"سارتر و فۆکۆکانی کورد و شەقامی سلێمانی"

رۆڵی نووسەر و رۆشنبیر لە پێکهاتەی فکری کۆمەڵدا

نەجمەدین بابان

 

بە وە بیرهێنانەوەی قسەیەک، باسی کۆمەڵگا و ڕۆشنبیرانی دادەمەزرێنین. دەگێڕنەوە ئەوکاتەی بزووتنەوەی خوێندکاریی فەڕانسە لە چڵەپۆپەی خۆیدا بوو، خۆپێشاندان و هاتنە سەرشەقامی خوێندکاران ئامانی لە دەوڵەت بڕیبوو. هاوڕێ لەگەڵ خوێندکاران، نووسەران و ڕۆشنبیرانی گەورەی فەڕانسە لە پێشەوەی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکاندا بوون. لەو کەسایەتییانەی ناویان هاتووە، ئاماژە بە چەند نووسەر و فەیلەسووفی وەک "ژان پۆل سارتەر" و "میشێل فۆکۆ" و "سیمۆن دۆبوڤار" و ... کراوە.

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی فەڕانسە، یان بە گێڕانەوەیەکی دی، سەرکۆماری ئەوکاتی فەڕانسە، بەمەبەست، هاوڕێ لەگەڵ فەرماندە مەیدانییەکان و بۆ سڕ کردن و کۆکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان و ئاگادار بوون لە چەندوچۆنی پشێوی و خۆپێشاندانەکان، دەچێتە ناو شاری پاریس و شوێنی بەرپابوونی ئاڵۆزییەکان. فەرماندەی مەیدانی دەبینێ هێرشی ئەو ڕۆژەی خوێندکاران، لەهەموو ڕۆژێک کاریگەرتر و توندترە. بۆیە بە فەرماندەی کۆی هێزە چەکدارەکانی فەڕانسە دەڵێ: ئەگەر ئیزن بدەن وەبەر گوللـەیان دەدەین و دەیانکوژین.

فەرماندەی گشتی دەڵێ: کێ وەبەر گوللـە دەدەی؟ ئەوانە "هەموو فەڕانسە"ن. بزانە کێیان لە پێشەوە دەڕوا. کە دەبینن لە پێش خۆپێشاندەرانەوە سارتەر و دۆبوڤار و فۆکۆ و... خەریکی  ڕێپێوانن. ئەو قسەیە چ ڕاست بێ و چ وەک ڕەمز و نیشانە ساز کرابێ، دەرخەری ڕاستییەکی مەزنە. ڕۆشنبیران و نووسەرانی فەڕانسە، لە لایەن فەرماندەی گشتییەوە بە خودی فەڕانسە بەراورد کراون و دەستدرێژی کرانە سەریان، بە دەستدرێژی کردنە سەر فەڕانسە هاتووەتە ئەژمار.

لێرەدا دەبێ ئەو پرسیارە بکەین کە ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە دەبێ چ ڕۆڵێکیان لە کۆمەڵگای فەڕانسەدا گێڕابێ و چ کاریگەرییەکیان لەسەر لاوان و خوێندکاران هەبووبێ، کە هێزە چەکدارەکان ئاوایان ناسیون و وەک خودی فەڕانسە ناویان بردوون و نەیانوێراوە دەستیان بۆ بەرن.

