وەرزشیش بە یارییەکی نابەرپرسیارانەی دەزانن.
"داڤید ڕەزۆ" لە کێشی ٥٥ کیلۆدا بەشداریی پاڵەوانێتییەکەی کرد و چووە ڕینگ و لە بەرانبەر ڕکابەرەکەی سەرکەوتنی بەدەست هێنا. "داڤید ڕەزۆ" لە منداڵییەوە وەرزشی دەست پێکردووە و ٦ جار پاڵەوانی قەفقاز بووە و ٩ جار بووەتە پاڵەوانی جۆرجیا و لە ساڵی ٢٠١٨ لە خولی لاوانی ئەورووپادا بووەتە پاڵەوانی ئەورووپا و لە ساڵی ٢٠١٩ش بووەتە پاڵەوانی جیهان.
پاڵەوانێتی نێودەوڵەتیی "میکس فایت" بۆ جاری سێیەم لە شاری تفلیسی پایتەختی جۆرجیا بەڕێوەچوو و ئەمجارە وەرزشوانانی ئەرمەنستان و ئازەربایجانیش بەشداریان لەم پێشبڕکێیەدا کرد.