" پاراستنی پێست لە وەرزی زستاندا

 قەڵشینی پێستی دەست و پل هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە سەر ئەوە کە تەڕایی لە هەوادا کەمە و جیاوازیی تین و گەرمای دەرێش لەگەڵ ماڵێ دەبێتە هۆی وشکیی زیاتری پێست، ئەو بابەتە هۆی لە دەستدانی تەڕایی پێستە و تووشی زیان و خەساری دەکا. ئەڵبەت زوو زوو شووشتنی دەست، دەکار کردنی کەرەسە شیمیایییەکان و هێندێک لە نەخۆشییەکانیش دەتوانن هۆکاری کێشەی وشک بوونی پێست بن. بەو حاڵەشەوە بۆ هیدراتە ڕاگرتنی پێست ڕێکارگەلێک هەن کە چارەسەری کێشەکانن.

هەوار نوور

 

پێست شوێندانەریی ئەوتۆی لە ڕواڵەت و جوانی مرۆڤدا هەیە، بەو هۆیەوە، سڵامەتیی پێست گرینگیی تایبەت بەخۆی هەیە.

پێستێکی ساغ و سڵامەت یەکڕەنگە و بێپەڵە و ڕاو و خاڵەسوورەکانە. ساف و لووس و نەرمە و هەروەها ئاودارە و تەڕوتازەیی و جوانیی پێست زۆرتر دەگەڕێتەوە سەر ئەو تایبەتمەندییانە.

دەستپێکی زستان و سەرماوسۆڵ، یەک لە هۆکارەکانی وشکبوونی پێستە، بۆیە پێویستە بۆ ئاگاداریکردنی چەند خاڵێک وەبەرچاو بگیرێ هەتا لە کێشەکانی بەدوور بین. لە وەرزی پاییز و زستاندا کە وڵات سارد دەبێ و هەوا وشکتر لە وەرزەکانی ترە، دەست و دەموچاویش کە پێوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هەوای دەرێ هەیە دەگۆڕێن و گۆڕانکاریی کەشوهەوا لە سەریان شوێندانەرە. لە زستاندا پلەی گەرمی دادەبەزێ و لەگەڵ وشکیی هەوا بەرەوڕوو دەبینەوە، بۆیە گرفتەکانی پێست سەرهەڵدەدەن و باوترن. بۆ دابینکردنی سڵامەتیی پێست ئاگاداریی زیاتر پێویستە.

لە هەوای سارددا چەوری و لیپیدی (lipid) سەر پێست کەم دەبێتەوە و تووشی وشکبوون دەبێ و بنەڕەتیترین هۆکاری خورووی پێستە. تەنانەت برینیش درەنگتر چاک دەبێتەوە. هەر بۆیە دەمارە چکۆڵەکانی پێست ترنجاو دەبن و جووڵە و گەڕانی خوێن لە ژێر پێست کەم دەبێتەوە و پێستی مرۆڤ سوور هەڵدەگەڕێ.

لە سەرمادا وشکبوونی پێست، بە تایبەت دەست قەڵشین یا توێخدانی لێو زۆر باوە، هەروەها زۆرجاران پێست تووشی ئێگزێما دەبێ.

 قەڵشینی پێستی دەست و پل هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە سەر ئەوە کە تەڕایی لە هەوادا کەمە و جیاوازیی تین و گەرمای دەرێش لەگەڵ ماڵێ دەبێتە هۆی وشکیی زیاتری پێست، ئەو بابەتە هۆی لە دەستدانی تەڕایی پێستە و تووشی زیان و خەساری دەکا. ئەڵبەت زوو زوو شووشتنی دەست، دەکار کردنی کەرەسە شیمیایییەکان و هێندێک لە نەخۆشییەکانیش دەتوانن هۆکاری کێشەی وشک بوونی پێست بن. بەو حاڵەشەوە بۆ هیدراتە ڕاگرتنی پێست ڕێکارگەلێک هەن کە چارەسەری کێشەکانن.

 سەرما و کەرەسەکانی گەرمکەرەوەی ناوماڵ (یان شوێنیکار)، دژی سڵامەتیی پێستن و زەڕیان هەیە. دەبێ حەول بدرێ ژوورەکان زۆر گەرم نەکرێن، لەبەر ئەوەی بەقەدرای سەرما دەتوانێ چەوریی پێست کەم کاتەوە و تەڕایی لە هەوادا ناهێڵێ.

