- کازیوە ڕەشی
"لەیادکردن و بیرچوونەوە" بە یەکێک لەو کێشە تەندروستییانە دادەنرێت کە زیاتر تووشی بەساڵاچووان دەبێت. زۆر نەخۆشی و بارودۆخی تریش کار لە بیرچوونەوە دەکەن. بیرچوونەوە هۆکاری زۆرە و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، بەگوێرەی جیاوازیی پەروەردە و بارودۆخی ژیان و ژینگەی کار و بارودۆخی جەستەیی و تەمەنی کەسەکان.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا مێشک جەنجاڵە و زۆر جار دەچێتە بارێکەوە کە سەرەتاییترین شتەکانی ژیانی ڕۆژانە لەبیر دەکەین. شارەزایانی بواری مێشک و دەروونیش ڕوونی دەکەنەوە، مرۆڤ کاتێک دەکەوێتە ژێر پاڵەپەستۆی دەروونییەوە تۆڕی زاکیرەی دەشێوێت، یەکێک لەو شێواویەش بیرچوونەوەیە.
هۆکارەکانی تووشبوونی بیرچوونەوە
بە شێوەیەکی گشتی زۆر هۆکار هەن کە کار لە کەسەکە دەکەن تووشی لەیادکردن و بیرچوونەوە ببێت. دیارترین و گرینگترین هۆکارەکانیش ئەمانەن:
١- سەرقاڵبوونی زۆر ڕەنگە ببێتە هۆی لەبیرچوونەوە.
٢- تێکچوونی خەو، کاتێک کە تێرخەو نابیت دەروونت تێکدەچێت و زۆر شت لەبیردەکەیت، بۆیە پێویستە سیستەمی خەوت ڕێکبخرێت.
٣- گرنگی پێنەدانی ئەو بابەتانە، واتە تۆ بە حەزەوە ئەو بابەتانە لە مێشکدا ناهێڵیتەوە لەکاتی خۆی و مەبەستت بەبیرهاتنەوە نەبووە بۆیە لەبیرت دەچێت.
٤- تێکچوونی باری تەندروستی و نەخۆشی هۆکاری لەبیرکردنی زۆرشتن.
٥- تەمەن و پیری و توشبوون بە "ئەلزهایمر".
٦- کەم خوێنی یان بەکارهێنانی هەندێک دەرمان وەک دژە خەمۆکی و کەمیی ڤیتامین B1 وB12 و بەرزیی ئاستی "کالسیۆم" لە خوێندا.
٧- زۆر خواردنەوەی ماددە کحولییەکان و جگەرەکێشان.
٨- زیاد بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا کە کاریگەریی زۆری لەسەر مێشکی مرۆڤ دروست کردووە، چونکە مێشک ماندوو دەکات، بەو پێیەش کە مرۆڤ ئێستا زۆرینەی کارەکانی لەڕێگەی تەکنەلۆژیاوە بەڕێ دەکات، بۆیەش ئەم حاڵەتە زۆر بووە و مێشک ماندووە و ناپڕژێتە سەر کرداری ئەقڵی دووەم و ئەمەش دەبێتە هۆی زوو له بیرچوونەوە.
٩- دیارترین هۆکاریش کە بەم دواییانە دەرکەوتووە، تووشبوون بە "ڤایرۆشی کۆڕۆنا" بووە، توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە "٪٧٥"ی ئەو کەسە بەتەمەنانەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە بەدەست کێشەی لەبیرچوونەوەوە ناڵاندوویانە.
١٠- جگە لە هۆکارە تەندرووستییەکانیش، هۆکارە ئابووری و کێشە خێزانییەکان و خەمۆکی و بیرکردنەوەی بێ ئامانج، دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆ لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤ و تووشبوون بە نەخۆشیی بیرچوونەوە.
ئەگەر هۆکارەکانی زوو لەبیرچوون زۆر درێژە بکێشن، دەبنە نەخۆشی و پێویستە لە نەخۆشخانەکاندا چارەسەری پزیشکی و دەروونی بۆ ئەوانەی توشی ئەم نەخۆشییە دەبن وەربگرن.
بیرچوونەوە بەپێی تەمەن دەگۆڕێت، ئەوانەی تەمەنیان بەرەو سەرەوە دەچێت تووشی بیرچوونەوەی پیری دەبن، گەر درێژە بکێشێت دەبێتە
نیمچە زەهایمەر
بە پێی توێژینەوەکان پیاوان بەراورد بە ژنان، زیاتر تووشی بیرچوونەوە دەبن؛ هۆکارەکەشی ئەوەیە پیاوان فشاری دەروونیان زیاتر دەکەوێتە سەر بەو پێیەی بەراورد بە ژنان بەرپرسیاریەتییەکی زیاتریان لەسەرە.
کۆمەڵێک خواردنی بەسوود هەن کە ڕێگر دەبن لەوەی تووشی لەیاد کردن و بیرچوونەوە بین لەوانە:
"ڕۆنی ماسی، شکوڵاتەی تاڵ، دانەوێڵەکان، کافاین، فستق، گوێز، هێلکە، ئاو، بڕۆکلی، پیاز، سیر، چەوەندەر، زەنجەفیل، ئەڤۆکادۆ، ڕۆنی گوێزی هیندی"
چۆن وا بکەین پێش ئەوەی بیرچوونەوە ببێتە نەخۆشی چارەسەری بکەین
١ مەشقی وەرزشی یارمەتیدەرە بۆ تیژبوونی وەبیرهاتنەوە بەوەی کە بڕێکی باشتری "ئۆکسجین" بۆ شانەکانی مێشک دابین دەکات و "میتابۆلیزمی شەکری گلۆکۆز" ڕێک دەخات کە زۆر پێویستن بۆ چالاکبوونی فەرمانی خانەکانی مێشک.
٢- بۆ ئەوەی مێشک بەئاگا بێت پێویستە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێز بکرێن و کاتی زیاتریان بۆ تەرخان بکرێت.
ڕۆژی جیهانیی نەخۆشی بیرچوونەوە
"٢١"ی ئەیلولی هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانیی نەخۆشی بیرچوونەوەیە. حکوومەت و لایەنە جیاجیاکانی جیهان و هەرێمی کوردستانیش دەست دەکەن بە بڵاوکردنەوەی هۆشداری بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دۆخی ئەو کەسانەی بەدەست ئەو نەخۆشییەوە دەناڵێنن و هەوڵ دەدەن هاوڵاتییان زیاتر بە ئاگابن و زانیارییان لەسەر نەخۆشییەکە و هۆکارەکان و چارەسەرەکانی هەبێ.