پەوروەردەی منداڵ لە نێوان تەمەنی ٣ و ٤ ساڵیدا

پەیمان ئەحمەد

دنیای منداڵ لە نێوان تەمەنی ٣ و ٤ ساڵیدا

لە سەرەتای ٣ ساڵیدا منداڵێکی بزۆزی دایم لە جووڵەمان هەیە کە لە بیریەتی زووتر نەیدەتوانی بەو زیرەکی و لێهاتووییەی ئێستای بجووڵێ بۆیە حەز دەکات بە بازدان و سەرکەوتن و لێخوڕین و تۆپێن و، بە گشتی جووڵاندنی ماسولکە گەورەکانی پێ خۆشە بەڵام نەگەیشتووە بە ناسککاری و بۆیە تا دەتوانی لێی گەڕێ هەڵپەڕێ و داپەڕێ و سەما بکات؛ بەڵام کە مقەستی بە کار هێنا، لەبەر ئەوەی هێشتا لێهاتووییەکەی ماوییەتی وریای بە. لێرەدا بە کورتی دەچینە نێو دنیای هەست و مێشکی منداڵ لە نێوان ٣ بۆ ٤ ساڵیدا:

زمان

منداڵ لە ٣ ساڵیدا 250 بۆ 1000 وشە دەزانێت و تا پڕکردنی ٤ ساڵ هەتا ٢٠٠٠یش دەچێت. لە سەرەتادا ڕستەی ٣ تا ٥ وشەیی بەکار دێنێت؛ تا دەتوانی گوێی لێ بگرە، چون هەروەک چۆن جووڵاندنی ماسولکە گەورەکان و سەما کردنی پێ خۆشە بە زمانیش سەما دەکات، وشەی بۆ ڕاست مەکەوە لەگەڵی گۆرانی بڵێ و سەمای جەستە و زمان بکە.

مێشک و خەێاڵ

١- دنیای ڕاستی و خەیاڵی تێکەڵ بە یەکترین، ڕەنگە ئاسمان پەمەیی بێت، پشیلە بفڕێت.

 ٢- خۆی بە ناوەندی دنیا و هەمووشتێک کە ڕوودەدات دەبینێت واتە خۆرەتاو بۆ ئەو هەڵدێت و باران بۆ ئەو دەبارێت. هەرخۆی بۆ گرینگە؛ کە لە منداڵێکی کە بدات، ئەگەر پێی بڵێی: "وامەکە پێت خۆشە ئەویش وات لێ بکات؟" تێناگات. زۆر پرسیار دەکات: مناڵەکەت فێری بیرکردنەوە بکە. چۆن؟ هەموو پرسیارێکی جواب مەدەوە، کورت جواب دەوە نەک دوورودرێژ، یان بڵی تۆ چۆن بیر دەکەیەوە. ئەرێ ئاسمان بۆ شینە؟ نازانم تۆ دەڵێێ چی؛ چون بە شین ڕەنگیان کردووە.

هەست و سۆز

 منداڵی ٣ ساڵە شادی، خەم، ترس و تووڕەیی دەناسێت. لە ٤ ساڵیدا: خۆبەزلزانی، پێداگری، جودایی، گرێدراوی و نزیکایەتیی لێ زیاد دەبێت هەروەها دەتوانێ هاوسۆزییش بکات کە ساوایەک دەگری دەچێ ژیری دەکاتەوە. لە باری ڕەگەزییەوە خۆی دەناسێت و هێڵەکانی جیاوازی لەلای تۆخ دەبێتەوە. سەرەتا لە دایبابی ناهاوڕەگەزی نزیک دەبێتەوە و دەیهەوێ جێگەی دایبابی هاوڕەگەز بگرێتەوە و تەنانەت لەگەڵ ناهاوڕەگەز زەماوەند بکات هەتا وردە وردە دڵسارد دەبێتەوە و تێدەگات.

