سیستەمی پەروەردە و بارهێنان لە ژاپۆن

 

مێژوو پێمان دەڵێت هەر وڵاتێک زیاتر گرینگیی بە پەروەردە و بارهێنان دابێت، ئەوا ئەو وڵاتە زیاتر لە وڵاتانی تر پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە. هەر وڵاتێکیش لە سیستەمی پەروەردە بۆ سەپاندنی ئایدیۆلۆژیی سیاسی یان ئایینیی خۆی کەڵکی وەرگرتبێت و سەرنجی بە ستانداردەکانی پەروەردە نەدابێت، ئەوا ئەو وڵاتە نەتەنیا پێشکەوتنی بە خۆیەوە نەبینیوە، بەڵکوو کۆمەڵگەکەی تووشی دەیان قەیرانی تر بووە.

لە هەر بەشێکی کوردستانیش پەروەردە و بارهێنان بە شێوازێکە، بۆ نموونە پەروەردە و بارهێنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی ئەوەی داگیر کراوە، لە ڕاستای سیاسەت و ئایدیۆلۆژیی کۆماری ئیسلامییە و تەنیا ڕێگاچارە لەو بەشەی کوردستان بۆ دانانی سیستەمێکی پەروەردەی ستاندارد، ڕزگاربوونە. بەڵام لە باشووری کوردستان کە پەروەردە و بارهێنان بەدەستی دەسەڵاتی کوردییەوەیە، زۆر کاری باش دەتوانرێت بکرێت. بۆ نموونە باشووری کوردستان باشتر وایە لە ئەزموونی وڵاتانی وەک فینلاند و ژاپۆن لە بواری پەروەردە و بارهێنان کەڵک وەربگرێت.

پێشتر و لە بابەتێکی تردا باسی سیستەمی پەروەردە و بارهێنان لە فینلاندم کردبوو و لەم بابەتەدا دەپەرژێمە سەر سیستەمی پەروەردە و بارهێنان لە ژاپۆن.

ژاپۆنییەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە هەموو منداڵێک توانای فێربوونی هەیە و هەوڵ و تێکۆشان و دیسیپلینی کەسی سەرکەوتن لە خوێندندا مسۆگەر دەکات نەک توانای زانستی. سیستەمی پەروەردەی ژاپۆن لە سەرکەوتووترین سیستەمە پەروەردەییەکانی جیهانە، بە جۆرێک کە لەم وڵاتەدا هیچ نەخوێندەوارێک بوونی نییە.

پەروەردەی سەرەتایی سەردەمی منداڵی، لە ماڵەوە دەست پێ دەکات. بۆ ئەم مەبەستەش کتێب و بەرنامەی تێلێڤیزیۆنیی جۆراوجۆر بۆ یارمەتیدانی دایکان بۆ پەروەردەی منداڵانیان بوونی هەیە. پەروەردە لە ماڵەوە، لە ڕاستای پەروەردە لە قوتابخانەیە و جیاوازییەکی لەگەڵدا نییە.

قوتابییانی ژاپۆنی جلوبەرگی تایبەت لەبەر دەکەن و چێشتی نیوەڕۆی خۆیان لە قوتابخانە لەگەڵ مامۆستاکەیان دەخۆن و ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە لەنێوان قوتابییان و مامۆستایان، پەیوەندییەکی باش و دۆستانە دروست ببێت.

قوتابییانی ژاپۆنی ئۆگرییەکی زۆریان بە قوتابخانە هەیە. بەپێی ئامارەکان، ٨٥ لەسەدی قوتابییان لە ژاپۆن لە قوتابخانەدا هەست بە خۆشحاڵی دەکەن و ٩١ لەسەدی قوتابییان ڕایانگەیاندووە کە هیچکات گوتەکانی مامۆستاکانیان لە ژیانی خۆیاندا پشتگوێ نەخستووە.

لە قوتابخانەکانی ژاپۆندا لە حەوتوودا ٢٣٥ خولەک وانەی بیرکاری دەگوترێتەوە و وانەکانی زمان و زانستەکان کەمتر لە ٢٠٥ و ١٦٥ خولەک لە حەوتوودا دەگوترێتەوە.

