داب و نەریتی کۆبانی لە نیو سەدە لەمەوبەردا - بەشی یەکەم

دیار حەمی

 

لە فۆلکلۆر و زارگوتنی کوردیدا مرۆڤ تووشی چیرۆک، پەند، باوەڕ و داب و نەریتی جیاواز دەبێت کە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە، هەندێک شتی لێ کەم یان زۆر دەبێت. کۆبانی کە یەکێکە لە شارەکانی ڕۆژاوای کوردستان، بە فۆلکلۆری خۆی زۆر دەوڵەمەندە کە داب و نەریت بەشێکی زۆری لەخۆ دەگرێت.

داب و نەریتەکان هەندێک ڕێگا و ڕێبازن کە کۆمەڵگەی لەسەر گەورە بووە و بەپێی ئەوان درێژەی بە ژیانی خۆی داوە. ئەم داب و نەریتانە لە هاتوچۆ و جووڵەی ڕۆژانەیاندا دەبینرێت و هەندێکیان هەتا ئێستاش کاریگەریی خۆیان هەیە، وەک جلوبەرگ، شایی و ماتەمینی، جەژن و هتد.

داب و نەریتی هاوسەرگیری

لە کۆندا هاوسەرگیریی دوو کەس بەپێی بۆچوون و ویستی ئەوان نەبوو. کاتێک خێزانێک دەیانویست کوڕەکەیان هاوسەرگیری بکات، بەبێ ئەوەی بۆچوونی ئەو وەربگرن کە بەڵێ یان نەخێرە، باوکی بڕیارەکەی دەدا و لە ڕێگەی گەورەی گوندەکەوە، داوای کچێکیان لە باوکی دەکرد. لەم هاوسەرگیرییەدا کە بڕیارە دوو کەس ماوەیەکی زۆر پێکەوە تەمەن بەسەر ببەن، هیچ دیدارێک لەنێوانیاندا نەبووە و گفتوگۆ لەگەڵ بنەماڵەی کچەکە تەنیا لە ڕێگای گەورەی گوند و باوکی بووکەکەوە بووە. ئەگەر باوکی بووکەکە ڕازی بووایەت، دەیگوت: "من دا وە" (من بە ئێوەم دا)، بەبێ ئەوەی بووکە بزانێت کە باوکی ئەوی بە شوو داوە و زاوا کێیە. هەروەها لە کاتی نیشانەکردنی بووکەکەوە هەتا کاتی زەماوەندەکە، زاوا نەیدەتوانی بەو گوندەدا تێپەڕێت.

خاللخی، ئاپلخی، دێلخی و...

پێش ئەوەی بووک لە ماڵی باوکی دەرکەوێت، دەبێ خاڵ و مامی ڕازی بووایەتن. ماڵباتی زاوا دەچوونە لای خاڵی کچە و دەیانگوت: "داخوازیی تۆ چییە؟" پارەیان بە خاڵی بووکە دەدا بۆ ئەوەی ڕازی بێت، هەندێکیان داوای هیچیان نەدەکرد و دەیانگوت: "هاتنی ئێوە ماڵی دونیایە". بۆ مامەش بە هەمان شێوە بوو. بەڵام بێگومان کێشەیەکی گەورە دەبوو ئەگەر خاڵی بووکەکە ڕازی نەبایە، چونکە ئیدی مەحاڵ دەبوو بووک لە ماڵەکە دەرکەوێت. لە هەمان کاتدا هەندێکجار دایکی بووکەکە دیارییەکی دەیویست، بۆیە پارەیان بە دایکی بووکەکەش دەدا.

داوەت

لەو کاتەدا سێ ڕۆژ و سێ شەو داوەتیان دەکرد، میوان لە هەموو گوندەکانی دەوروبەرەوە بانگهێشتی زەماوەندەکە دەکران و ماڵباتی زاواش هەر ماڵێک بە جیا خواردنی دروست دەکرد و میوانیان دەبردە ماڵەوە.

جلوبەرگی ئەوان؛ ژن و کچان جلوبەرگی تایبەتی کوردییان لەبەر دەکرد (کەراس خەفتان، بەرڤانەکا قەدیفە، کتانا مەلەس و شەعرا کێسەرەوانی). هەروەها پیاوانیش جلوبەرگی تایبەتی کوردیی ئەو ناوچەیەیان لەبەر دەکرد (کەسێ زەنگین و کەرەسێ ستگرۆز).

لە کۆتا ڕۆژی زەماوەندەکەدا، باوک، دایک، خوشک و براکانی زاوا دەچوون بووکیان سواری ئەسپ دەکرد و دەیانهێنا. بووکیان دەهێنا بەبێ ئەوەی زاوا بناسێت.

کاتێک زاوا دەچووە لای بووک، دایکی زاوا لە پشت دەرگاکە چاوەڕێیانی دەکرد. واتە دایکی زاوا چاوەڕێی ئەوەی دەکرد کە نیشانەی ئەوەی بۆ بێنن کە بووکەکە کچە و پێشتر پەیوەندیی لەگەڵ کەسی تر نەبووە یان پێشتر زەواجی نەکردووە. ئەو نیشانەیەش پارچەیەکی بە خوێنە.

گوهێر (ژن بە ژن کردن)

ژن بە ژن کردن لە کۆبانی زۆر باو بووە و هەتا ئێستاش بوونی هەیە، بەڵام بەپێی مەرجەکانی پێشوو نییە. ژن بە ژن کردن واتە کچەکەیان وەک بووک بە خێزانێکی تر داوە و کچێکی ئەو خێزانەشیان کردووە بە بووکی خۆیان. ژن بە ژن کردن بەم شێوەیە بوو کە گەورەی دوو گوند لە گوندێکی نێوانیان پێکەوە ڕێک دەکەوتن و هەر گوندێک کچەکەی دەخستە سەر ئەسپێک و دەچوونە گوندی دیاریکراو بۆ ئەوەی چاویان بە یەکتر بکەوێت. کەس نەیدەتوانی قسە بکات جگە لە گەورەی گوندەکان، بە بێدەنگی ژن بە ژنیان دەکرد و هەر گوندێک بووکەکەی دەبرد و دەگەڕایەوە.

دیاردەی ژن بە ژن کردن چەندین کێشەی کۆمەڵایەتیی بەدوای خۆیدا دەهێنا، کاتێک ناکۆکی لەنێوان لایەنێکدا دروست دەبوو و جیابوونەوە ڕووی دەدا، لایەنی بەرامبەریش ژنەکەی تەڵاق دەدا، هەرچەندە هیچ کێشەیەک لەنێوانیاندا نەبوو. یان ئەگەر لایەنێک ژنی بەسەر ژنەکەی هێنابا، ئەوانی تریش هەمان کاریان دەکرد، واتە دەتوانین بڵێین ژیانی هەردوولا تێک دەچوو، هەرچەندە منداڵی زۆر لەنێوانیاندا هەبوو.

 

KURDŞOP
154 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!