لە کوردستان هەندێ گیا و ڕووەک هەن کە لە کەلتووری کوردیدا جێگایەکی تایبەتیان هەیە. بە واتایەکی تر ئەو گیایانە کە لە کوردستان لەگەڵ کەلتووری کوردیدا تێکەڵ بوون، نەک تەنیا هەر وەک گیایەک، بەڵکو وەک بابەتێکی کەلتووری مانایان هەیە. یەکێک لەو گیایانە ڕێواسە کە لە کەلتووری کوردیدا جێگەیەکی تایبەت و بۆ هەموو کوردانیش تامێکی تایبەتی هەیە. هەر بۆیە لە زۆر شوێنی کوردستاندا ئەو ڕووەکە بە "مۆزی کورد" یان "مۆزی شاخ" ناودەبرێت، ئەمەش گرنگی و ناوازەییی ئەو گیایە بۆ کۆمەڵگەی کورد نیشان دەدات. زۆر گیا و ڕووەک هەن کە بە دڵنیاییەوە سوودیان بۆ تەندروستی هەیە، زۆرێکیان وەک دەرمان بەکاردەهێنرێن، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە هەندێک گیا و ڕووەک لەگەڵ کەلتووری نەتەوەکاندا تێکەڵ کراون. بە تایبەت لە کوردستان ئەم شتە زۆر باوە و هەندێک ڕووەک و گیا لە تەواوی کەلتووری کۆمەڵگەی کوردیدا جێگایەکی تایبەتیان هەیە. ڕێواس یەکێک لەو گیا و ڕووەکانەیە.
ڕێواس ڕووەکێکە لە وەرزی بەهاردا لە شاخەکانی کوردستان دەڕوێ و بە گشتی لە نزیکەی هەموو شوێنەکانی کوردستاندا دەست دەکەوێ. ئەم ڕووەکە لە بنەڕەتدا گیایە، بەڵام وەک میوەیەکیش دەخورێت. ڕێواس کە لەگەڵ سەرەتای وەرزی بەهار دەست بە گوڵکردن دەکات، زۆرتر لە شوێنە سەخت و بەردەڵانەکان گەشە دەکات. لەو شوێنەی ڕیواسی لێ دەڕوێت، هیچ گیایەکی تر گەشە ناکات، واتە گیایەکی سەربەخۆیە.
ڕێواس هەرچەندە وەک میوەیەک لەلایەن خەڵکەوە دەخورێت، بەڵام لە زۆر شوێنیش ترشیاتی ڕێواس ڕێک بە شێوەی خەیارشۆر دروست دەکرێ. ئەم ڕووەکەش وەک زۆرێک لە میوەکان سەرەتا توێکڵەکەی لادەبرێ جا دەخورێ. هەروەها خەڵک دەتوانن لەسەر ئاگر بیبرژێنن و بیخۆن. تەمەنی ڕێواس بە لانی زۆر ١٠ ڕۆژە و زوو پیر دەبێت.
لە کوردستان زیاتر خودی ڕێواسەکە دەخورێت و گەڵاکانی بەکارناهێنرێت؛ بەڵام بەپێی زانیارییەکان، ئەوروپییەکان خودی ڕێواسەکە ناخۆن، بەڵکو زۆر شتی وەک دەرمان و حەب و جۆرەکانی کێک و شەربەت و سرکە و کۆکتێل، لە گەڵاکانی دروست دەکەن. هەروەها ئەوروپییەکان لە باخچەکانیاندا دەیچێنن و بۆ مەبەستی بازرگانی بەکاری دەهێنن.
لە کتێبەکانی پزیشکیی چینیدا، چەند ساڵێکە ناوی ڕێواس وەک ڕەگی بەربەر (دەماری بەربەر) تۆمار کراوە لەبەر ئەوەی کاتێک تەبەتییەکان و مەغۆلەکان هێرشیان کردە سەر وڵاتی چین، ڕێواسیان لەگەڵ خۆیان بردبوو. ڕێواس لە ساڵانی ١٦٠٠ گەیشتە ئەوروپا. لە ساڵی ١٨٠٠ ئینگلیزەکان دەستیان کرد بە چاندنی وەکو سەوزە لە باخەکانیاندا؛ هەم بۆ خواردن و هەم بۆ جوانی. لە ساڵی ١٩٠٠دا بردرایە ئەمریکای باکوور. ئێستا لە وڵاتانی ئەوروپایی وەک هۆڵەندا، بەلجیکا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا و هتد، هەم بۆ بازرگانی، هەم بۆ خواردن و جوانکارییش دەچێنرێ.
سوودەکانی ڕێواس چین؟
ئارەزووی خواردنی خۆراک یاخود ئیشتیای خواردن زیاد دەکات، جەستە بەهێز دەکات، گازات لە گەدە و ڕیخۆڵەکاندا لەناو دەبات، میزکردن باشتر دەکات، بۆ قەبزی باشە، بەڵام لە هەمان کاتدا، زۆر خواردنی دەبێتە هۆی سکچوون.
مرەببا:
دەکرێ ڕێواس بۆ دروستکردنی مرەببای تێکەڵ بەکار بهێنرێ و بۆ نموونه فراولە و ڕێواس، گێلاس و ڕێواس، سێو و ڕێواس، پرتەقاڵ و ڕێواس، کیوی و ڕێواس و زۆر میوەی دیکە پێکه وه دروست بکرێن.
شێوازی ئامادەکردنی بەم شێوەیەیە
سەرەتا ڕێواسەکە پاک بکە و وردی بکە. بڕێک شەکری بەسەردا بکە و داینێ ماوەی شەوێک لە ناو بەفرگردا بمێنێتەوە. دواتر هەر میوەیەک حەزت لێ بێ دەتوانی تێی بکەی. برێک ئاو و شەکری تێکە و بیکوڵێنە. کاتێک تەواو کوڵی، ساردی کەوە و لە ناو شووشەدا هەڵیگرە.
هەروەها ڕێواس بەم شێوەیەش دەخورێت:
ڕیواسەکە پاک بکەرەوە و وردی بکە. کەمێک ڕۆن بخەرە ناو تاوەکەوە، ڕێواسەکەی تێدا سوربکەرەوە، کاتێک ڕیواسەکە نەرم بوو بەهاراتەکانی تێبکە و هێلکەشی لەسەر کە. لە هەندێک خواردندا کە مەندۆک بەکاردەهێنرێ، دەتوانن لەبری مەندۆک ڕێواسیش بەکاربهێنن.
هەروەک چۆن شەربەتی میوە هەندێک جار بۆ شیرینی و کێک بەکاردێنی، دەتوانی ئاوی ڕیواسیش بەکاربهێنی. ڕیواسەکە سپی بکەرەوە، بەپێی ئارەزووی خۆت لەناو ئاودا وردی بکە، نزیکەی ١٥ خولەک یان زیاتر بیکوڵێنە تاوەکو نەرم دەبێت. دوای ئەوەی نەرم بوو، شەربەتەکە بپاڵێوە و ساردی بکەرەوە. دوای ساردبوونەوە وەک هەموو میوەکان شەربەتەکەی بکەرە ناو کێکەکانەوە.
دەگوترێ ڕێواس، بە تایبەت ڕەگی ڕێواس، نەخۆشیی شەکرە چارەسەر دەکات. ئەم تێبینییە زیاتر لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستاندا هەیە. جگە لەوەش زۆرجار پزیشکان و پسپۆڕان، بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە پێشنیاری خواردنی ڕێواس دەکەن، بەڵام ئەمە لەڕووی زانستییەوە نەسەلمێنراوە.