٧٥ ساڵ دوای چاپی یەکەمی دیوانی دڵدار، ئەم دیوانە ئەمجارە لە باکووری کوردستان، لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی "ئاڤێستا"وە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم چاپە نوێیە لەلایەن "شیار شەریف بێرازی" ئامادە و تایپ کراوە. دیوانەکە لە ٣٦ شیعر پێکهاتووە، ژیاننامەی دڵدار بە زمانی کوردیی کرمانجی نووسراوە و هەروەها فەرهەنگێکیش بە زاراوەکانی کرمانجی و سۆرانی ئامادە کراوە. لە دیوانی دڵداردا هەرچەندە مژاری نەتەوەیی هەیە، بەڵام هەندێک جار ئامۆژگاریی گەنجان و منداڵانیشی کردووە. دیوانی "ئەی ڕەقیب"ی شاعیری نەتەوەیی، دڵدار، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٤٨ بە زاراوەی سۆرانی چاپ و بڵاوکرابووەوە.
.............
شاعیری سروودی نەتەوەییی "ئەی ڕەقیب"، دڵدار (یونس ڕەئوف) لە ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ١٩١٨ لە شاری کۆیە لە دایک بووە. لە ساڵی ١٩٤٨ لە شاری هەولێر کۆچی دواییی کردووە. دڵدار لە سەردەمی گۆڕانکاری و سەرهەڵدانی ڕێبازە ئەدەبییەکاندا ژیاوە. لە نێو کورددا بەشێوەی سەرەتایی شێوازی کلاسیک و ڕۆمانسیزم و ڕیالیزم هەبوو، واتە دڵدار، لە دوا قۆناغی کلاسیک و ناوەڕاستی ڕۆمانسیزم و سەرەتای ڕیالیزمدا ژیاوە. بۆیە هێڵکاریی ئەم شێوازانە بە ڕوونی لە شیعرەکانیدا دەبینرێن. مرۆڤ کاتێک سەیری شیعرەکانی دڵدار دەکات، بە ڕوونی دەبینێت تێکەڵەیەک لەم سێ میتۆدەن، بۆیە پێناسەکردنی میتۆدی ئەدەبیی شیعرەکانی دڵدار ئاسان نییە. بەشێک لە شیعرەکانی بە تەواوی ریالیستین و لەگەڵ واقیعی کۆمەڵگای کوردی ئەو سەردەمەدا هاوڕان. بە پێی ئەو قۆناغەی تێیدا ژیاوە، نموونەی ئەو شاعیرانەیە کە شیعری نوێی کوردییان تاقی کردووەتەوە. بە پێی لێکۆڵینەوەکانی سەر نوێبوونەوەی شیعری کوردی، ئەگەر دڵدار یەکێک نەبێت لە دامەزرێنەرانی قوتابخانەی ڕۆمانتیزم و ڕیالیزم، ئەوا یەکێکە لەو نووسەرانەی شیعری کوردیی لە ڕووی کێش و سەروا و مۆسیقا و واتاوە نوێ کردووەتەوە. ئەگەر مرۆڤ دیوانی دڵدار بە وردی بخوێنێتەوە، دەبینێت ئایدۆلۆژیاکەی ئایدۆلۆژیایەکی پێشکەوتووی نەتەوەی کوردە. ئامانج و ئاواتی سەرەکیی شیعرەکانی، هۆشیارکردنەوەی نەتەوەی کوردە لە دواکەوتوویی و نەزانی و ناعەدالەتی.
ڕەمەزان حەمەدەمین