کاریگەرییە خراپەکانی تەکنەلۆژیا لەسەر منداڵ


 

- کازیوە ڕەشی

 

زۆربەی منداڵانی سەردەمی ئێستا زۆربەی کاتەکانیان بە تەکنەلۆژیاوە بەسەر دەبەن، زۆربەی کاتەکانیش تەنیان، بۆیە کاتێکی کەمیان دەبێت بۆ پەیوەندیکردن و تێکەڵاوبوون لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەیان و کەسانی دیکە.

ئەگەر منداڵ شارەزاییی کەمی لە پەیوەندییە کۆمەڵاتییەکان هەبێت، کاتێک گەورە دەبێت پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی لەگەڵ خەڵکدا لاواز دەبێت کە ئەمەش زیان بە ژیانی و بەو پیشەیەش دەگەیەنێت کە دەیبێت.

 زۆربەی تەکنەلۆژیا باوەکان کە منداڵان بەکاریان دەهێنن پێکدێت لە "یارییە ڤیدیۆییەکان، مۆبایلە زیرەکەکان، تەلەفزیۆن، کۆمپیوتەرەکان، تابلێتەکان، ئینتەرنێت، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، خزمەتگوزاریی چاتکردن، ئامێری ژماردنەکان" و زۆر شتی تر.

تەکنەلۆژیا ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لەگۆڕینی ڕێگاکانی پەروەردەی منداڵان

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا منداڵان بە ڕێژەیەکی زۆر تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنن بەراورد بە ساڵانی نەوەدەکان. زۆربەی کۆمپانیاکانی بواری تەکنۆلۆژیا چەندین ئامێری ئەلیکترۆنییان بۆ منداڵان بەرهەم هێناوە کە وای کردووە ڕێژەیەکی زۆری منداڵان پێوەی خەریک بن.

دەبێت خێزانەکان لەوە تێبگەن کە منداڵی ئێستا مەیل و ئارەزوویان لە "ماڵەباجێنە، چاوشارکێن، هەڵماقۆین، سێ ڕسکە و قوچە" نییە کە سەردەمانێک لای ئەوان چێژبەخش بوون و ئێستاش بوونە یادگارییەکی پیرۆز لایان.

چێژبەخشترین یارییەکانی نەوەی ئێستاش بریتین لە "پلەیستەیشن، ڕۆڵبۆکس، ئۆڤەکوکت، ماینکڕافت، ئەنگری بێرد" و چەندانی تر، لە کۆتایشدا ئەمانە دەبنە یادگاری و یادەوەری بۆیان.

دیارترین ئەو کێشانەی بەهۆی زۆر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا ڕووبەڕووی منداڵان دەبنەوە

١- زۆر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە لایەن منداڵانەوە وا دەکات کە منداڵ لە فێربوونی هەست و سۆز و خۆشەویستی بۆ دەرووبەرەکەی دوور بێت. ئەو سەردەمەی کە ئێستا تێیدا دەژین سەردەمی تەکنەلۆژیا و گەشەکردنە، نابێت خێزان کەم زانیاری و کەم ئەزموون بێت لەو بەرەوپێشچوونە خێرایەی تەکنەلۆژیا بەخۆیەوەی دەبینێ، چونکە نەشارەزایی و نائاگامەندیی دایک و باوک لە تەکنەلۆژیا ڕۆڵی تۆ وەکو دایک و باوک کەم دەکاتەوە.

نابێت ئەو کەسەی زۆربەی کاتەکانی لەگەڵ منداڵ بەسەردەبات ئامێرێکی بێ گیان و بێ ڕۆح بێت کە دوورە لە هەموو سۆزێک کە منداڵ پێویستییەتی؛ ئەمە وادەکات زۆر کات منداڵ ئاستی مەعریفی و زانستیی دایکان و باوکان بە پرسیارکردن لەمەڕ ئەو ئامێرانە هەڵبسەنگێنێ، بە واتایەکی تر پرسیارێکی منداڵ بۆ تاقیکردنەوەی گەورەکانە، نەک بە ئامانجی فێربوون و تێگەیشتن.

