یەلدا؛ دیاردەیەکی تازە یان نەریتێکی کۆن

یەلدا شەوی لە دایکبوونی هێماجوانەکانی مێژووی ئەو ناوچەیەیە.

یەلدا؛ دیاردەیەکی تازە یان  نەریتێکی کۆن

 

یەلدا شەوی لە دایکبوونی هێماجوانەکانی مێژووی ئەو ناوچەیەیە. ناوچەیەک کە بە درێژایی مێژوو بریندار کراوە و هەر ئەو هێمایانەش هیوایان وەبەر ناوە و جارێکی دیکە برینی بە خۆشەویستی ئەوانەوە ساڕێژ بووەتەوە و تا ئێستا لە هەزاران پێچ و گەوەی مەترسیدار دەرباز بووە.

ئەو هێما مێژووییانەی، کە ئەگەر بەشێکیان گێڕانەوەی چیرۆک و پێشینەی پێشینیانن، بەشێکیشیان ئەو ماکە کاریگەرانەن کە لە پیکهاتەی پەیکەری شوناسی نەتەوەکانی ئەو ناوچەیەدا، جوانیبەخش و واتادارن.

دیارە یەلدا و باس لەسەر شەوی یەلدا، هەروەها هۆکارەکانی گرینگیی ئەو ڕێکەوت و کاتە تایبەتە، قسە و باسیکی تەسەل هەڵدەگرێ و دەکرێ لە زۆر لایەنەوە لەسەری بدوێین. لایەنێکی کە دەکرێ جەختی لەسەر بکرێ؛ لایەنی شوناسسازبوونی ئەو ڕێکەوت و هەڵکەوتانەیە کە گەلان بۆخۆیانی دەدۆزنەوە و دەیکەنە دەرفەتێک بۆ ساز کردنی کۆدەنگیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووری لە کۆمەڵگادا. ئەو شتانەی کۆدەنگییان لەسەر پێکدێ، دواتر داب و ڕەسمی تایبەت بە خۆشیان بۆ ساز دەکرێ و خەڵک دەبێ ئەو داب و ڕەسمانە بەڕیوە بەرن. بە گشتی وەکی کۆمەڵناسان دەڵێن ڕێکەوت و هەڵکەوتێک دەبێتە خاوەن ئایین، واتە یاسا و ڕێسای تایبەت بۆ بەڕیوەبردن. ئەو ئایینانە بە پێی تایبەتمەندیی زمانی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی، لە هەر ناوچەیەک لە ناوچەکانی پانتایی جوغڕافیایەکی بەریندا، دەبنە خاوەن هێندێک وردە تایبەتمەندیی دیکە، کە بە نەتەوەیەکی تایبەتەوە دەبەسترێنەوە. هەڵبەت هێندێک تایبەتمەندیی هاوبەشیشیان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی کە بڕوایان بەو بۆنە و ڕێکەوتانە هەیە بۆ پێناسە دەکرێ. بە گشتی دەبنە بەشێک لە شوناس یان یەکێک لە خشتەکانی بینای شوناسی ئەو گەلە.

گەلێکیش ئەو وردە خشت و وەردە مێژوو و وردە هێمایانەی نەبێ، ئەوە بێ گومان شوناسێکی سست و لەرزۆکی هەیە. چون پرسیارێک کە دەکری بێتە ئاراوە ئەوەیە: ئەدی ئەگەر گەلێک ئەو وردە فاکتەرە شوناسسازانەی نییە، لە چی بینای شوناسی خۆی پێکدێنێ؟ ئەوانە میراتی ڕابردوون و ئێمە گەلێکی خاوەن ڕابردووین. خاوەنی ئەدەب و مێژوو و داب و ڕەسم و هەموو ئەو سازدەرانەین کە پێیان دەگوترێ شوناسی نەتەوەیی. بۆیە بەردەوام نووسەران و بیرمەندان و تەنانەت خەڵکی ئاساییشمان ڕاهاتوون کە سوور بن لەسەر پاراستن و دەوڵەمەند کردنی ئەو میراتەی پێشینیان. چون وەکی "ئاگۆست کۆنت" دەڵێ: پێشینیان لە ساز کردنی کۆمەڵگادا بەشیان زیاتر لەخەڵکی ئێستا وەبەر دەکەوێ" ئەوەش بەو واتایەیە؛ نەتەوەیەک ئەو پێشینە و مێژینەیەی خۆی نەناسێ، نەیپارێزی، پلانی بۆی نەبێ و پەرەی پێ نەدا، بی گومان لاواز دەبێ و تەنانەت مەترسیی ئەوەی لەسەرە بەرەو تێداچوونی شوناس و گۆڕان و دۆڕانی شوناس هەنگاو هەڵبگرێ.

