پێشانگەی "قەڵای دم‌دم" لە هەولێر

پێشانگەیەکی تایبەت بە کارە هونەرییەکانی ئیرەج قادری‌ئازەر، هونەرمەندی شێوەکاری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەولێر کرایەوە.

 

-کوردشۆپڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەر (14ی ئۆکتۆبەر)، ناوەندی ڕۆشنبیریی "مەم و زین" لە هەولێر لە گەلەریی میدیا، پێشانگەیەکی لەژێر ناوی "قەڵای دم‌دم" بۆ کارە هونەرییەکانی ئیرەج قادری‌ئازەر ناسراو بە "ژیلەمۆ"، هونەرمەندی شێوەکاری خەڵکی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە کە هەتا ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی ڕەزبەر (18ی ئۆکتۆبەر) بەردەوام بوو.

لەم پەیوەندییەدا، "یاران هیوا"، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ڕۆشنبیریی "مەم و زین" سەبارەت بە بابەتی ئەم پێشانگەیە بە "کوردشۆپ"ی ڕاگەیاند: "لە پێشانگەکەدا بەگشتی لەسەر سێ بابەت بە شێوازی پڕۆژە  کار کراوە: مێژووی کورد، ئەدەبیاتی کوردی و کەلتووری کوردی. یەکێک لەو بابەتانەی کە لە بواری مێژووەوە کاری لەسەر کراوە و دیارترینی تابڵۆکانە، قەڵای دم‌دمە. تابڵۆی قەڵای دم‌دەم لە قەبارەیەکی گەورەدا کێشراوە و وردەکاریی زۆر زۆری تێدایە. هونەرمەند لەسەر ئەم تابلۆیە کاری زۆر وردی لەسەر هەردوو لایەن کردووە، هەم لایەنی کورد کە پێک هاتوون لە چەند هۆزێک و میرێکی جیاواز کە لە قەڵاکە بەرگری دەکەن و لایەنی بەرامبەریش کە لە دەوڵەتی قاجاڕ و هێزی دژبەری دیکە پێک هاتووە."

"یاران هیوا" سەبارەت بە پەیامی ئەم پێشانگەیەش گوتی: "ئەم پێشانگەیە دەیەوێت مێژوو، ئەدەبیات و کەلتووری کوردی، بە جۆرێکی دیکە و لە ڕوانگەیەکی دیکەوە بە خەڵک و نەتەوەی کورد نیشان بدات."

ناوبراو لە پەیوەندی لەگەڵ مەبەستی ناوەندی ڕۆشنبیریی "مەم و زین" لە کردنەوەی ئەم پێشانگەیە، بە "کوردشۆپ"ی ڕاگەیاند: "ئێمە ساڵانە فێستیڤاڵی مەم و زین ڕێک دەخەین و لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا چالاکییەکی هونەریش ڕێک دەخەین، بۆ ئەوەی ئەدەب و هونەر بەیەکەوە ببەستینەوە و بەرهەمی هونەرمەندانی هەر چوار بەشی کوردستان لەم فێستیڤاڵەدا ڕەنگ بداتەوە. ئەمساڵ مەم و زین، هونەرمەند ئیرەج قادری‌ئازەری هەڵبژارد، چونکە ئەمە یەکەمجارە ئەو هونەرمەندە کوردە لە ماوەی کارکردنی هونەریی خۆیدا لە هەرێمی کوردستاندا پێشانگەیەک بکاتەوە."

سەبارەت بە پێشوازیی خەڵک لە پێشانگەی "قەڵای دم‌دم"، "بوخاری وشیار"، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین، بە "کوردشۆپ"ی ڕاگەیاند: "خۆشبەختانە پێشوازییەکی زۆر گەرم لە پێشانگەی قەڵای دم‌دم کرا. هەڵبەت ئەمە یەکێک لەو دەگمەن پێشانگایانەیە کە بۆ هونەرمەندانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ساز دەکرێت. ئەم پێشانگەیە لە چوارچێوەی چوارەمین فێستیڤاڵی مەم و زین کرایەوە و ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەر، دوایین ڕۆژی بوو. خۆشبەختانە هێندە ڕێژەی سەردانکەران زۆر بوو کە داوای درێژکردنەوەی ماوەی پێشانگەکە کراوە. هەروەها لە هەموو چین و توێژە جیاوازەکان، کەسانی حکومی، قوتابییان، هونەرمەندان، نووسەران و خەڵکی ئاسایی سەردانی ئەم پێشانگەیەیان کرد و دەسخۆشیی زۆریش کراوە. شایانی باسە کە ئەم پێشانگەیە دەنگدانەوەی زۆری لە نێوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەبوو و لەلایەن میدیاکانەوە بەباشی ڕووماڵ کراوە."

بوخاری وشیار، سەبارەت بە کاریگەریی ئەم جۆرە پێشانگەگەلە لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان، گوتی: "کاریگەریی ئەم جۆرە پێشانگەگەلە لەسەر کۆمەڵگەی کوردی ئەوەیە کە وا دەکات ئێمە بە چاوێکی ترەوە سەیری هونەری شێوەکاری و سەیری خۆمان بکەین. هەروەها ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئێمە لە بواری هونەری و شێوەکارییەوە دەتوانین مێژووی خۆمان بۆ دونیا باس بکەین و دەتوانین پەیامی خۆمان لە ڕێگای شێوەکارییەوە بە دونیا بگەیەنین، چونکە زمانی هونەر وایە کە هەر کەس لە جیهاندا دەتوانێت لێی تێبگات، ئەمە بۆ خۆی کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ئاستی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگە دادنێت، بۆ نموونە وا دەکات مێژوومان بزانین و لەبیری نەکەین."

ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین بۆ داهاتووش بەرنامەیان ئەوەیە کە لەم جۆرە پێشانگەگەلە بۆ هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی کوردستان بکەنەوە. مەم و زین هەوڵ دەدات کە سەکۆیەک بێت تاکوو بتوانێت دەنگی هونەرمەندانی کورد لە ڕێگای هونەرەکانیانەوە بگەیەنێت و هەرێمی کوردستان بکەنە جێگایەک بۆ گەیاندنی پەیامی هونەرمەندانی کوردستانی گەورە و بەم جۆرە خزمەتی کورد و کوردستان بکەن.

کورتەیەک لە بیۆگرافیی ئیرەج قادری‌ئازەر

ئیرەج قادری‌ئازەر (ناسراو بە ژیلەمۆ)، لە یەکەم ڕۆژی بەهاری ساڵی ١٩٦٨ی زایینی لە ماڵی باپیرەی – لای دایکی- لە شاری مەهاباد لەدایک بووە. هەر بە منداڵی بەهۆی کاری باوکییەوە لە زێدی خۆی دوور کەوتووەتەوە. بە تەمەنی منداڵی و لاوی لە شارەکانی مەراغە، سنە و تەورێز ژیاوە. لە منداڵییەوە هۆگری وێنەکێشان بووە، بەڵام لەلایەن بنەماڵەکەیەوە ڕێگەی خوێندنی هونەری پێ نەدراوە و ناچار خوێندنی باڵای خۆی لە ڕشتەی ئەندازیاریدا تەواو کردووە و ساڵانێکی زۆریش لە شارەکانی ئیسفەهان و دواتر لە باشووری ئێران، واتە گۆڕەپانی غازی پارسی باشووری ئێران درێژەی بە کاری ئەندازیاری داوە. بەڵام پاش ٢٨ ساڵ کارکردن، واتە لە تەمەنی پەنجا ساڵەی ژیانیدا، دەستی لە ئەندازیاری هەڵگرتووە و تێکەڵ بە دنیای هونەر بووە و وەدوای ئاواتەکانی خۆی کەوتووە.

یەکەم پێشانگەی تاکەکەسیی لە ساڵی ٢٠١٩ لە مهاباد بەڕێوە بردووە، دواتر لە ساڵەکانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ بەشداریی دوو پێشانگەی لە وڵاتی ئیتالیا (شارەکانی ڤێنیز و وێڕۆنا) کردووە و لە ساڵی ٢٠٢٢ لە پێشانگەیەکی هاوبەش لە وڵاتی ئاڵماندا (شاری مۆنیخ) بەشدار بووە.

KURDŞOP
946 بینین

دەنگبێژی بەناوبانگ، "قادر سۆفیانی" کۆچی دواییی کرد

پێشانگەی هونەرمەندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەولێر

پێشانگەیەکی تایبەت بە کارە هونەرییەکانی ماشەڵڵا محەممەدی (ئارێز)، هونەرمەندی شێوەکاری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەولێر کرایەوە.

سەرکەوتنی ئامەدسپۆر پیرۆز بێت

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستانیش ئەگەرچی لە لایەن شۆڤێنییە دەسەڵاتدارەکانەوە زۆر دژایەتیی کراوە و دژایەتی دەکرێت، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە تا ئێستا توانیویەتی بەردەوام ڕێگای سەرکەوتن بەرەو لووتکە بپێوێ و ئێستا بووەتە نوێنەری دەنگی کوردستانییانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە گۆڕەپانی وەرزشدا.

پیرۆزبایی بە بۆنەی سەرکەوتنی کوردان بەسەر فاشیسمدا لە باکووری کوردستان

لە ڕۆژانی ڕابردوودا نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان دوو سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکرد. یەکەمیان سەرکەوتنی حزبی کوردستانیی دەم پارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ٨٥ شارەوانی و بە تایبەتیش شارەوانییەکانی ۱۱ گەورەشاری باکووری کوردستان بوو.

"خەلاتی نێ" خەڵاتێکی نیشتمانی

خەڵاتێکی ساڵانە لە لایەن ڕای گشتیی خەڵکێ گەورە دێی "نێ"ی مەریوانەوە دیاری کراوە کە بڕیارە لەمساڵەوە بدریت بە کەسانی هەڵکەوتووی بوارە جیاجیاکان لە دەڤەری مەریواندا.

جێژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی پیرۆز بێت

جێژنی نەورۆز بۆ نەتەوەی کورد جێژنی جەختکردنەوە لەسەر مافە ڕەوانەکانی و وەربیرهێنانەوەی مێژوویەکی درێژ لە خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و ڕزگارییە و ئاگری گەشی نەورۆز کە لە لایەن نەتەوەی کوردەوە دادەگیرسێ، هێمای هیوا بە دواڕۆژی ڕووناک بۆ نەتەوە و نێشتمانەکەمانە.

سێهەم ساڵیادی دامەزراندنی کوردشۆپ پیرۆز بێت

کوردشۆپ لە ماوەی سێ ساڵ چالاکیی خۆیادا هەوڵی داوە دەنگ و ڕەنگی هەموو کوردان لە سەرانسەری کوردستان بێ و بە بێ جیاوازی ئاوڕ لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان بداتەوە و خەڵکی کوردستان بە مێژوو، جوگرافیا، هونەر، زمان، ئەدەبیات، کەلتوور و کەلەپووری ناوچە جیاوازەکانی کوردستان زیاتر ئاشنا بکات.

کۆڕیک بۆ سینەمای کوردی لە مەریوان

ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان بە هاوکاریی سینەما کوردستان، کۆڕێکی بۆ سینەمای کوردی و نمایشی سێ فیلمە تازەکەی سێ دەرهێنەری مەریوانی بەڕێوە برد.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!