تەندروستیی دەروونی و کاریگەرییەکانی لەسەر پەیوەندیی کۆمەڵایەتی

 

هانی مورتەزا

 

پەیوەندیی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە لایەنە گرنگەکانی ژیانمان و بنەمایەکی سەرەکیی دروستبوونی کۆمەڵگایە. ئەو کەسانەی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە زیاتر پەیوەندییان بە خێزان، هاوڕێیان، یان کۆمەڵگاکەیانەوە هەیە، دڵخۆشترن، لە ڕووی جەستەییەوە تەندروستترن و تەمەنیان درێژترە و بە بەراورد بەو کەسانەی کەمتر پەیوەندییەکی باشیان هەیە کێشەی تەندروستیی دەروونیی کەمتریان هەیە.

پەیوەندیی کۆمەڵایەتی تەنها ژمارەی ئەو هاوڕێیانە نییە کە هەتبێت، هەروەها ئەوە نییە کە ئایا لە پەیوەندییەکی پابەنددایت یان نا؛ بەڵکو گرنگ کوالێتیی پەیوەندییە نزیکەکانتە. ژیان لە ململانێدا یان لەناو پەیوەندییەکی ژەهراویدا زیانبەخشترە لە تەنیا بوون.

دانیشتووانی ئەو گەڕەکانەی ئاستی یەکگرتووییی کۆمەڵایەتییان بەرزترە و پەیوەندییەکانییان بەهێزترە، ڕێژەی کەمتری کێشەی تەندروستیی دەروونییان هەیە لە چاو دانیشتووانی ئەو گەڕەکانەی یەکگرتوویی کەمتریان هەیە، سەربەخۆ لەوەی کە گەڕەکێک چەندە بێبەشە یان دەوڵەمەندە. یەکگرتووییی کۆمەڵایەتیی گەڕەک پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی نیشانەکانی خەمۆکی لە کەسانی بەساڵاچووشدا هەیە کە زیاتر تێکەڵاوییان دەبێت و کەمتر گۆشەگیر دەبن.

بە پێی توێژینەوەیەک، ئەوانەی زۆرترین کات تەنیا بوون باسیان لەوە کردووە کە هەستیان بە گۆشەگیری کردووە. هیچ هاوڕێیەکی نزیک و کەسانی دیکەی پشتیوانیان نەبووە. بەشداربووانی ئەم گرووپە مەیلیان بۆ ئەوە هەبووە لە  قۆناغەکانی ناوەڕاستی تەمەن یان خانەنشین بوونیان تووشی خەمۆکی و لاوازبوونی پەیوەندییەکانیان بن. کەسانی کەمتر تەنیا ئەوانە بوون کە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی فراوانتریان هەبووە، لەنێویاندا پەیوەندییەکی نزیکیان هەبوو کە پشتگیریی سۆزدارییان پێشکەش کردووە، یاخود هاتوچۆ و کۆبوونەوەی خێزانی و هاوڕێیانەیان هەبووە.

پەیوەندیی نێوان تەنیایی و تەندروستیی دەروونی دوو ئاراستەی خولگەییە. نموونەکان ئەوە باس دەکەن کە کێشەکانی تەندروستیی دەروونی دەتوانن ببنە هۆی هەستکردن بە تەنیاییی زیاتر.

بارودۆخی تەندروستیی دەروونی توانای کارلێکی کۆمەڵایەتیی کەم کردەوە. کەمیی مەزاج دەتوانێت ببێتە هۆی کشانەوەی کۆمەڵایەتی یان هەستکردن بە پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دیکە. بارودۆخی تەندروستیی دەروونی دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی خەڵک بە سادەیی هەست بە ماندووبوونی زۆر بکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ کەسانی دیکەدا پەیوەندی بکەن. هەروەها فەزای گشتی بۆ پەیوەندیی کۆمەڵایەتی دەتوانێت هەست بە سەرسەختی بکات.

بارودۆخی تەندروستیی دەروونی پەیوەست بوو بە هەستکردن بە کەمیی خۆبەگەورە زانین و بەشداربووان نیگەرانن لەو چەواشەکارییەی کە لەوانەیە تووشی ببن، ئەگەر کێشەکانی تەندروستیی دەروونی خۆیان ئاشکرا بکەن. هەروەها هەندێک بارودۆخ دەتوانن ببنە هۆی تێڕوانینێکی نەرێنی بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کە ببێتە هۆی خەمۆکی، توڕەیی یان لێبوردەیی لەگەڵ ئەوانی دیکە.

زۆربەی کات بارودۆخی تەندروستیی دایک و باوک، کاریگەریی نەرێنی و درێژ خایەن لەسەر پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی منداڵەکانیان جێ دەهێڵن. بە پێچەوانەوەش زۆرینەی کات باش بوونی تەندروستیی خێزان  ڕەنگدانەوەی باشی لەسەر پەیوەندی منداڵەکانیان لە داهاتوودا دەبێت. بۆ زیاتر بەرەو پێش بردنی پەیوەندییەکانی مناڵان لە داهاتوودا، پێویستە بارودۆخی تەندروستیی دایک و باوک جێگیر بێت.

یەکێکی تر لە پێوەرە سەرەکی و گرنگەکان کە هۆکارە بۆ مانەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان، سەردانی و یەکتربینین لەگەڵ  کەسوکار و هاوڕێ و خۆشەویستاندایە کە ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕووبەرێکی فراوانی دیوی ناوەوەی مرۆڤ هەیە و کاریگەری دەخاتە سەر لایەنی ڕۆحی و مەعنەوی و  تەندروستیی دەروونی و جەستەییی مرۆڤەکان.

مرۆڤ تەنیا بە خواردن و خواردنەوە ناژیت، پێویستی بە خۆشەویستی هەیە، پێویستی بە ئارامیی دەروونی هەیە و ئەو ئارامییەش لە ڕێگای پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی تەندروستەوە دروست دەبێت، کە تیایدا خۆشەویسی ڕەنگ بداتەوە کە ئەمیش لە سەر بنەمای ڕێز و لەیەکگەیشتن و بەرزیی ئاستی لە یەکچوونی بیرکردنەوە و هاوخولیایی دادەمەزرێت.

فەیلەسووفی بەناوبانگی یۆنان (ئەرستۆ ٣٨٤-٣٢٢) دوو هەزار و سێسەد ساڵ لەمەوبەر گوتویەتی "مرۆڤ بە سروشت ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتییە" و مەحکوومە بە پێکەوەژیان. مرۆڤ لە ناو گرووپدا نەبێت ناتوانێت وەکو مرۆڤ بژیت، بۆیە دەبێ ڕایەڵەیەکی پەیوەندیی ڕۆژانەی چڕ و پڕ  لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکەدا دروست بکات.

 

 

 

KURDŞOP
547 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!