پێشکەشکردنی خەڵاتی "ساخارۆف" بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

- کوردشۆپ

پارلەمانی یەکیەتیی ئەورووپا، خەڵاتی "ساخارۆف"ی ئەمساڵی پێشکەشی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی (١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی زایینی)، دوای تێپەڕینی ساڵێک بەسەر شەهیدکرانی "ژینا ئەمینی" (کچە کوردی خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە تارانی پایتەختی ئێران بە دەستی پۆلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید کرا)، پارلەمانی یەکیەتیی ئەورووپا ڕایگەیاند کە بەنرخترین خەڵاتی مافی مرۆییی ئەورووپا (ساخارۆف)، پێشکەشی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.

پارلەمانی یەکیەتیی ئەورووپا ڕایگەیاند کە ڕێکەوتی ١٣ی دێسامبری ٢٠٢٣ی زایینی، ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتی "ساخارۆف" لە پارلەمانی یەکیەتیی ئەورووپا لە شاری "ستراسبۆرگ"ی وڵاتی فەڕانسە بەڕێوە دەبرێت.

"ڕۆبێرتۆ مێتسۆلا"، سەرۆکی پارلەمانی یەکیەتیی ئەورووپا، لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە گرینگەدا، گوتی: "کوشتنی ژینا ئەمینی، نیشاندەری خاڵێکی وەرچەرخان لە ئێران بوو و ئەم کوشتنە بووە هۆی پێکهاتنی بزووتنەوەیەک بە ڕێبەرایەتیی ژنان کە مێژووساز بوو."

ناوبراو لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا گوتی: "پارلەمانی ئەورووپا شانازی بەوەوە دەکات کە لەگەڵ خەڵکێکی ئازایە کە لە ئێراندا بۆ بەرابەری، کەرامەت و ئازادی خەبات دەکەن. هەروەها ئێمە لەگەڵ کەسانێکین کە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هێشتا بۆ پاراستنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی تێدەکۆشن."

 

خەڵاتی "ساخارۆف"

خەڵاتی "ساخارۆف" کە بە ناوی "ئاندرێ ساخارۆف"، زانا و دژبەری دەوڵەتی یەکیەتیی سۆڤییەتی پێشوو ناو نراوە، گرینگترین خەڵاتی مافی مرۆییی یەکیەتیی ئەورووپایە کە لە دێسامبری ساڵی ١٩٨٨ی زایینی لەلایەن پارلەمانی ئەورووپاوە بنیات نراوە. خەڵاتی ساخارۆف لە ساڵی ١٩٨٨ی زایینییەوە تاکوو ئێستا، هەموو ساڵێک لەلایەن پارلەمانی یەکیەتیی ئەورووپاوە بە کەسێک یان چەند چالاکی مافی مرۆڤ و بواری دێمۆکراسی، پێشکەش دەکرێت.

خەڵاتی ساخارۆف بەگشتی ساڵانە لە ڕێکەوتی ١٠ی دێسامبر کە بەرابەرە لەگەڵ ساڵیادی پەسەندکردنی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٨ی زایینی و بەرابەرە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ، پێشکەش دەکرێت.

لەم پەیوەندییەدا، ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی (٢٠١٦ی زایینی)، دوو کچە کوردی ئێزدیی خەڵکی باشووری کوردستان بە ناوەکانی "نادیا موراد و لامیا حاجی‌بەشەر"، کە لەلایەن گرووپی تیرۆریستیی "داعش"ەوە ڕفێندرابوون و دوای ڕزگاربوونیان باسیان لە تاوانەکانی داعش دژی ژنانی ئێزدی کردبوو، خەڵاتی "ساخارۆف"یان وەرگرتبوو. "مارتین شۆلتس"، سەرۆکی ئەوکاتی پارلەمانی ئەورووپا لە کاتی پێشکەشکردنی ئەو خەڵاتەدا گوتی: نادیا موراد و لامیا حاجی‌بەشەر، دوو ژنی لاوی زۆر بەهێزن کە بۆ کۆمەڵگەی خۆیان خەبات دەکەن.  پێش ئەم دوو کچە کوردەش، لە ساڵی 1995 لەیلا زانای سیاسەتوانی باکووری کوردستان، ئەم خەڵاتەی پێ درابوو.

هەروەها ئەم خەڵاتە پێشترین لە ساڵی ٢٠١٢ی زایینیدا بە دوو ئێرانی بە ناوەکانی "جەعفەر پەناهی" و "نەسرین ستوودە" پێشکەش کرابوو.

ساڵی ڕابردووش (٢٠٢٢ی زایینی)، پارلەمانی یەکیەتیی ئەورووپا، ئەم خەڵاتەی پێشکەشی "ئۆلێگ سێنتنێسۆف"، دەرهێنەر و فیلمنامەنووسی خەڵکی ئۆکراین کرد.