کایە(یاری): دەرگای چوونە ناو دنیای منداڵ

منداڵان لە کایەدا فێر دەبن و خۆیان دەردەبڕن وباسی خۆشی و ناخۆشی و دڵناڕەحەتییەکانیان دەکەن. منداڵی وایە پێی خۆشە چەن هاوڕێی هەمیشەییی هەبێت. هی واش هەیە هەر لە کاتی کایەدا هاوڕێ دەبینێتەوە. منداڵان دۆست و هاوڕێی خەیاڵییان هەیە کە ڕەنگە نا/هاوڕەگەزبێت، گەورەتر یان چکۆلەتر بێت، ئاژەڵ یان مرۆڤ بێت. گەر دەتهەوێ لە دنیای منداڵ و کێشەکانی تێبگەی یان چارەسەری بکەیت، ببە بە هاوڕێی کایەکانی.

ترس

 منداڵ بەتایبەتی لە نێو سێ بۆ چوار ساڵیدا کە لە گەشەیەکی زۆر خێرادایە و بە کورتی هەم هەست و سۆزی هەڵدەقوڵێ هەم گەشەی جەستە و ناسینی زیاتری دەوروبەر و چاوکرانەوەکەی هەڵیدەبەزێنێت و ڕایدەتڵەکێنێت، تووشی هێندێک ترس دەبێت یان لەوانەیە هێندێک ڕووداوی تازە وەک مردنی دەوروبەر، گۆڕینی شوێنی ژیان یان ڕووداوێکی ناخۆش کە بەسەر خۆی هاتووە، ببێتە هۆی چەکەرەکردنی ترسی تایبەت لە گیانیدا. تاریکی نموونەیەکی بەرچاوی ترسی دنیای منداڵییە. منداڵی وایە ترسەکەی دێنێتە سەر زار، هی وایە لە دەموچاویدا دەبینرێت، هی واش هەیە بە قامک مژین و نینۆک جاوین وقژلوولدان نیشانی دەدات.

دایکوبابی هێژا تکایە ترسی منداڵەکەت ببینە و لێی تێبگە. بە هیچ شێوە لۆمەی مەکە بەڵکوو باوەشی گەرم و تێگەیشتنی پێشکەش بکە. شێروڕێویی مەنتقییانەی بۆ مەهێنەوە. هاوڕێی بە تا ترسەکەی بەسەر دەچێت یان هەتا بە هێواشی دارەدارەی چارەسەریی پێ دەکەی.

سروشتی جیاوازی منداڵان:

پۆلێنێکی ساکاری سروشتی مناڵان بە سەر ٣ چەشندا دەکرێت:

 ئاسانوەرگر، گرانوەرگر، درەنگخووگر.


 ئاسانوەرگر

 شادە، سەرکێشی دەکات، خۆڕێکخەرە و وەک ئاو دەچێتە پەرداخی ژیانەوە.

گرانوەرگر

 هەرساتەو لەسەر هەوایەکە، بە زەحمەت ڕازی دەبێت، بۆ زۆربەی شتەکان وەکوو خواردن و خەوتن و پۆشین وچوونە شوێنی تازە لەگەڵ دایکوباب و چاودێرەکەی دەیکات بە کێشە و هەرا بەڵام ئەگەر بەتاقەت و بە پشوودرێژی و لێزانینەوە لەگەڵی بجووڵێینەوە داهاتوویەکی درەوشاوەی دەبێت: ئەو منداڵانە دەتوانن ببن بە کەسانی زۆر داهێنەر و بەڕێوەبەرانی بەتوانا.

درەنگخووگر

ڕەوتی چالاکیی زۆر هێورە، درەنگ لەگەڵ شوێن و کەسی تازە دەگونجێ و درەنگ هەست و ورووژاویی ئاشکرا دەکات. تا دەتوانی لە پێشدا ئامادەی دۆخی تازەی بکە، یان بۆ چوونە نێو ژینگەی نائاشناوە یارمەتیی بدە وەک بردن یان دیتنەوەی هاوڕێیەک لە سەرەتادا.

منداڵی شەرمن:

شەرمنی لە سروشتی هێندێک منداڵدا بەدی دەکرێت، چی بکەین؟

 ١- منداڵی شەرمن، شەرمنە، قەبووڵی کەن و لۆمەی مەکەن.

 ٢- فێری شتێکی بکەن کە تێیدا درەوشاوە بێت وەکوو وەرزشێک، هونەرێک، یان با لانی کەم هێندێک شتی سەرسووڕهێنەر کە کەسانی دیکە نایزانن فێر بێت.

 ٣-  لە ژینگەیەکی نوێدا سەرەداوێکی ئاشناییی بۆ ببیننەوە.  

KURDŞOP
727 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!