بنەمای هۆشیارکردنەوەی منداڵان لەسەر پرۆسەی نەتەوەسازی

کەیهان محەممەدی‌نژاد

 

منداڵان لە پرۆسەی نەتەوەسازی و پاراستنی بەها نەتەوەییەکاندا زۆرترین کاریگەرییان هەیە، ڕەنگە بۆ زۆر کەس ئەمە جێی پرسیار بێت کە منداڵان لە چی تێدەگەن بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر بابەتێکی وا گرینگ، کاریگەر بن؟ بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە منداڵەکانن کە داهاتووی ڕۆحی نەتەوەیەک دیاری دەکەن.

ئەگەر منداڵان بە شێوازێکی دروست پەروەردە بکرێن و ئاگاداری نرخ و بەها، کەلتوور و بەگشتی فۆلکلۆری نەتەوەکەیان بن و لە گرینگیی زمانی دایکی تێبگەن، ئەوا لەسەر بنەمای دروست پەروەردە دەکرێن و دەتوانن له‌ داهاتوودا زیاترین کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی نەتەوەسازی هەبێت.

گرینگە منداڵانی کورد لە تەمەنی منداڵیدا بە چیرۆک و نووسینی کوردی پەروەردە بکرێن، واتە بەجێی ئەوەیکە لە ئێستادا مۆبایلێکیان بەدەستەوە بێت و فێری زمانی بیانی و داگیرکەر ببن، با بێن بە سەیرکردنی ئەنیمەیشنی چیرۆکی کوردیی منداڵان و فیلمی کوردی، پەروەردە بکرێن.

ئەو منداڵانه ئه‌گەر لە بنەڕەتەوە، واتە له ته‌مه‌نی فامکردندا، به کەلتووره‌که‌یان پەروەردە بکرێن، کە گه‌وره بوون، وه‌ک ئایدۆلۆژیا له مێشکیاندا ده‌مێنێته‌وه و زیاترین هەوڵ لە بواری نەتەوەسازیدا دەدەن.

لەنێو کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر کەسی هۆشیار و ئاگا لە بوارە جیاجیاکاندا دەردەکەون، بەڵام دەبینین منداڵەکانیان بە کوردی نازانن بخوێننەوە و بنووسن، بەڵام وەک بولبول بە زمانی بیانی قسە دەکەن! بۆیە کە مرۆڤ منداڵی ئەو جۆرە بنەماڵانە دەبینێت، زۆر پرسیاری گرینگی لەلا دروست دەبێت؛ تۆ بڵێیت دایک و باوکیان تەنیا لە ڕواڵەتدا کورد بن و تەنیا بانگەشەی کوردبوون و ناسیۆنالیزم دەکەن؟ یان بۆچی هیچ هەوڵێکیان بۆ ئاگاسازیی منداڵەکانیان نەداوە؟ بۆچی منداڵی کەسانی وا هوشیار یان توێژەرانی کوردۆلۆژی، بە زمانی بیانی قسە دەکەن؟ ئەو پرسیارانە و زۆر پرسیاری تر دێنە پێشەوە و ڕەنگە ببنە هۆی ئەوەیکە کەسە نائاگاکانی دەوروبەر و منداڵەکانیان لاساییی ئەو کەسانەی تر بکەنەوە و وای لێ بێت کە منداڵەکانیان سەیری چیرۆک و فیلم بە زمانی بیانی بکەن!

بەڵام بە پێچەوانەی ئەم جۆرە کەسانە، زۆرێک منداڵ و گەنجیش دەبینرێن کە پەروەردەیەکی دروستیان هەبووە و ئێستا کاریگەرییان لەسەر زۆر بابەت و تەنانەت کەلتوورەکەشیان هەیە. ئەمەش نموونەیەکی باشە بۆ زۆرێک لە منداڵانی وڵاتەکەمان.

سەرەتا منداڵەکانتان فێری زمانی دایکی بکەن، با بتوانن تێبگەن و بخوێننەوە. ئەگەر زمانی دایکی بزانن، دەتوانن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تیڤییەکاندا سەیری "ئەنیمەیشن"ی کوردی بۆ منداڵان بکەن. لەو ئەنیمەیشنانەدا هەم بەهای نەتەوەیی باس دەکرێن و هەم کەلتووری نەتەوەیی دیارە و ئەوەش بۆ خۆی دەبێتە هۆی هۆشیارکردنەوەی ئەو منداڵانە. لە ئێستادا کە کوردستان لەلایەن وڵاتانی داگیرکەرەوە داگیر کراوە (پەروەردە لە باشووری کوردستان بە زمانی کوردییە) و خوێندن لە قوتابخانەکاندا بە زمانی نەتەوەی باڵادەستە، جگە لە خوێندنی قوتابخانە، دەتوانن منداڵەکانتان لە بوارە جیاوازەکاندا بە هزرێکی کوردستانییەوە پەروەردە بکەن.

ئەمڕۆ سەردەمی تەکنەلۆجیایە و هەموو کەسێک لە گیرفانی خۆیدا مامۆستایەکی هەیە (واتە مۆبایل و تەبلێت)! مۆبایل و تەبلێتەکان مامۆستای هەر تاکێکن (ئەگەر بە شێوەیەکی دروست بەکار بهێنرێن). لە یووتیووب و پلاتفۆڕمەکانی تردا دەیان کاناڵ و پەیجی باش هەن کە هەوڵی ئاگادارکردنەوە و فێرکردنی منداڵان دەدەن، تەنانەت هەندێک دامەزراوە و ئەنجومەنیش دامەزراون کە خۆبەخشانە هەوڵی ئاگادارکردنەوە و پەروەردەکردنی منداڵان دەدەن. خەڵک دەتوانن بۆ ئاگاسازیی منداڵەکانیان لەو پەیج و دامەزراوانە سوود وەربگرن.

ئەگەر منداڵان بە زمانی ڕەسەنی خۆیان پەروەردە بکرێن و ڕێنووس و ڕێزمانی زمانەکەیان فێر ببن، ئەوا دەتوانن لە ڕێگەی ئەو زمانەوە بەدواداچوون بۆ زۆر شتی تری وەک مێژوو، چاند و ڕۆشنبیری و هتد بکەن. من لە ڕابردوودا زۆر منداڵم بینیوە کە بە شێوەیەکی دروست پەروەردە و هۆشیار کراون و ئێستا لە ئاگادارکردنەوەی کەسانی دەوروبەریان و تەنانەت کۆمەڵگەکەیان کاریگەرترین کەسن.

بۆیە ئەو منداڵانەی بە فەرهەنگ و کەلتووری خۆیان پەروەردە کراون، لە هەر شوێنێک و وڵاتێکی ئەم دونیایەدا بن، دەتوانن لە پرۆسەی نەتەوەسازی، نیشتمانسازی و تەنانەت ئاگاسازیشدا کەسانی کاریگەر بن. هەر ئەو منداڵانەن کە گەورە دەبن و دەبنە سەمبۆلی نەتەوەیی.

KURDŞOP
452 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!