ئێستا بە خێرایی ئەگەر لەسەر بنەمای نووسینی مێژووزانان ئاوڕێک لە یەلدا وەک یەکێک لەو بۆنە و ڕێکەوتانە بدەینەوە، دەبێ ئاماژە بەو خاڵانە بکەین:

ھەزار و سێسەد ساڵ بەر لە زایین، ئاریاییەکان دەبنە چەند دەستە. دەستەیەک ڕوو ده‌كه‌نه‌ فەلاتی ئێران، دەستەیەکیشیان ڕوو دەکەنە وڵاتی هیند، ئەوانەی دێنه‌ ئێران بە کاروباری ئاژەڵداری و کشتوكاڵەوە سەرقاڵ دەبن، بەڵام ئەو ئاریاییانەی دەچنە ھیند، لە ڕێگای ڕاو و تاڵانکردنی گەلەکانی دیکەوە ژیان دەبەنە سه‌ر و ئەوەش دەبێتە بەشێک لە خوو و خدەی خراپی ئەوان. ئەو هەڵسوکەوتەیان دەبێتە ھۆی ترسانی ئاریاییەکانی بەشی ئێران کە پێویستیان بە ئارامی و هێمنایه‌تی  لە لێڕەوار و لەوەڕگە و مه‌زراكانیان هه‌بوو، چونکە ئاریاییەکانی ھیند بڕوایان بە ئاژەڵداری نەبووو هه‌ر بۆیه‌ ھەر جار نا جارێک ھەڵمەتیان دێنا سەر زەویوزار و ئاژەڵی ئاریاییە ئاژەڵدارەکان، زەمینیان لێ داگیر دەکردن، سامان و دارایییان لی زەوت دەکردن، مەڕ و ماڵاتیان بە تاڵان دەبردن.

لەو سەردەمەدا کە ئەو گرژی و ناخۆشی و پەلامار و بەرگرییانە لە نێوان ئەو دوو سنوورەدا لە ئارادایە، لە باری بڕواوە؛ خودای زۆربەی ئەو نەتەوانەی لە جواغڕافیای ئێراندا دەژیان "ئەھوورا مەزدا" بوو و خودای ئەوان ئیزەدێک بوو بە "دێئۆ" ناسرابوو.

دوژمنایەتیی نێوان ئەو دوولایەنە وای کرد، ئێرانییەکان لەبەرانبەر ئەو هێزە دەرەکییە کە لە دژی ئەوان بوو و هەڵسوکەوت و بیر و بۆچوونی لەگەڵ ئەوان یەکی نەدەگرتەوە و تەنانەت بە پێچەوانەی ئەوان بوو، هەڵوێست بگرن و هەوڵ بدەن لە ئاستی کولتووری و زمانیدا بەرەنگاریان ببنەوە. بۆیە وایان کرد خەڵکەکەی خۆیان  وشەی "دێئۆ" بۆ دوژمن بە کار بێنن و دواتر وشەی "دێو" بە ھەرچی دزێو و دوژمن بوو دەکوترا.