دیارە هەمووان پلە و پایەی ئەو نووسەرانە لە ئاستی جیهاندا دەزانین، بەڵام جودا لەو پلە و پایەیە، ئەوانە لە ناو گەلی خۆیاندا، چۆن دەرکەوتوون و چ ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان گێڕاوە. چۆن بوونەتە جێگای متمانەی ئۆپۆزیسیۆن و مایەی ترسی پۆزیسۆنی سەقامگیر. ڕەنگە زۆر گریمانە بتوانین بخەینە ڕوو،  بەڵام بێگومان دەتوانین بڵێین لە دەرەوەی گریمانەکان ئەوەی ئاشکرایە و بە زمانی خەڵکی ئاسایی دەبێ بکوترێ ئەوەیە کە: ئەو ڕۆشنبیرانە تەنیا نووسەرانی گۆشەی ماڵەکانی خۆیان نەبوون. تاقمیک کە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی خۆیان خزیون و دونیا و ئەوی تێیدایە پشتگوێ دەخەن و لە ناو و کاری خۆیان بەولا، گرینگی بە هیچ نادەن. ئەو نووسەرانە نە تاقمباز بوون و نە بەرچاوتەنگ. نە بە شوێن سازکردنی کەرتی تایبەتی خۆیانەوە بوون و نە گەوجاندنی کۆمەڵگا.  ئەوان ڕووحی وەزاڵە هاتووی کۆمەڵگا بوون. ئەوانە کەسانێک بوون دژ بە دەسەڵاتی نالەبار و فەشەل، بەڵام دوای ئازادییش نەبوونە بار بەسەر شانی شۆڕشگێڕانەوە و نەیانویستووە بە تێوەگلان لە گەندەڵی، دەسەڵات و تەنانەت دامودەزگا و چاپەمەنییەکان، پەردەیەک لە نێوان خۆیان و کۆمەڵگا بکێشن. ئەوانە مەعریفەت و زانیارییان بەخشییە کۆمەڵگا و بەکردەوەش لە ڕێی بیر و مەعریفە و گوتاری خۆیان دا هەنگاویان هەڵگرت. ئەوانە نەهاتوون گەلی خۆیان بەتاڵ بکەنەوە لە مەعریفە. بەڵکوو مەعریفەیان بونیات نا. لە بیر و ئەندێشە و ڕەخنەکاریدا، داهێنانیان کرد. باسی سیستەمی دەسەڵات، بەرامبەرکێی زانست و دەسەڵات، ڕەچەڵەکناسیی دەسەڵات، مرۆڤی ئیگزیستانسیال، ژن و ڕەگەزی دووەمیان کرد و نووسیان و چالاکییان بۆ کرد و بە قسەی کۆپی و دزی لە فڵان و فیسار نووسەر و ڕۆشنبیری پێش خۆیان خەڵکیان فریو نەدا. ئەوانە دروشمیان نەداوە و بە کردەوە ئەوەی بڕوایان پێی بووە کردووشیانە. لەبەرانبەر هەموو هێزە دژە ئازادی و سەرکوتکەر و غەیرە ئینسانییەکان هەڵوێستیان بووە. بیر و قەڵەمیان خزمەتی ئینسانی خۆیان و جیهانی کردووە. بۆیە ڕووسووری مێژوو و گەلی خۆشیان بوون.

ئەدی ڕۆشنبیرانی شاری ڕۆشنبیری (سلێمانی) لە بیست ساڵی ڕابردوودا چۆن بوون. ئەو بابەتە بۆیە ناورووژێنم کە ئەو شارە ئازیز و ناوازەیە تاق بخەمەوە. بەڵکوو بۆیەی باس دەکەم لە چەند ساڵی ڕابردوودا، چەند ڕووداوی نەگونجاوی تێدا هاتە ئارا، کە لەگەڵ مێژووی پڕ لە شکۆی شارەکە یەک ناخوێننەوە و پێم خۆشە لەو نێوە دا ڕۆڵی ڕۆشنبیر و نووسەرانی هەمیشە دژ و ئێستا بێدەنگ و لاڵی ئەوێ بناسمەوە. هیچ مەبەستیشم ئەو شاعیر و نووسەرانە نییە کە هەر لە لایەن ئەو  تاقمە لە مافیای ڕۆشنبیرییەوە پەڕاوێز خراون و بە ئەنقەست هەر ئاوڕیشیان لێ نادەنەوە. ئەوە لە کاتێکدایە، ئەوانەن نموونەی کەسانی دلسۆز و زمانزان و هونەرخوڵقینی سلێمانی . زۆر ناو کە لە نووسینەکانی دیکەدا ئاماژەیان پێ دەکەم و جارێ ناویان ناهێنم.

لە مێژووی مودێڕنی کورددا، سلێمانی بەردەوام شارێکی پێشەنگ بووە و یەک لەوشارە دەگمەنانەی ڕۆژهەڵاتی ناوینە کە دەتوانین بڵێین بەر لەهەمووان ئاکارێکی سێکۆلاری بووە. پێوەندیی خەڵک و ڕۆشنبیر و خوێندەوار و ژن و تەنانەت زانایانی ئایینیشی بە ئایینەوە پێوەندییەکی بناژۆخوازانە نەبووە. دەتوانین بە دەیان مەلای ڕۆشنبیر و شاعیری بە توانای ئەو شارە ناوبەرین کە  بیری "ئەوجیهانی"یان هەر نەبووە و "ئەم جیهانی" بیریان کردووەتەوە. کەسانی تا سەر ئێسقان دونیایی و سێکۆلار بوون و هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی سلێمانی  ببێتە شارێک کە مەکۆی بیر و هزر و ڕۆشنبیری و گەشە و نەشەی ئازادییە. هەموو خەڵکی کورد دەزانن ئەو ئاورەی سەد ساڵ لەمەوبەر لە لایەن کەسانی وەک پیرەمێردەوە کرایەوە و گردی یارە و شوێنی ئاگرەکەی نەورۆزی پیرەمێرد، تەنیا نیشانەی بۆنەیەکی سادەی نەتەوەیی نەبوون، ئەو دیاردانە نیشانەی ڕاوەستان لەبەرانبەر نەریتێکی هەزارن ساڵە لە کۆبوونەوە و خەڵک ڕێکخستن بوو. ڕێکخستنی گەل  بە ئاراستەی "ئەم جیهانی" و "سێکۆلار" و چێژ وەرگرتن لە ژیانی دونیایی و پەرەدان  بە ژیانی عورفی و گەشەی کۆمەڵگا و  ....

