کاریگەریی "توێژی بێ هەڵوێست" لە گۆڕانی کۆمەڵگەکاندا

کەیهان محەممەدی‌نژاد

لە گۆڕانکارییەکانی وڵاتاندا کۆمەڵێک چینی جیاوازی کۆمەڵگە هەن کە کاریگەریی زیاتر لەسەر گۆڕانکارییەکان دروست دەکەن و دەبنە هۆی سەرکەوتن یان گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا.

چین و توێژگەلێکی وەک بازاڕی، کرێکار و فەرهەنگی لەنێو کۆمەڵگەکاندا هەن کە تا ڕادەیەکی دیاریکراو لە گۆڕانکارییەکاندا کاریگەرن و هەستانەوە و مانگرتنیان دەبێتە هۆی بیستنی دەنگیان. بەڵام توێژێکی دیکە لە تەنیشت ئەو چین و توێژانەدا هەیە کە ژمارەیان زۆر و کاریگەرە و ئەگەر بەشداری ناڕەزایەتییەکان بکەن، دەتوانن گۆڕانکاری مسۆگەر بکەن، ئەو توێژە بە "توێژی بێ هەڵوێست یان توێژی خۆڵەمێشی" ناو دەبرێن.

"توێژی بێ هەڵوێست یان توێژی خۆڵەمێشی" بە کام توێژە دەگوترێت؟

توێژی بێ هەڵوێست یان توێژی خۆڵەمێشی بە هەندێک کەس لە کۆمەڵگەدا دەگوترێت کە بایەخ بە دینامیکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت کەلتووری نادەن و لەهەمبەر دۆخی کۆمەڵگە کەمتەرخەمن و سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسی یان لایەنێکی تایبەت نین، بەڵام هەمیشە چاودێری بەسەر کۆمەڵگەدا دەکەن و دواجار خۆیان لەگەڵ بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا دەگونجێنن و کاریگەر دەبن.

گرینگیی توێژی بێ هەڵوێست لەوەدایە کە زۆرینەی کۆمەڵگە پێک دێنێت و گەڕانەوەی ئەم توێژە بۆ هەر لایەک، چارەنووسی بزووتنەوەکە دیاری دەکات.

ئێمە ناوەڕۆکی ئەم گوتارە لەبارەی توێژی بێ هەڵوێست دەگەڕێنینەوە بۆ لایەنی ئێران و ڕوونیشی دەکەینەوە کە بۆچی توێژی بێ هەڵوێست لە ئێران ناچێتە نێو گرووپە ناڕازییەکان و نەیارانی حکوومەتەوە. هەندێک جار پرسیارێک دێتە ئاراوە کە لە ئێراندا هیچ چین و توێژێک بێ هەڵوێست نین! بەڵام چەند نموونەیەک دەهێنم بۆ ئەوەی بزانین ئایا لە ئێران توێژی بێ هەڵوێست هەیە یان نا؟

لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران و هەتا شۆڕشی گەلان لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا، زۆر بزووتنەوە دژی دیکتاتۆریی پاشایەتی هەبوون کە کاریان لەسەر هەندێک چین لە کۆمەڵگە کرد بۆ ئەوەی بیانهێننە لای خۆیان، بەڵام لایەنگرانیان کەم بوون؛ بۆ نموونە بزووتنەوەی چەپ شوێن کرێکاران و جووتیاران کەوت بۆ ئەوەی بیانهێننە لای خۆیان و نموونەی دیکەی لەو جۆرە زۆرن. بەڵام ئەوەی هات لەسەر توێژی بێ هەڵوێست کاری کرد، بزووتنەوەی مەزهەبی بوو کە توانی بە فریودانی کۆمەڵگە خۆی جێگیر بکات و یەکێک لەو توێژانەی کە ژمارەیان زۆر بوو و بەرەو بزووتنەوەی مەزهەبی چوو، "توێژی بێ هەڵوێست" بوو کە بە پڕوپاگەندەی بزووتنەوەی مەزهەبی فریو درا و شۆڕشی خەڵکی ئێرانی بە قازانجی خۆیان کۆتایی پێ هێنا و خۆیان بەسەر شۆڕشەکەدا سەپاند.

ئێران لە ئێستادا بەسەر سێ لایەندا دابەش بووە کە لایەنێکی لە لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێک هاتوون کە بە پارە کڕدراون و دەستیان بە خوێنی خەڵک سوور بووە و ناتوانن لە حکوومەت دەربچن. لایەنی دیکەش لە کۆمەڵێک کەس پێک هاتووە کە ناڕازین و لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بێزارن و کێشەیان لەگەڵ پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و نایانەوێت ئەم حکوومەتە بمێنێتەوە. لایەنی سێهەم کە هەم گرینگە و هەم مەترسیدارە، توێژی بێ هەڵوێستە کە نایەوێت دارایی و خۆشییەکەی تێک بچێت.

ئێمە لێرەدا دەپەرژێینە سەر کاریگەریی توێژی بێ هەڵوێست لەسەر گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە و بە چەند نموونەیەک لەسەر ئەمە ڕوونکردنەوە دەدەین. لێرەدا ئاماژە بە سەرهەڵدانی گەلی "یوگۆسلاڤیا" دەکەین لە دژی سەرۆکی ئەم وڵاتە بە ناوی "ئیسلۆبۆدان میلۆسێڤیچ".