ھەر بەوجۆرەش ئاریاییەکانی ھێند، هێزی بەرانبەر واتە لایەنگرانی ئەهوورایان بە دژی خۆیان دەناسی و نەفرەتیان لە ئەھوورا بوو.

بەڵام خاڵی سەرنجراکێش ئەوەیە کە هەر دوو لا بروایان  بە ئیزەدی "بەڵین و پەیمان" ھەبوو. ئەو ئیزەدە؛ ئیزەدی ھەتاو بوو. خوایەک کە لە دەقەکاندا جودا لەو وەسفانە، بە ناوی دیکەی وەک "میسرە" یان "میترا" ناودێر کراوە.

بۆیە ئاریاییەکانی ئێران، کاتێک پەیمانی سوڵح و ئاشتەوایییان لە گەڵ تاڵانگەرانی ھیند دەبەست، ئەو خودایەیان بە شاھید دەگرت و زەوی و ئاژەڵی خۆیان دەپاراست.

ئیزەدی "میترا" کە هەم ئیزەدی ھەتاو و هەم ئیزەدی جەنگاوەری بوو، بە بڕوای نەتەوە ئێرانییەکان، لە دواھەمین شەوی پاییزدا، کە درێژترین شەوە، لە ئەشکەوتێکدا، لە دایک دەبێ.

ئیتر ئەو ئیزەدە بە تایبەت لە لای ئاژەڵداران و وەرزێڕان کە خەڵکی کوردیشی دەگرتەوە، زۆر پیرۆز بوو. بە شێوەیەک کە ھەندێک ئەھوورا وەلا دەنێن و ھەر ئەو ئیزەدە دەپەرستن،  وەکوو "ئیزەدی"یەکان و "کاکەیی"یه‌کان کە ھەتاو لە لایان پیرۆزە.

ھەروەک گوترا میترا خودای جەنگاوەرییش بوو. چونکە لە شەڕەکانی زەمانی ئەشکانیان لە گەڵ ڕۆمدا، کە زۆرتر لە هەرێمی ڕۆژئاوای ئێستای کوردستان دەهاتنە ئاراوە، زیاتر ئێرانییەکان سەردەکەوتن. ڕۆمییە کان حەولیان دا خودای شەڕی ئێرانییەکان بپەرستن، کە وابوو وردە وردە شەوی لە دایک بوونی میترا لە لای ئەوانیش بوو بە شەوێکی ڕێزدار و بە پیرۆزی چاوی لێ دەکرا و دەکرایە جەژن و ئیتر پاش ئەوەیه یەلدا لە کولتوور و زمانی "سۆریانی"دا کە گەلی ژێر دەستی ڕۆم بوون، بە واتای شەوی لە دایک بوونە.

ئەوەی کە بڵێین یەلدا و ڕێوڕەسمەکانی تەنیا ھی کوردە یان نا؟ پرسیارێکی تەواو نییە. چونکە یەلدا ھی ھەموو ئەو نەتەوانەیە کە لە جوغڕافیای فەلاتی ئێراندا ژیاون. بەڵام بێ گومان ئێمەی کورد بەشمان بەسەرییەوە هەیە و لە پاراستن و سازکردن و واتابەخشی بەو کاتە تایبەتە ڕۆڵمان بووە، بۆ دۆزینەوەی ئەو کاریگەری و کارتێکەرییە بەڵگە زۆرن و یەک لەوان ئەوەیە کە تا ئێستاش ھێمای میترا یانی خۆر، لە لایەن ئیزەدی و کاکەییەکانەوە ستایش دەکرێ.

یەلدا وەکی کوتمان نەتەنیا ئەو مێژووە دێرینە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی دەستەڵاتەکانی مێژووی ئاسیای لە پشتە، واتایەکی دیکەشی "لەدایک بوون"ە. لەدایک بوونی جوانییەکان. وەکی کوتیشمان ئەوە واتایەکە لە زمانی سۆریانیدا بۆ ئەو وشەیە هەیە.

KURDŞOP
895 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!