مێژووی سەدساڵی ڕابردووی ڕۆشنبیریشی هەر لە چاپخانە و ڕۆژنامەکەی پیرەمێردەوە تا گەلاوێژ و بوونی تیپە مووسیقا و شانۆییە جیاوازەکان و گۆرانیبێژانی ناودار و شێوەکار و پەیکەرسازانی و ... هەموو ئەو ڕاستییە دەردەخەن. دواتریش سازبوونی هێزە سیاسییە چەپ و سۆسیال دێموکڕاتەکان، لەو بوارەشدا هێندی دیکەی سلێمانی ئەوڕۆیی و زیندووتر کردەوە.

بەڵام لە دوو دەیەی ڕابردوودا و بەتایبەت لە پاش ئەوەی تاقمێک نووسەر و ڕۆشنبیر بوونە هاوپەیمانی هێزە توندئاژۆ ئایینییەکان، ئەو ڕاستییە دەرکەوت کە بەشێک لە ڕۆشنبیر و نووسەری سلێمانی و ئەوانەی سەردەمێک خۆیان پێ نموونەی ڕادیکاڵی فیکری بوو، چوونە ژێر داوێنی هێزە توندئاژۆ سیاسییەـئایینییەکان و هەر لەوێوە شاری سێکۆلار و سوسیال دێموکڕات بەرە بەرە خۆی بۆ هێندێ ڕووداوی تاڵی دیکە ئامادە کرد کە نموونەی ئاخریان هێرش کردنە سەر ژنانی ئازاد و  چاوکراوەی سلێمانییە و بێ هیچ هۆکارێک و تەنیا لەبەر ژن بوونیان سووکایەتیان پێ دەکرێ و کەرامەتیان دەشکێ. پرسیار لێرەدایە کە ئەدی کاردانەوە و ڕێنمایی و شیکاریی بەناو ڕۆشنبیرانی قەبەی ئەو شارە لە کام سەرچاوە و دەلاقە و شاشەوە دەبێ ببیندرێ. باسی ئەو نووسەرانە جودایە کە نە دەنگیان بە هیچ کوێ دەگا و  نە مەجالێکیان هەر لە لایەن ئەو تاقمەوە بۆ هێشتراوەتەوە. چون ئەوانە بە  شێوەیەکی هەمووشتخواز و تووتالیتێر زۆربەی ناوەند و بنکە قەبەکانیان هەر لە مێژە خستووەتە ژیر چۆکی خۆیانەوە.

پرسیارێکی دیکە ئەوەیە کە چۆنە هەر لە ناو گەلانی دراوسێی وەک عەڕەب و فارس  و تورک، ئەگەر لە ئاستی کۆمەڵگادا دیاردەیەکی دزێو دەبێتە باو، پێش هەموو کەس نووسەر و ڕۆشنبیرانی ئەو نەتەوانە هەڵوێست دەگرن و دەنگ هەڵدەبڕن. ئەدی چۆنە لە دە ساڵی ڕابردوودا، دەیان و سەدان ڕوودای کارەساتبار بۆ کوردی هەموو پارچەکان هاتە ئارا و ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە متەقیان نەکرد. ئەو هەموو ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی بۆ کوردی چوار پارچە هاتووەتە ئارا، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، تەنانەت نووسەرانی فارسی بۆ بەرگریکردن لە کورد وەزمان هێنا. بۆ وێنە لە "شۆڕشی ژینای ڕۆژهەڵات" دا، دەیان نووسەری فارس و ئەورووپیش بابەتیان نووسی و هاودڵی و  ئاگاداریی خۆیان  لە دۆخەکە نیشا ن دا، کەچی ئەو قەڵەم بەدەستانە، وەک نە بای هاتبێ و نە بۆران، قەڵەمیان لە کالان دەرنەهێنا. ئەی ئەو نووسەرانە کوا هەڵوێست و نووسینیان. ئەگەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی سەلیقە و توانای شرۆڤەیاندایە، ئەدی هەرێمی کوردستان چی؟ ئەگەر هەموو هەرێم بە هی خۆیان نازانن، سلێمانی زێد و شاری خۆشەویست و بە حەق سەردەمێک پێتەختی ڕۆشنبیری چی. خۆ ئەوێ شوێنەزایانە.

سارتر و فۆکانی کورد لە شەقامەکانی سلێمانی دەرناکەون. منیش نازانم بۆ؟

KURDŞOP
938 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!