٢- زۆر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا وا دەکات کە منداڵ ببێتە کەسێکی گۆشەگیر و خۆی لە چوار دەوری بەدوور بگرێ  و بیهەوێت زۆرترین کاتی لەگەڵ تەکنەلۆژیا و ئامێرە زیرەکەکان بەسەر ببات، کە ئەمەش لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کاریگەریی دەبێت و وا دەکات ئەو پەیوەندییە لاواز بێت، چونکە منداڵ ئارەزووی بۆ تێکەڵ بوون لەگەڵ دەورووبەرەکەی نامێنێت.

٣- زۆر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا وا دەکات منداڵان حەز بە تێکەڵاوی لەگەڵ یەکتر ناکەن و خۆیان لە چوونە دەرەوە و ئەنجام دانی یاری لە گەڕەک و کۆڵانەکاندا بە دوور دەگرن. ئینتەرنێت و یارییە ڤیدیۆییەکان بوونەتە خوویەک بۆ زۆربەی منداڵان و زۆرینەی منداڵ بوونەتە قوربانی و بە هۆی کۆنترۆڵکرانیان لە لایەن ئەنتەرنێتەوە زیانیان پێ دەگات. هەندێکی تریشیان ئالوودەی یارییە ڤیدیۆییەکان بوون کە وایان لێ دەکات هیچ کاتێکیان نەبێت بۆ تێکەڵاوبونیان لەگەڵ منداڵانی تردا، لەئەنجامدا کێشەی تەنیابوون و بێزاربوون لەناو منداڵاندا بەرەو زیادبوون دەچێت.

٤- کات بەسەربردن بەدیار شاشەیەکەوە دەبێتە هۆی قەڵەو بوونی منداڵان، ئەو منداڵانەی کاتێکی زۆر بەبەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بەسەردەبەن، کاتێکی کەمتریان دەبێت بۆ جووڵە و وەرزشکردن ەبێت. ئەم جۆرە منداڵانە خواردنە خێراکان وەک "لەفە، پیتزا و بەرگر" زۆر دەخۆن، ئەمەش دەبێتە هۆی قەڵەوبوونیان.

قەڵەوییش دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی وەکو سستیی دڵ، هەروەها دەبێتە هۆی پەستی و بێزاری بۆ کەسەکە،  هەروەها دەبێتە هۆی نەخۆشیی شەکرە و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە نەخۆشییە زۆر سەختە ئەگەر دووچاری منداڵەکانمان ببێتەوە.

چۆن دایک و باوکان بتوانن منداڵەکانیان لە زۆر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بەدوور بگرن؟

دایک و باوک پێویستە بەیاریکردن لەگەڵ منداڵەکانیان کات بەسەربەرن تاکوو بە درێژایی ڕۆژ، لە سەیرکردنی تەلەفزیۆن و یاریکردن بە یارییە ڤیدیۆییەکان زیاتر بیانپارێزن. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کەوا لە منداڵان دەکات کە کاتێکی زۆر بە تەکنۆلۆژیاوە بەسەربەرن، دەگەڕێتەوە بۆ سەرقاڵبوونیی دایک و باوکان. پێویستە دایک و باوکان درێغی نەکەن لە بردنی منداڵان بۆ "مەلەکردن، یاری تێنس، تۆپی پێ و پیاسەکردن لەگەڵیان لە پارکەکەکان" و هەروەها یاریکردن لەگەڵ گیانلەبەرە ماڵییەکانیان و لێخوڕینی پاسکیل لەگەڵیاندا.

هەروەها پێشبڕکێی جەستەیی لەماڵەوەدا تاوەکوو چالاک و دڵخۆش بن و ڕایان بهێنن لە ئەنجامدانی کاری ماڵەوەدا بۆ ئەوەی هەمیشە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان چاوەڕێی دەستی دایەنەکانیان نەبن.

 

KURDŞOP
1851 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!