چەند بیروباوەڕی فۆلکلۆر لە یادەوەریی پیرانی کۆبانیدا - بەشی چوارەم

دیار حەمی

بەشی سێیەمی ئەم وتارە لێرەدا بخوێننەوە

 

(هۆکار و بەکارهێنان)

باوەڕ بە هۆکاری دوورکەوتنەوە لە قەزا و بەڵا

نەزەر یان چاو

کۆمەڵگەی کۆبانی بە زۆری باوەڕیان بە چاو (نەزەر) هەیە و ئەمەش بە مەترسییەکی گەورە بۆ کۆمەڵگەی کۆبانی دادەنرێت. ئەم باوەڕە لە هەنووکەشدا بەردەوامە. چاو یان نەزەر واتە دڵ و حەزی مرۆڤێک بکەوێتە سەر منداڵێک، کەسێک یان ماڵ و موڵکی کەسێک. هەروەها لەوانەیە ئەو کەسە دڵ و حەزی لە شادی و خۆشیی کەسێک بێت و کاتێک نەیتوانی ئەو خۆشی و شادییە لە ژیانیدا بەدەست بهێنێت، نەفسی خۆی لە دوای ئەو کەسە بەجێ دەهێڵێت، هەتا بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو کەسە بەرەوڕووی قەزا و بەڵایەک دەکات. بێگومان هەندێک کەس ئەم تایبەتمەندییانەیان هەیە و هەندێکیش نییانە، ئەمەش بەپێی ئەو دۆخە کە تێیدا ژیاون و گەورە بوون، دەگۆڕدرێت.

هەر کۆمەڵگەیەک لە هەر شوێنێکدا بێت، کۆمەڵێک بیروباوەڕی تایبەتی خۆی هەیە. هەروەها ئەم بیروباوەڕانە لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر دەگۆڕدرێن. ئەم بیروباوەڕانە بەوەوە گرێ دراوە کە ئایا ئایینی ئەو کۆمەڵگەیە یەکە یان نا. بیروباوەڕێک لەنێو هەموو کۆمەڵگەی کۆبانیدا هەیە بە ناوی "چۆیێ شڤێن" و "قۆچێ بەرێن". ئەو باوەڕە دەڵێت: "ڕۆژێک حەزرەتی مووسا لە ڕێگادا تووشی شوانێک بوو و بینی نوێژ دەکات. پرسیاری لەو شوانە کرد کە لە نوێژەکەتدا چی دەڵێیت. شوانەکە وتی من دەڵێم: 'چۆیێ شڤێن' و 'قۆچێ بەرێن'. حەزرەتی مووسا پێی دەڵێت: نوێژەکەت هەڵەیە و فێری نوێژکردنی دەکات. دوای ئەوەی پشت لە شوانەکە دەکات و دەچێتە نێو دەریا. حەزرەتی مووسایش وەک ناسراوە، گۆپاڵەکەی دەریای دەبڕی و پێیدا تێدەپەڕی. جارێکیان سەیری پشتی کرد و بینی کە ئەو شوانە بانگی دەکات و ئەویش وەک کەسێکی ئاسایی نەک وەک ئەولیایەک، بەنێو دەریادا دەڕوات. شوانەکە دەگاتە لای مووسا و پێی دەڵێت: ئەو شتانەی تۆ فێرت کردم، من لەبیرم کردووە. پاشان حەزرەتی مووسا پێی دەڵێت: بڕۆ وەک پێشتر نوێژ بکە، من و تۆ وەک یەکین و هیچ جیاوازییەک لەنێوانماندا نییە. بڕۆ نوێژەکەت ڕاستە و بەو شێوەیەی کە باوەڕت هەیە بەردەوام بە." ئەم چیرۆکە پەیامێکی لەو شێوەیە لە کۆمەڵگەدا دەگەیەنێت کە هەر مرۆڤێک بە شێوازێکی جیاواز سەیری خودا دەکات و بەپێی عەقڵ و هۆشی خۆی، بیروباوەڕەکانی خۆی پێک دێنێت.

لەلای گەلی عەرەب و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی ئەم باوەڕە هەیە، هەروەها لە زۆر شوێنی دیکەی جیهانیشدا. بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، هەمووان هەتا ڕادەیەک باوەڕیان بەم باوەڕە هەیە و بە گوێرەی هەر کۆمەڵگەیەک ڕێگای پاراستن و چارەسەرکردن جیاوازە. لە کۆمەڵگەدا دەگوترێت خودا فەرموویەتی: "من پەیوەندیم بە چاوانەوە نییە و خۆتان لە چاوان بپارێزن." هەروەها گوتەیەکی کۆنی کوردیش هەیە کە دەڵێت: "نیڤی مەرزەلان ب نەزەران ە."

لە زۆر ڕووەوە کۆمەڵگە خۆی لەم شتە دەپاراست، هەر لە ڕابردووەوە زۆربەی خەڵکی کۆبانی، چاوەزارێکی شینیان لەسەر دیواری ماڵانیان هەڵدەواسی. بەپێی بیروباوەڕەکان ئەم چاوەزارە، چاوی ئیرەیی بەسەر ماڵدا دەسووڕێنێتەوە و ڕێگری دەکات لەوەی ڕووداو و بەدبەختی لە ڕێگەی چاوی خراپەوە بگاتە ئەو ماڵە. هەروەها لە ماڵەکاندا "بۆخیر"یشیان هەڵدەواسی یان لەنێو ماڵدا دەیانسووتاند، ئەویش بۆ پاراستنیان لە چاو و نەزەر.

لە هەمان کاتدا، بە شێوەیەکی تر و بەربڵاو، کاتێک کەسێک لەناکاو نەخۆش دەکەوت، دەگوترا ئەم کەسە لەژێر کاریگەریی چاو و نەزەری خراپدایە. هەر بۆیە بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسە لەو چاو و نەزەرە خراپە، کۆمەڵێک شتی تایبەتیان دەهێنا و کۆمەڵێک کاری تایبەتیان ئەنجام دەدا.

هەروەها یەکێکی تر لە ڕێگاکانی پاراستن لە چاو وەها بوو کە کاتێک کەسێک ستایشی کەسێک یان شتێکی پەیوەندیدار بەوەوەی دەکرد، ئەو کەسە نقورچکی لە خۆ دەگرت و دەیگوت: "چاڤێ تە ل کێرێ من." بۆ ئەوەی ئەو چاو و نەزەرە کاریگەرییان لەسەر نەبێت. ئەم باوەڕانە بە چاو و نەزەر بە شێوەیەکی بەرفراوان لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا بە شێوەی جیاواز هەیە.

سەرچاوە:

چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسانی بەتەمەن لە گوندەکانی کۆبانی

 

KURDŞOP
554 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!