زۆرینەی قوتابییانی ژاپۆنی دوای قوتابخانە لە کارگە فێرکارییەکاندا بەشداری دەکەن تاکوو بتوانن شتی زۆرتر فێر ببن. هەندێک لە کارگەکان لە ماڵ یان لە شوێنێکی دیکەی جگە لە قوتابخانەکان بەڕێوە دەچێت.

زۆرینەی قوتابخانەکانی ژاپۆن خاوەن سیستەمی دەسپێڕاگەیشتن بە پسپۆڕانی تەندروستین. هەروەها ٩٠ لەسەدی قوتابخانەکان خاوەن یاریگەی وەرزشین و ٧٥ لەسەدیان مەلەوانگەیان هەیە.

لەم وڵاتەدا قوتابییان بە پاس هاتوچۆ ناکەن و قوتابییان دەبێ ڕێگای ماڵەوەیان تاکوو قوتابخانە بە پیادە یان بە پاسکیل ببڕن.

هەر قوتابییەک لە قوتابخانەدا شوێنی پێڵاوی تایبەتی هەیە و تەنیا کتێب و ئەو شتانەی کە پێویستیانە لەگەڵ خۆیان دەبەنە پۆلەکەیانەوە. هەروەها هەر قوتابییەک پێڵاوی تایبەت بە ورزشی لەگەڵە. قوتابییان کاتی چوونە نێو قوتابخانە، پێڵاوێکی نەرم و ڕاحەت لە پێ دەکەن، چونکە ڕۆژانە بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر لە قوتابخانەدان.

لە ژاپۆن قوتابییان بۆ خۆیان قوتابخانەکانیان خاوێن دەکەنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش کاتێکی تایبەت دیاری کراوە. لە کاتی خاوێنکردنەوەی قوتابخانەدا، مۆسیقایەک بڵاو دەکرێتەوە تاکوو هەستێکی باش لە قوتابییاندا دروست ببێت. ئەم شێوازە، هەستی بەرپرسیاریەتی لە منداڵاندا دروست دەکات.

قوتابخانەکان لەم وڵاتە لە درێژایی ساڵی خوێندندا، دوو فێستیڤاڵی گەورە بەڕێوە دەبەن کە بریتین لە فێستیڤاڵی وەرزشی و فێستیڤاڵی فەرهەنگی. فێستیڤاڵی وەرزشی لە کۆتاییەکانی هاویندا بەڕێوە دەچێت. ئەم کێبڕکێیانە دەرفەتگەلێکی زۆر باشن بۆ خۆ دەرخستنی قوتابییان و گەشەی تواناییەکانیان.

چالاکییە سەروو بەرنامەکان لە پۆلی چوارەمەوە دەست پێ دەکات و بریتین لە: "بەسکتباڵ، چێشت‌لێنان، دوورین، یاریکردن، کار بە نەرمەئامێر و لێکۆڵینەوەی زانستی و... .

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سیستەمی پەروەردەی ژاپۆن، "شوناسی گرووپیـ"ـیە. قوتابییان لە پۆلدا پێکەوەن و پێکەوە پۆلەکان تێدەپەڕێنن و دەردەچن. هیچ هەڵاواردنێک لەنێوان قوتابییاندا بوونی نییە و ئەمە وای کردووە کە هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی زانکۆش، ژاپۆنییەکان خۆشحاڵ و تەندروست بن. هەروەها لە قوتابخانەکاندا قوتابییان لە سترێس و دڵەڕاوکێ دەپارێزن و هەستی متمانەبەخۆبوونیان بەرز دەکەنەوە.

بەرزکردنەوەی توانای پشتکار، خۆکۆنترۆڵی، پەیجووری، تێکۆشان و هەستی متمانەبەخۆبوون، بووەتە هۆی ئەوەی کە منداڵانی ژاپۆنی لە حەوتوودا زۆرتر لە ١٠ کاتژمێر ڕاهێنانی بیرکاری بکەن و هەست بە ماندوویی نەکەن و هەست بە ناخۆشی نەکەن. ئەمە دەسەلمێنێت کە سەرکەوتن پەیوەندیی بە IQی سەرەوە نییە.

KURDŞOP
837 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!