سترانی فۆلکلۆر لە یادەوەریی کورداندا

ئێلان محەممەد

 

لەنێو فۆلکلۆر، فەرهەنگ و نەتەوەناسیی کورداندا، سەدان کەرەستە و گەنجینەی بە خێر و بە بەرەکەت چاوەڕێی کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەن. یەکێک لەو ژانرانەی کە بە زۆری بەکار هێنراون و بەناوبانگن، سترانی (گۆرانی) فۆلکلۆرن کە کوردان بە درێژاییی هەزاران ساڵە هەست، ئازار، تووڕەیی، خۆشی و دڵخۆشیی خۆیان پێ دەربڕیوە.

لە ئەدەبی کوردیدا وشەی "ستران" لە "سترین" وەرگیراوە. سترین بە گوتنی بە ڕیتم و سەلیقە و مەقام دەگوترێت. هەروەها کاتێک دەڵێین ستران، مانای ئەوەیە کە هەموو بەشە مۆسیقییەکان لەخۆ دەگرێت، وەک: "لاوژە، لاوک، شەشبەندی، نارینک، سەرێ زاڤا، مقام، کلام، پەستە، حەیرانۆک، پاییزۆک، بەریتە، دیلۆک، دوورک، زێمار، لایلایێ، سەریلێک، دەلێل، مەدیهە و قەولێرک و هتد." هەر جۆرێک لەو سترانانە کە مانای سترانی فۆلکلۆری دەدات، ڕەنگە لە هەموو ناوچەیەکی کورداندا بە شێوەیەکی جیاواز یان بە شێوەیەکی تایبەت بگوترێنەوە.

بەپێی بۆچوونی زۆرینە لە بواری ئەدەبیدا، لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە، بۆ یەکەمجار ئەدەب بە شیعر دەستی پێ کردووە، واتە یەکەمین بەرهەمی ئەدەبی شیعرە. ئێستا لەنێو کورداندا، هەزاران ساڵە زۆر بەیتی شیعر، نەوە بۆ نەوە لە زاری شاعیران و سترانبێژانەوە گوازراوەتەوە بۆ ئەمڕۆ. هەڵبەت ئەمانە بە فۆڕمی ئاپیک و لیریکی سترانی و هەروەها بە فۆرمی شیعری ئایینی و مەزهەبی وەک ئێزدی، عەلەوی، یارسان و ئەهلی حەق و هتد دەگوترێنەوە.

پاراستنی سترانە فۆلکلۆرییە کوردییەکان بە واتای پاراستنی فەرهەنگ، ئەدەب و بوونی گەلی کوردە. کاتێک مرۆڤ گوێ لە گۆرانیی کوردی دەگرێت، بە وردی و بە جوانی تێدەگات کە وشەی ئەو سترانانە تەنیا بۆ خۆشیی گوێگر نین، بەڵکوو وشەکانی ئەو سترانانە باس لە سەرچاوە، زمان، مێژوو، کەلتوور و بوونی گەلی کورد دەکەن و دەکرێت توێژینەوەی زانستییان لەسەر بکرێت.

تایبەتمەندیی سترانی فۆلکلۆری کوردی

وشە، قاڵب و گوتنیان کەم، سادە و سووکن.

لە سترانی کوردیدا کێش (وەزن) و سەروا (قافیە) هەیە. کێش سیستەمی بەڕیتیمکردن و یەکخستنی وشەکانە.

لە سترانی کوردیدا "کلیل" هەیە کە پێی دەگوترێت کلیلی کردنەوەی سترانەکە. ئەمە لە زمانی مۆسیقاشدا هەیە. کلیلی یەکەم لە هەر ڕیزێکدا دووبارە دەبێتەوە.

ناوەڕۆکەکەی بەپێی بارودۆخی کۆمەڵایەتی، کەلتووری و ئایینی دەتوانێت بگۆڕدرێت.

ناوەڕۆکی سترانی فۆلکلۆری کوردی

ستران، دیمەن و جەوهەری خاوەن کەلتوورەکەی ئاشکرا دەکات، تەنیا لە ڕێگەی سترانەوە مرۆڤ دەتوانێت کەلتوور و ناوەڕۆکی گەلێک بناسێت. کاتێک لە ئەم دیمەنە کە باسمان لێوە کرد، دەکۆڵرێتەوە، جەوهەری ئەو گەلە خۆی دەردەخات. بنەما و ڕۆحی سترانی فۆلکلۆریش لە وردەکارییەکانیدا، جوگرافیا و ڕەچەڵەکی کوردستانمان پێ دەناسێنێت، بە ئاسانی دەتوانین شاخ، دەشت، دۆڵ، کانیاو، چەم، دار و گوڵ و هەموو جۆرە جوانییەکانی کوردستان ببینین. ژیانی ڕۆژانە، هەستان و دانیشتن، خواردن و خواردنەوە، کاری بەیانی هەتا ئێوارە، لە هاوینەوە هەتا زستان و ژیانی گوندی لە کوردەواری و... هەموویان پێکەوە لە سترانە فۆلکلۆرییەکانی گەلی کورددا دەردەکەون.

سەرچاوەی سەرەکیی فۆلکلۆر و ئەدەبی زارەکی، سترانە. ستران دڵ و ڕۆحی گەلە. مرۆڤ دەتوانێت تەنیا لە ڕێگەی سترانەوە ئیلهام و جوانییەکی زۆر ببینێت و تێیدا نوقم بێت. سترانی کوردی بە شێوەیەکی وەها هۆنراونەتەوە کە خەڵک بتوانن بە زووترین کات لەبەری بکەن و بیڵێنەوە. کوردان هەمیشە بە سترانە فۆلکلۆرییەکانی خۆیان، ئازار و ناخۆشییەکانی خۆیان دەربڕیوە و سەدان ساڵە لە نەوە بۆ نەوە بەردەوام بووە و بووەتە موڵکی گەلی کورد. هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەهۆی بێدەسەڵاتیی کوردان بە سەدان سترانی کوردی لەلایەن داگیرکەرانەوە دزراون و کردوویانە بە موڵک و ماڵی خۆیان.

KURDŞOP
664 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!