بەرنامەی "ئاخ و وەلات"، پاراستنی فۆلکلۆری کوردی لە ڕۆژاوای کوردستان

- نەجاح ئیبراهیم

 

وەک دەزانرێت، فۆلکلۆری کوردی زۆر دەوڵەمەندە و بە درێژاییی مێژوو بە زارەکی سینگ بە سینگ بۆ ئێستا گوازراوەتەوە. لە سەردەمی کۆندا ئەدەبی زارەکی بۆ خۆی ڕاگەیاندن بووە و هەموو شتێکی گرێدراو بە کەلتوور و نەریتی کوردی ڕادەگەیاند؛ ئازار، خۆشحاڵی، شین، شادی و باوەڕ و... هتد. هەروەها کاتێک کە لە ئەمڕۆدا سەیری ڕۆژنامەگەریی کوردی دەکەین، دەبینین لە ئاستێکی باشدایە و دەتوانێت لە ڕێگەی ڕاپۆرت و فایل و بەرنامەی فۆلکلۆرەوە، هەموو شتێکی گرێدراو بە نەریتی و کەلتووری کوردییەوە ڕووماڵ بکات، هەروەها دەتوانێت فۆلکلۆری کوردیش بپارێزێت.

بەرنامەی "ئاخ و وەلات"

بەرنامەی "ئاخ و وەلات" (خاک و وڵات) لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستان، لە هاوینی ٢٠١١ دامەزرا. ئەو کەسەی ئەم بەرنامەیەی پێشنیار کردووە، ڕۆژنامەنووسێکە بە ناوی "شەریف محەممەد" خەڵکی شاری عەفرین و بۆ خۆیشی پێشکەشکاری بەرنامەکەیە.

لە سەردەمێکدا کە بەشێک لە گوندەکانی شاری عەفرین و بە شێوەیەکی گشتی ناوچە و گوندەکانی ڕۆژاوای کوردستان لەلایەن ڕێژیمی "بەعس"ەوە ناویان بۆ ناوی عەرەبی گۆڕدرا، یەکێک لە پیرۆزترین و گرینگترین ئامانجەکانی ئەم بەرنامەیە پاراستنی نەریت، زمان، کەلتوور و فۆلکلۆری کوردی بوو. هەرچەندە ئەم جۆرە داگیرکارییە لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیشدا هەیە و هەبووە، لە گۆڕینی ناو و نیشانەی کوردییەوە بگرە هەتا دەگاتە دزین و تاڵانکردنی شوێنەوارە کوردی و کوردستانییەکان. بۆیە دەتوانین بڵێین ئامانجی بەرنامەی "ئاخ و وەلات" لە یەکەم هەنگاوەکانیدا ڕزگارکردنی کەلتووری کوردی بوو لە داگیرکاری.

بۆچی ناوی گوندەکانمان کران بە تورکی و عەرەبی، ناوی ڕاستەقینەی گوندەکانمان چین، چ عەشیرەتگەلێک لە گوندەکاندان؟

لە سەرەتادا بەرنامەی "ئاخ و وەلات" بە کاری بەڵگەکردنی گوندەکان دەستی پێ کرد. ساڵی ٢٠١١ ئەم کارە لە شاری عەفرین و کۆبانی ئەنجام درا و لە ساڵی ٢٠١٢دا پێشکەشکاری بەرنامەکە، "شەریف محەممەد"، چووە جزیر، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی شەڕ لە "سەرێکانی" نەیتوانی ئەو بەرنامەیە لەوێ دروست بکات. دیسان لە ساڵی ٢٠١٣دا بەرنامەکە لە شاری کۆبانێ و عەفرین دروست کرایەوە و لە ساڵی ٢٠١٣شدا جارێکی تر چووە جزیر و دەستی بە دروستکردنی بەرنامەکە کرد.

ئەم بەرنامەیە نەتەنیا لە ڕۆژاوای کوردستان گەڕاوە، بەڵکوو بۆ زۆر ناوچەی کوردستان گەشتی کردووە. لە باکوور و باشوور و ئەنادۆڵی ناوەڕاستدا گەشتی کردووە و لەسەر هەموو گوند، هۆزەکان، شێوازەکانی هاوسەرگیری لەنێو کورداندا، شێوازی ماتەمینی، جۆری خواردنی کوردان، جلوبەرگی کوردان، ئەو کەرەستانەی کە کورد لە ڕابردوودا بژێویی ژیانیان پێ دابین دەکرد و ئەو دەرمانانەی کە ژنان چاکیان دەکرد، بەرنامەی دروست کردووە. هەروەها ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگە و کارەکانی، ژێردەستەیی و شێوازی ژیانی کوردان لە ڕابردوودا هەتا ئەمڕۆ، زاراوەی هەر گوند و شارێک و چەندین بابەتی دیکەی وەک کەسایەتیی هونەرمەندان، ناوداران، دەنگبێژان و پاڵەوانان و ژیانی گوندی، بەشێک لە ناوەڕۆکی ئەم بەرنامەیەیە. ئەم بەرنامەیە سێزدە ساڵە بەردەوامە.

هەروەها یەکێک لە ئامانجەکانی تری ئەم بەرنامەیە ئەوە بوو کە گەلی کورد بگەڕێتەوە بۆ لای کەلتووری خۆی، چونکە هەندێک کەس لە کەلتووری خۆیان دوور کەوتوونەتەوە و شەرمیان لە کەلتوورەکەیان دەکرد. هەروەها ئامانج لێی، دروستکردنی باوەڕێک بوو لەنێو خەڵکدا کە ئەوانیش خاوەنی کەلتوور و مێژوون.

بەرنامەی "ئاخ و وەلات" بۆ بەڵگەکردنی فۆلکلۆری کوردیی ٢٥٠ گوندی شاری عەفرین، کتێبێکی بە ناوی "ئاخ و وەلات" لە ساڵی ٢٠٢٣دا چاپ و بڵاو کردەوە. لە پاڵ ئەوەدا و لە ئێستادا، هەرجارە و لە ژمارەیەکی گۆڤاری "شەرمۆلا"دا، لەسەر دوو گوند بابەتێک بڵاو دەکەنەوە.

بەرنامەی "ئاخ و وەلات" یەکێکە لە پرۆژە و بەرهەمە تایبەتەکان لەسەر ئاستی کوردستان کە لەسەر گوندەکان دروست دەکرێت و ئامادە دەکرێت. لە ئەمڕۆشدا ئەم بەرنامەیە لە شارەکانی وەک "جزیر، کۆبانی و عەفرین" بەردەوامە. لە ڕێگەی ئەم بەرنامەیەوە، خەڵک ڕاستیی خۆیان ناسی. لە هەر بەرنامەیەکدا تایبەتمەندیی جیاوازی هەر گوندێک دەردەکەوێت. ئەم بەرنامەیە لەلایەن کەناڵی "ڕۆژ ئاڤا تی‌ڤی"یەوە بڵاو دەکرێتەوە.

ئەم بەرنامەیە هەفتانە سەردانی شارێکی ڕۆژاوای کوردستان دەکات و لە هەر شارێکیشدا هەر جارە و سەردانی گوندێک دەکات و نەریتی ئەو گوندە لە ئەرشیڤی کەناڵی ئاسمانیی "ڕۆژاوا تی‌ڤی" تۆمار دەکات.

سەرچاوە:

ڕۆژنامەوان شەریف محەممەد

KURDŞOP
437 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!