کەڵک وەرگرتن لەو کرێمانەی بۆ ئەو گرفتە تەرخان کراون و دەتوانن تەڕایی بە پێست بدەن و هیدراتەی کەنەوە یەک لە ساناترین چارەسەرەکانە.

ئەو کرێمانەی کەڵکیان لێ وەردەگیرێ و پێستیان پێ چەور دەکرێ پێویستە تایبەت بن و جۆری کرێمەکە لەگەڵ جۆری پێست گونجاو بێ. باشترە پێش چەورکردنی پێست لەو کرێم یا لۆسیۆنانە کە تەڕایی بە پێست دەدەنەوە کەڵک وەرگیرێ ( Skin moisturizing cream ). ئەو کرێمانەی کە گلیسیرین، وازلین یا پاڕافینیشیان تێدایە بۆ چەوریی پێست لە هەرە باشترینەکانن.

خاڵێکی گرینگی دیکە، دەکار کردنی کرێمی دژەهەتاوە، سەرەڕای لاواز بوونی تیشکی هەتاو لە سەرماوسۆڵدا ئەو تیشکە زیانبەخشانە لە هەوادا هەر هەن.

تیشکی سەرووبنەوش، یەکێک لە هەرە تیشکە بەزەڕەکان بۆ پێسته و بەسانایی لە هەورەکان تێدەپەڕێ و زیان بە پێست دەگەیێنێ. بەفریش دەتوانێ 80 لە سەتی تیشکەکانی هەتاو بگەڕێنێتەوە، هەر بۆیە لە وەرزی سەرمادا دەکارکردنی کرێمی دژەهەتاو بۆ پارێزەری لە پێست یەکجار پێویستە.

خواردنی باشیش دەتوانێ ڕۆڵی ئەوتۆی لە سڵامەتیی پێست و موودا هەبێ، خواردنی ماسی، ڕۆنی تۆوکەتان، لەبەر ئەوەی ئۆمێگا3 و ئۆمێگا6 یان هەیە، بۆ ئەو کەسانەی خاوەنی پێستی وشکن زۆر قازانجە.

ڕۆژانە خواردنەوەی بەڕادەی پێویستی ئاو، کەڵک وەرگرتن لەو خواردنانەی ویتامین cیان هەیە وەک میوەترشەکان، ئەسپەناغ، جۆرەکانی بیبار و کەلەم یان ڕۆژانە دانەیەک حەبی ویتامینc یارمەتیدەرە، هەروەها دەتوانێ پێش بە جاڕزی و خەمۆکییش بگرێ کە لە وەرزی پاییز و زستاندا، وەک نەخۆشییەکی وەرزی زۆر باون.

خاڵێکی تر ئەوەیە کە لە بەهار و هاویندا لەشی مرۆڤ زیاتر لە تیشکی هەتاو کەڵک وەردەگرێ و ویتامینD سرووشتی لە لەشدا ساز دەکرێ، بەڵام بەپێچەوانە لە وەرزەکانی پاییز و زستاندا کەم دەبێتەوە و پێویستە حەبی ویتامینD بخورێ هەتا ئەو کەمایەسییە قەرەبوو کرێتەوە و پێست لە گرفت بپارێزرێ.

هەروەها شوێندانەریی حەبی زینک(zink)  بۆ سڵامەتیی پێست و موو حاشا هەڵنەگرە و بوونی لە لەشدا پێویسته، چونکە لە سازکردنی سەدان ئانزیمدا دەوری هەیە و هێزی بەرگرییش بەتواناتر دەکا..

 پێویستە ماوەی مانەوە لە حەمام کورتتر بێتەوە. پسپۆران 10 یا 15 خولەکیان پێ باشترین ماوەی خۆ شۆردنە و ئامرازەکانی پاکوخاوێنیش دەبێ بە دانستە هەڵبژێردرێن و دژی وشکیی پێست بن. له دوای حەمام پێش ئەوەی پێست بە تەواوی وشک بێتەوە، دەبێ سەرلەنوێ کرێمی هیدراتە دەکار کرێ.

کاتی کەڵکوەرگرتن لە کەرەسەکانی وشککەرەوەش، دەبێ حەول بدەن تەڕایی دەست تۆزێک بمێنێ و نەهێڵن تەواو وشک بێتەوە.

