جۆرەکانی نان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

نان لە کۆنەوە سەرەکیترین خواردنی کوردەواری بووە. لە وڵاتی کوردەواریدا چەشنی نان بە پێی شوێن جیاواز بووە و لە کات و سەردەمانی جیاوازیش ڕەنگە نانێک لە نانەکانی دیکە بڕەوی زیاتر بووبێت. هەروەها ئەوەی کە بە چی دەگوترێ نان و چی بە نان پۆلێن ناکرێت و بە شتێکی دی ئەژمار دەکرێت جێی مشتومڕە بەڵام ڕەنگە سەرەکیترین پێناسەی نان ئەوە بێت کە لە ئارد کرابێت. خواردنی سەرەکی بووبێت واتە لە هەموو شت زیاتر بەری برسییەتیی پێ گیرابێت و زۆربەی کاتیش لەگەڵ پێخۆرێکی دی لە سەر خوان دانرابێت.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەتوانین چەند شتی گشتی لەسەر نان بڵێین واتە وەکوو پێناسەی نانی کوردی باسی بکەین هەرچەندە لەوانەیە ئێستا لە ژێر کارتێکەریی شوێنەکانی تری ئێران و بە ڕادەیەکی کەمتر وڵاتانی تر و هەروەها بە هۆی بەکارهێنرانی تەکنەلۆجیا و بەبازاڕکردنی نان، زۆر چەشنی تر، "نان"یان پێ بگوترێت کە لە نانەکانی قەدیم و ئەو پێناسەیەی مرۆڤی کۆنتری کورد بە نانی زانیوە دوور بن.

لە کۆندا نان لە ئاردی گەنم و جۆ و هەرزن کراوە، کەپەکی ئارد کەمتر جیاکراوەتەوە بەڵام ئاردێک کە کەپەکی کەمتر بووبێت بە خۆشتر و باشتر دانراوە. زۆربەی کات نان لە ئاردی گەنم کراوە بەڵام بە نابەدڵی و لە کاتی پێویستدا نانی جۆ و زۆر بە کەمتر نانی هەرزنیش خوراوە، ڕەنگە لە کاتی برسییەتی و پیویست لە شتی تریش کەڵکیان وەرگرتبێ بۆ وێنە لە کوێستان و لێڕەوارەکان لە ئاردی بەڕوو، ئەگەر بە تێکەڵیش بووبێت.   

دەتوانین لەسەر چوار بنەما نان پۆلێن بکەین و ناوی لێ بنێین:

١- لە چی کراوە: ئاردی گەنم، جۆ، هەرزن، گەنمەشامی ...

 ٢- چەندە ئەستوورە

 ٣- شتی دیکەی تێکەڵە یان نا

 ٤- لە سەرچی برژێنراوە


بەڵام هەر باوترین پێناسەی نان و ئەوەی بە نان بناسرێت لای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی وڵات ئەوەیە لە ئاردی گەنم کرابێت، ناسک بێت واتە نانێکی پانکراو و تەنککراو دوایە پێوەدراو و برژێنراو بێت.

 

ئەو نانانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر باون

نانی تەندوور

 بە بڕەوترین و باوترین نان لە ساڵانی پێشوودا لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نانی تەندوور بووە کە نانێکی ناسک و تەنکی بە ئەستوورایی 1 بۆ 2 میلی مەترە و زۆرتر شێوە لاکێشەییە و جار و باریش خڕە.  ئەگەر لە هەر شوێنێک نانەواخانەش بەرچاو نەکەوێت دەتوانن لە لای کەبابچی بیبینن. ئەو نانە بە هێندێک جیاوازی لە باری تەنکایی و شێوە و تێکەڵەی ئارد و کەپەک لە شار و گوند دەخورێت. لە شوێنەکانی تری ئێران زیاتر نانی لەواشی پێ دەگوترێت؛ "لەواش" لە بنەڕەتدا وشەیەکی ئەرمەنییە و ئەو نانە لە ئەرمینیاش زۆر باوە. بریتییە لە ئارد و ئاو و هەوێن و خوێ. زۆر هاوشێوەی ئەو نانە لە ماڵان و لە گوندەکان لە سەر ساج دەکرێت.

  

نان ماشێنی

هەمان نانی تەندوورە بەڵام لە ناو تەندووردا نابرژێت و زیاتری کاری ئامادەکردنی هەویر و گونتک و پانکردنەوە و بە ڕفێدەوەدان و خرانە سەر یان ناو ئامێری برژاندن بە مەکینە دەکرێت نەک بە دەست. بە لەزەت و تامخۆشیی نانی تەندوور و بەدەستکراو نییە.

نان سەبووس

سەبووس هەمان کەپەکی نانە. ئێستا بڕەوێکی زیاتری پەیدا کردووە و لە بەر نەخۆشیی شەکرە و بۆ تەندرووستییەکی باشتر خەڵک ڕوویان کردووەتە خواردنی. ئەوەی باوە تەنیا بە مەکینە دەکرێت واتە ناچێتە ناو تەندوورەوە و خەڵک لە ژێر کارتێکەریی فارسییەوە زیاتر پێی دەڵێن نان سەبووس یان سەبووسدار. بە گشتی نانێکی کە کەپەکی لەگەڵ بێت زۆر باشترە.

نانی سەنگەک

جۆرە نانێکە کە لە کۆندا لە کوردەواری باو نەبووە بەڵام لە شارەکانی ئێران خەڵک زۆریان پێ خۆشە. نانێکی ٦-٧ میلیمەتر ئەستووری درێژە کە ئاردێکی بە تایبەت کراوی هەیە و لە نێو تەندوور یان کوورەیەکی گەورە لە سەر ورەدەبەردی داغ و بە گەرما سوورەوەبوو دەکرێت. کەسێک هەویرەکەی بۆ ئامادە دەکات و لەسەر تەختەیەکی دەسکداری درێژ پانی دەکەنەوەو و دوایەش بە شیش لە کوورە و تەندوور دەری دەهێننەوە؛ زیاتر لە نانی سپیی تەندووری و ماشێنی، کەپەکی تێکەڵە و زۆرتر لەگەڵ نانی بەیانی یان فراوین دەخورێت.

نانی بەڕبەڕی

ئەوەش لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانەوە هاتووە و لە ئێران دەڵێن تورک لە هەمووان بەڕبەڕی خۆرترە. نانێکە تا 2 سانتیمەتر ئەستوورە.

نانی باگێت یان نان سەندویج

هەمان نانی سەموونە کە خەڵک زیاتر لە دووکان و مارکێتەکان دەیکڕن تا لە نانەواخانە، زۆر بە نانی سەر سفرە ئەژمار ناکرێت و زیاتر لە سەندویج فرۆشییەکان بە کاری دێنن.

KURDŞOP
868 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!