سەرهەڵدانەکە بەم شێوەیە دەستی پێ کرد؛ ئەم سەرهەڵدانە لە ٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٠ ڕوویدا، بەڵام کاتەکەی زۆر لەمەوبەر ئامادە کرابوو. "ئیسلۆبۆدان میلۆسێڤیچ"، سەرۆکی یوگۆسلاڤیای پێشوو، بە دەستپێکردنی شەڕ لەم کۆمارەدا، هاوکات لەگەڵ گەشتەکەی بۆ ئەورووپا، ئەمریکای ناچار کرد لە سەربستان دەستێوەردان بکات و ئەم وڵاتە بۆردومان بکات. "ئیسلۆبۆدان میلۆسێڤیچ" یەکێک لە سەرکردە فاشیستە سربییەکان بوو و ئەورووپییەکان ئەم فاشیستەیان بە مەترسیدار دەزانی.

پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٠ لەم وڵاتەدا، دژبەران بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی دەرەکی کۆ دەبوونەوە و کەسێکیان بە ناوی "ڤاتیسلاڤ کوشتۆنیتسا" وەک بەربژێری خۆیان لە دژی "ئیسلۆبۆدان میلۆسێڤیچ" دەستنیشان کرد. بانگەوازی هەڵبژاردن نزیکەی ٢ مانگی خایاند و لەو ماوەیەدا شەڕ و گرژییەکان لە وڵاتدا زیاتر بوون. لە کۆتاییدا هەڵبژاردنەکان لە ٢٤ی ئەیلوول بەڕێوە چوو و لە کاتێکدا دژبەران سەرکەوتنی بەربژێرەکانیان لە بەرامبەر "ئیسلۆبۆدان میلۆسێڤیچ" ڕاگەیاند، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند کە یەکێک لە دوو بەربژێرە سەرەکییەکە نەیتوانیوە نیوەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و لەبەر ئەم هۆکارەش، هەڵبژاردنەکە بۆ خولی دووەم دوا خرا. لە "مۆنتینیگرۆ و کۆسۆڤۆ" خەڵک بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنانەیان کرد، بۆیە "میلۆسێڤیچ" بە زۆرینەی دەنگەکان لە قۆناغی دووەمدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا. دژبەران ئەنجامەکانیان قەبووڵ نەکرد و ڕاپەڕینی گەل دەستی پێ کرد و تا ٥ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ خۆپیشاندەران گەیشتنە "بێلگراد" و دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر بیناکانی حکوومەت. پۆلیس زۆر بەرەنگاری نەبوو و ئەو دۆخە کۆتاییی بە دەسەڵاتی "میلۆسێڤیچ" هێنا و ناڕازییەکان دەستیان بەسەر حکوومەتدا گرت.

لەم ڕاپەڕینەدا خەڵک دەیانگوت، میلۆسێڤیچ زیاتر لە دە ساڵ ژیانی ئەوانی دزیوە. بەڵام لەو سەرهەڵدانەدا کۆمەڵێک کەس هەبوون کە نەچوونە پاڵ خۆپیشاندانی جەماوەری و دەیانگوت، "باشە ئەگەر میلۆسێڤیچ بڕوات، کێ دێتە سەر کار و چ جۆرە حکوومەتێک جێگرەوەی دەبێت؟" بەڵام دروشمی خەڵکەکەی تر بۆ ئەو توێژە ئەوە بوو کە "ئێوە وەرن، ئێمە سەرهەڵدان دەست پێ دەکەین و میلۆسێڤیچ لا دەبەین و دواتر بەدوای حکوومەتێکی تردا دەگەڕێین".

لەبەر ئەوە بوو کە ئەو توێژە پەیوەندیی بە هەموو چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگەوە کرد و بۆ هەمیشە دەسەڵاتی میلۆسێڤیچی لا برد. ئەم توێژە بە "توێژی بێ هەڵوێست" ناسرابوو.

نموونەی لەو جۆرە زۆرن کە دەتوانین بیانهێنینەوە. لە ئێستادا یەکخستنی توێژی خۆڵەمێشی لەگەڵ هەموو چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەی گەلان لە ئێراندا، دەتوانێت تەمەنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئیسلامیی ئێران کەمتر بکاتەوە.

زۆر دوور نەچین و باس لە "بزووتنەوەی ژینا" بکەین کە لە ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا چەخماخەکەی لە کوردستان لێ درا و دواتر تەواوی جوگرافیای سیاسیی ئێرانی گرتەوە. ڕاپەڕینێک کە بە بەشداریی زۆرێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەستی پێ کرد و لە دژی دیکتاتۆری لە ئێران ڕاپەڕین. بەڵام لەم ڕاپەڕینەدا هەڵوێستی بەشێکی خەڵک ڕوون نەبوو، ئەمە "توێژی بێ هەڵوێست" بوو. ئەم توێژە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەردەوام ڕەخنەی لێ گیراوە و زۆرێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژی ئەو  توێژە نووسیویانە: "بنووسە بێدەنگی، بخوێنەوە خیانەت". بە کردەوە ئەم توێژە بەردەوام ڕەخنەی لێ گیراوە و تەنانەت زۆرێک لە هونەرمەندان و کەسایەتییە دیارەکانی کۆمەڵگەی ئێران دژی ئەو توێژە قسەیان کردووە و نەیانتوانی بێدەنگ بن.

لە ڕاستیدا ئەوان (توێژی بێ هەڵوێست) نایانەوێت ئەو داهات و خۆشییەی کە هەیانە لەدەست بدەن و ئەوەی بۆیان گرینگە سەرمایە و بازاڕەکەیانە. ئەوان کاتێک دێنە نێو شۆڕشێک یان ڕاپەڕینێک کە دڵنیا بن ئەو ڕاپەڕینە سەردەکەوێت و سەرمایە و خۆشییان لە مەترسیدا نابێت.

 

KURDŞOP
755 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!