لەبەر کردنی جلی زوور و پەشمین کە هۆکاری خورووی پێستن بۆ ئەو کەسانە گونجاو نییە که کێشەی پێستیان هەیە، پێویستە ئەگەر بیانهەوێ کەڵک لەو جۆرە جلوبەرگانە وەرگرن لەبنەوە جلێکی نەرم و لۆکەیی لەبەر کەن.

هەروەها پێویستە بگوترێ بۆ تووشنەبوون بە خورووی پێست، دەبێ لە دەبەرکردنی جلوبەرگ و پێڵاوێک کە خاو بن خۆ ببوێرن، چونکە دەتوانێ ورووژێنەری پێست بێ و خوروو زیاتر بکا.

 کەڕەسەکانی هەڵمی ئاوی گەرم (واتا بخوور) لە وەرزی سارددا دەتوانێ هەوا ئاودار بکاتەوە و پێش بە وشکیی پێست و تەنانەت هەڵامەتیش بگرێ و بۆ هەناسەش کەڵکی هەیە.

هەروەها 8 ساعەت خەو لە شەودا دەتوانێ پاڵپشتی سڵامەتی پێست بێ و سوودێکی زۆریشی بۆ لەشی مرۆڤ هەبێ.

لە کۆتاییدا پێویستە جەخت بکرێتە سەر ئەو بابەتە کە سڵامەتیی مرۆڤ پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە شێوازی ژیانییەوە هەیە و دەبێ زیاتر ئاگادار و هەستیاری شێوەژیانی خۆمان بین.

KURDŞOP
524 بینین

نەخۆشییەکانی کەمخوێنی

نەخۆشییەکانی کەمخوێنی: جۆرەکانی، هۆکارەکان، نیشانەکان، شێوازی چارەسەرکردن و کەی پێویستە مرۆڤ بچێتە نەخۆشخانە یان لای پزیشک؟

نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی مەمک

نەخۆشییەکانی پەستانی خوێن

نەخۆشییەکانی پەستانی خوێن: جۆرەکانی، هۆکارەکان، نیشانەکان، شێوازی چارەسەرکردن و کەی پێویستە مرۆڤ بچێتە نەخۆشخانە یان بۆ لای پزیشک؟

گرینگیی خۆپاراستن لە کاتی دووگیانبوون

کاتی بوون بە دایک، شیرینترین بەشی ژیانی هەر ژنێکە. چاوەدێری و ئاگالێبوون لە دەورانی دووگیانبوون، گرینگترین کارێکە کە دایک و کەسانی دەوروبەری دەتوانن بۆ تەندروستیی ئاوەلەمە و کۆرپەڵە بیکەن.

ژنان و شێرپەنجەی مناڵدان   

شێرپەنجەی مناڵدان یەکێک لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجەیە لە نێوان ژنان. هەبوونی زانیاری لەبارەی نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە و ناسینی خێرای، کاریگەریی زۆری لەسەر چارەسەرکردنەکەی هەیە. خوێنڕێژیی نائاسایی باوترین نیشانەی شێرپەنجەی مناڵدانە.

ئاسەواری سروشت لەسەر ڕۆح و ڕەوانی مرۆڤ

سترێس و دڵەڕاوکێ  لەو گرفتانەن کە بە سانایی دەتوانن هەڕەشە لە سڵامەتی بکەن. گەڕان و پیاسە لە نێو سروشتدا دەتوانێ ئەو گرفتانە بتارێنێ و لەشساغتر بن. توێژینەوەی لێکۆلەران نیشانی داوە ئەو کەسانەی چەند کاتژمێر لە ڕۆژدا لە نێو سروشت یا سەوزاییی پارکەکانی شار تێپەڕ دەکەن، کۆرتیزۆلی لەشیان لە سەتی بیست کەمترە. هۆرمۆنی کۆرتیزۆل" لەش تووشی سترێس دەکا.

نەخۆشیی شەکرە

ئامانج لە چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرە، گەڕانەوەی شەکری خوێن بۆ ئاستی ئاساییی خۆیە، هەروەها ڕێگریکردن لە پێشکەوتنی ئاستی شەکرە. جگە لەوەش بۆ پاراستنی نەخۆشە لە جەڵتەی دڵ و مێشک. واتە نەخۆشی شەکرە دەبێ ئاستی شەکر لە خوێندا لە ٧٪ بهێڵێتەوە و ڕێژەی شەکرەکەی لەنێوان ١٤٠/٩٠ بێت.

١٦ ڕێکاری ڕزگاری لە بیرکردنەوەی نەرێنی

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!