پێشتر کەسانێک وەک "نێلسۆن ماندێلا، بەندکراوی ناوداری سەردەمی ئاپارتاید لە ئافریقای باشوور و سەرۆککۆماری پێشووی ئەو وڵاتە، ئەلێکساندەر دۆبێچک، ڕێبەری کۆماری سوسیالیستیی چێکێسلواکی لە ڕووداوەکانی بەهاری پەراگ لە ساڵی ١٩٦٨، تەسلیمە نەسرین، نووسەر و فێمێنیستی بەنگلادشی و مەلالە یووسف‌زی، کچە لاوی پاکستانی کە لەلایەن تاڵبانەوە گولـلەباران کرا"، خەڵاتی ساخارۆفیان وەرگرتووە.

 

شۆڕشی ژینا یان بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی (٢٠٢٢ی زایینی)، دوای دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزی پۆلیسی گەشتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، کوژرا. دەوڵەتی ئێران هەتاکوو ئێستاش، کوشتنی ژینا ئەمینیی ڕەت کردووەتەوە و دانی پێدا نەناوە و بۆ ئەم مەبەستەش سێناریۆی زۆری دروست کردووە.

بەڵام کوشتنی ژینا ئەمینی، بووە هۆی هەڵگیرساندنی شۆڕشێک کە بە شۆڕشی ژینا یان بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی ناسراوە. لە ماوەی ئەم یەک ساڵەدا، خەڵکانی سەر بە نەتەوە جیاوازەکانی ئێران، دژی ستەمی نەتەوایەتی، نابەرابەریی ڕەگەزی، حیجابی زۆرەملێ و ستەم لە ژنان و... بەردەوام و بە شێوازی جۆراوجۆر ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و ئەم ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییانە سەدان شەهید و هەزاران برینداری لێکەوتووەتەوە و سزای قورسیش (سێدارە، بەندکران، قامچی و سزای نەختی و..." بەسەر هەزاران کەسدا سەپێندراوە.

 

 

 

KURDŞOP
788 بینین

دەنگبێژی بەناوبانگ، "قادر سۆفیانی" کۆچی دواییی کرد

پێشانگەی هونەرمەندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەولێر

پێشانگەیەکی تایبەت بە کارە هونەرییەکانی ماشەڵڵا محەممەدی (ئارێز)، هونەرمەندی شێوەکاری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەولێر کرایەوە.

سەرکەوتنی ئامەدسپۆر پیرۆز بێت

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستانیش ئەگەرچی لە لایەن شۆڤێنییە دەسەڵاتدارەکانەوە زۆر دژایەتیی کراوە و دژایەتی دەکرێت، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە تا ئێستا توانیویەتی بەردەوام ڕێگای سەرکەوتن بەرەو لووتکە بپێوێ و ئێستا بووەتە نوێنەری دەنگی کوردستانییانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە گۆڕەپانی وەرزشدا.

پیرۆزبایی بە بۆنەی سەرکەوتنی کوردان بەسەر فاشیسمدا لە باکووری کوردستان

لە ڕۆژانی ڕابردوودا نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان دوو سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکرد. یەکەمیان سەرکەوتنی حزبی کوردستانیی دەم پارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ٨٥ شارەوانی و بە تایبەتیش شارەوانییەکانی ۱۱ گەورەشاری باکووری کوردستان بوو.

"خەلاتی نێ" خەڵاتێکی نیشتمانی

خەڵاتێکی ساڵانە لە لایەن ڕای گشتیی خەڵکێ گەورە دێی "نێ"ی مەریوانەوە دیاری کراوە کە بڕیارە لەمساڵەوە بدریت بە کەسانی هەڵکەوتووی بوارە جیاجیاکان لە دەڤەری مەریواندا.

جێژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی پیرۆز بێت

جێژنی نەورۆز بۆ نەتەوەی کورد جێژنی جەختکردنەوە لەسەر مافە ڕەوانەکانی و وەربیرهێنانەوەی مێژوویەکی درێژ لە خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و ڕزگارییە و ئاگری گەشی نەورۆز کە لە لایەن نەتەوەی کوردەوە دادەگیرسێ، هێمای هیوا بە دواڕۆژی ڕووناک بۆ نەتەوە و نێشتمانەکەمانە.

سێهەم ساڵیادی دامەزراندنی کوردشۆپ پیرۆز بێت

کوردشۆپ لە ماوەی سێ ساڵ چالاکیی خۆیادا هەوڵی داوە دەنگ و ڕەنگی هەموو کوردان لە سەرانسەری کوردستان بێ و بە بێ جیاوازی ئاوڕ لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان بداتەوە و خەڵکی کوردستان بە مێژوو، جوگرافیا، هونەر، زمان، ئەدەبیات، کەلتوور و کەلەپووری ناوچە جیاوازەکانی کوردستان زیاتر ئاشنا بکات.

کۆڕیک بۆ سینەمای کوردی لە مەریوان

ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان بە هاوکاریی سینەما کوردستان، کۆڕێکی بۆ سینەمای کوردی و نمایشی سێ فیلمە تازەکەی سێ دەرهێنەری مەریوانی بەڕێوە برد.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!