"زووگۆتنۆک" لە ئەدەبیاتی زارەکیی فۆلکلۆریدا

 

ئاراس حسۆ

 

- رێ ل رێوی لڤی، رێوی ل لڤی

 

بەپێی ئەم گوتەیە دەزانن کە بابەتەکەمان سەبارەت بە "زووگۆتنۆک"ە (زووبێژۆک). لێرەدا بەکورتی فەرهەنگی زووگۆتنۆک لە کۆمەڵگەکەماندا بە ئێوە دەناسێنین.

زووگۆتنۆک بەشێکە لە ئەدەبیاتی زارەکی و بۆ منداڵان بەکار دێت. بۆ ڕەوانیی زمان، بۆ هۆشیاری و شێوازی بێژەکردن، بە شێوەی قافیە دەردەبڕدرێت و بەکار دەهێنرێت. بۆ ئەوەی منداڵان فێری قسەکردنی باش بن، کاتێکی خۆش بەسەر بەرن و یاری بکەن، زووگۆتنۆک بەکار دەهێنرێت. زووگۆتنۆک ڕۆڵێکی گرینگی لە پەروەردەکردنی منداڵاندا هەیە.

منداڵان لە ڕێگەی زووگۆتنۆکەوە تایبەتمەندییەکانی زمان، هەم سیستەمی گشتیی زمانی و هەم وردەکارییەکانی، لە مێشک و نائاگایی خۆیاندا دادەنێن. پێناسەی جیاواز بۆ زووگۆتنۆک زۆرە، ناونانی بەپێی ناوچەکان دەگۆڕدرێت، هەر ناوچەیەک بەپێی دۆخی خۆی ناوێکی هەیە. لە ناوچە جیاوازەکاندا ئەمانەی پێ دەگوترێت: "زووبێژۆک، زۆربێژۆک، زووگۆتنۆک، چیڤانۆک و بزەلێڤ و هتد." بەڵام مرۆڤ دەتوانێت بڵێت زۆرترین بەکارهێنراو لەنێو خەڵکدا، زووگۆتنۆکە.

لە بنچینەی زووگۆتنۆکدا، هەندێکجار مەتەڵۆک و چیرۆکی مانادار دەگێڕدرێتەوە، هەندێکجاریش زووگۆتنۆک بێ مانا دەگوترێت. هەروەها زۆرجاریش وشەکانی نێو زووگۆتنۆک بێ مانایە. هەندێک زووگۆتنۆک درێژە و هەندێکیش کورتە. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، زووگۆتنۆک وەک شیعری کۆنی کوردی دەردەبڕدرێت، بەڵام لە ڕاستیدا شیعر نین. کاتێک مرۆڤ بە شێوەیەکی بەرفراوان سەیری زمانی کوردی دەکات، دەوڵەمەندی و قووڵاییی زووگۆتنۆک دەبینێت. هەر بۆیە زمانی کوردی لە سایەی زووگۆتنۆک لەسەر پێ ماوەتەوە. بۆیە بەهۆی زووگۆتنۆک، منداڵان دەتوانن بە ئاسانی فێری زمانەکەیان و فێری قسەکردن ببن.

مرۆڤ دەتوانێت بە دووبارەکردنەوەی زووگۆتنۆکەکان بە منداڵەکانی وا بکات کە ئەوان زمانی دایکییان خۆش بوێت. چونکە لە زووگۆتنۆکدا، زمان پەرە بە کەسایەتیی مرۆڤەکان دەدات و جیهانی فیکریی خۆیان لە ڕێگەی زمانەوە بنیات دەنێن. هەروەها چونکە لایەنێکی یاریکردنیان هەیە، زیاتر بۆ منداڵان سەرنجڕاکێشە و منداڵان خۆشیان دەوێت.

هەندێک زووگۆتنۆک سەربەخۆن و بە جیا دەگوترێن، هەندێکیان لە ڕێگای چیرۆکەکانەوە دەگوترێن، هەندێکیان لەنێو چیرۆکەکاندا دەگوترێن، هەندێکیشیان لە کۆتایی چیرۆکەکاندا دەگوترێن. هەندێک زووگۆتنۆکیش بۆ دەستپێکردنی یارییەکان دەگوترێن. هەندێکیان لە ژمارەکان و یاریی ژمارەیی پێک دێن. زووگۆتنۆک لە شانۆی فۆلکلۆریشدا بەکار دەهێنرێن.

هەرچەندە زووگۆتنۆک وەک بەشێکی پەیوەندیدار بە منداڵان وەسف و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، بەڵام لەنێو گەورەساڵانیشدا جێی گرتووە. مرۆڤ دەتوانێت لە فێرکردنی زماندا بە ئاسانی بەکاریان بهێنێت و سوودیان لێ وەربگرێت. هەروەها بۆ ڕاستکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی قسەکردن و بێژەکردن بەکار دێت.

- زووگۆتنۆک لە سەرەتای چیرۆکەکاندا بەم شێوەیە دەگوترێت:

کێزێ کێزێ کێزخاتوونێ

ب شمکا رەقرەقوونێ

ب شالێ گولاڤدوونێ

کەتیە هەریێ هەتا قوونێ

تو یا خوە بگهینێ، یا نەگهینێ

 

- زووگۆتنۆک لە کۆتاییی چیرۆکەکاندا بەم شێوەیە دەگوترێت:

من ستریەک دا ب دو نانان

دو نان دا ب دو بەرانان

دو بەران دا ب بووکەکێ

بووکەک دا ب تووتووکەکێ

 

- زووگۆتنۆکی سەربەخۆ:

ئەز چووم مالا خالێ مەلە رەمەزان

من گۆت مالا خالێ مەلە رەمەزان

کا مەرا مالا خالێ مەلە رەمەزان

 

- بۆ ژمارە:

چل و چار و چاردەهـ

بیست و پێنج و پازدەهـ

هەڤدەهەک و دو هەژدەهـ

هەندێک زووگۆتنۆک لە "هەڤۆکەک" پێک دێن، وەک: "کورم قورم قول کر."

وەک دەزانرێت کەلتووری کوردان زیاتر بە ژیانی گوندنشینییەوە شکڵی گرتووە. لەم کەلتوورەدا کشتوکاڵ و سروشت بە تایبەتی گرینگییەکی زۆری هەبووە. کاتێک باران دەبارێت منداڵەکان کۆ دەبنەوە و وەک دەرفەتێک بۆ یاریکردنی دەبینن و بە خۆشحاڵییەوە بە کۆڵاناندا دەگەڕێن و پێکەوە زووگۆتنۆک دەڵێن. منداڵەکان بەم شێوەیە مزگێنیی بارانبارین بە خەڵک ڕادەگەیەنن:

بارانێ ببار ببار

چڤیکا گەنمێ تە خوار

قژکا ل تە هاوار

دلێ مە سالا شین

بووکا مە دبێ ئامین

کاتێک سەیری کەلتوور و فۆلکلۆری کوردی دەکەین، بەرەوڕووی هەزاران زووگۆتنۆک، پەند، قەولێک و مامکان و هتد دەبینەوە. بێگومان ئەمە یەکێکە لە دەوڵەمەندی و سەروەت و سامانی کەلتووری کوردان.

 

سەرچاوە:

لە وتاری "رۆدینتا یەکتار" و چەند زووگۆتنۆکی فۆلکلۆر.

KURDŞOP
528 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!