گرینگیی ئەسپ لەلای کوردان

میدیا کەنان

 

ئەسپ بۆ کوردان چ واتایەکی هەیە؟

ئەسپی کوردان بە ڕەسەنبوونیان ناسراون، وەک دۆستی سوارەکان دێنە ئەژمار. هەروەک زانراوە، ئەسپ هەمیشە لەگەڵ سوارەکەیەتی و خۆشی دەوێت و هەستی پێ دەکات. کورد خاوەنی چەندین جۆر ئەسپە؛ ئەسپی "کهێل" یەکێکە لە گرینگترین جۆرەکانی ئەسپ و لەلای کوردان زۆر تایبەتە.

پیاو یان ژنی کورد ئەسپەکەیان خۆش دەوێت، ئەسپەکەیان زۆر بە بەنرخ دەزانن، ماندوویان ناکەن و قامچییان لێ نادەن، بۆیە ئەسپەکە لەگەڵ خاوەنەکەی پەیوەندییەکی باش دروست دەکات.

تایبەتمەندییەک کە ئەسپەکان هەیانە ئەوەیە کە هەستێکی زۆر قووڵیان هەیە و هەست بە هەر شتێک لە دڵی سوارەکەیاندا دەکەن، جگە لەوەش دەبێ سوارەکەیان مێرخاس بێت.

ئەسپ لە ڕابردوودا ژیانی مرۆڤی ئاسانتر و خێراتر کردبوو، هەروەها ئەسپ بە خێراییەکەی بەناوبانگە. هەروەها ئەسپ تەنیا بە چاوی ئاژەڵێک سەیری نەدەکرا، بەڕاستی وەک دۆستی سوارەکەی سەیر دەکرا.

دەگوترێت کاتێک خەڵک دەچوونە ئاهەنگ یان ماتەمینی، ئەسپ هەمیشە ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە. پیاوانی کورد لە شایی و داوەتەکاندا سواری پشتی ئەسپی ڕازێندراو دەبوون و خۆیان نیشان دەدا. بۆ نموونە باوکی بووک وەک خەڵات ئەسپێکی پێشکەش دەکرد، چونکە ئەسپ بەنرخە و لەلایەکی ترەوە ئەمە دیارییەکی گەورەیە بۆ ئەو کەسەی ئەسپەکەی پێ دەدرێت.

لەلایەکی ترەوە کاتێک کەسێک دەمرد، ئەسپەکەی بە دوای تەرمەکەیدا دەڕۆیشت کە لە زۆر فیلم و ڕۆماندا بینیومانە. ئەسپەکە بەپێی تەمەنی سوارە مردووەکەی دەڕازێنرایەوە، ئەگەر مردووەکە گەنج بووبێت، ئەسپەکەی بە شێوەیەکی جوان و ناسک دەڕازێنرایەوە. ئەگەر مردووەکە پیر بووایەت، پارچەیەکی ڕەش لەسەر پشتی ئەسپەکە دادەنرا.

کورد ئەوەندەی لە توانایدا بێت، ڕێگە نادات کەس زیان بە ئەسپەکانی بگەیەنێت. لە داستان، چیرۆک، گۆرانی و ئەفسانەدا دەتوانرێت بڵێین ئەسپ یەکێک لە گرینگترین بابەتەکانە.

لە چیرۆکی "مەمی ئالان"دا، ئەسپ ڕۆڵ و گرینگیی زۆری هەیە کە ئەویش "بۆزی رەوان"ە. ئێستا "بۆزی ڕەوان" وەک نموونە وەربگرن.

لە کوردستان کەس نییە چیرۆکی "مەمی ئالان"ی نەبیستبێت، دەتوانین بڵێین یەکێک لە قارەمانەکانی ئەم چیرۆکە، "بۆزی ڕەوان"ە. ئەسپەکەی مەمی ئالان کە لە دەریاچەی ئاو هاتبووە دەرەوە، لە پازدە ڕۆژدا ڕێگای شەش مانگی دەبڕی. لە ڕۆژە سەختە و ناڕەحەتییەکاندا ئەو هاوڕێی ڕۆح و گیانی مەمە. کاتێک مەم دەگاتە جزیری بۆتان، خەڵکی شارەکە بە سەریان بە ئەسپەکەی سووڕ دەمێنێت. با کەمێک سەرنج بخەینە سەر بۆزی ڕەوان لە چیرۆکی مەمی ئالاندا:

"رۆژەکە دن د ناڤ خۆرتان دە بوو شۆرێ جەناوەرێ بەهرێ و ئەجەبانە

هنەکان دانی بەهسا هووتانە

هنەکان ڤەدکر شۆرا مارانە

هنەکان دگۆت: د بەهرێ دە هەیە هەمبەری هەمی رووئەردانە

هنەکان دگۆت: هەیوانەک هەیە د بنێ بەهرێ دە د شکلێ هەسپانە

کالەکی دگۆت : ئەگەر کویێ لێ بە بەختێ مێرانە

رۆژەکێ تێکەڤە دەست ئەڤ جانەوەرێ وەکی هەسپانە

مەری لێ سوار بە، پێ قۆماخێن رۆژان دبرە ب سائەتانە

نە ڤەدخوە ئاڤێ ئوونە دخوە ئێمەگێ جۆتانە

تم لێ سوار بی و ل سەر پشتێ پەیا نەبی ب رۆژ و ب شەڤانە

- دارێ هکمێ وی هەیە هەیا شەش مەهانە

هنەکان دگۆت: هەیا هکمێ وی هەیە سالەکێ و ددویانە

زارۆکێن بچووک گوهـ ددان کالانە

د بن چاڤان ڤە دکەنین و ب دەستان دکن شارەتانە

دگۆتن هەلە بنێرن ژ ڤێ دەرەوا کالانە

ما ئیشێ هەسپان چیە د بنێ بەهرانە".

زانراوە ئەسپی مەم لە بن دەریاوە دەرکەوتووە. ئەمە زۆرجار دێتە بەرچاومان، دەگوترێت ئەو ئەسپانەی لە دەریاوە هاتوونەتە دەرەوە، ئەسپی نەمرن.

ئێمە گوتمان کە ئەسپ بە هەستە قووڵەکەی ناسراوە، ئەو لە شتانێک کە مرۆڤ ناتوانێت لێی تێبگات، تێدەگات و هەستی پێ دەکات. هەست بە شتگەلێک دەکات یان دەبینێت کە هێشتا ڕوویان نەداوە. لە چیرۆکی مەمی ئالانیشدا مرۆڤ دەتوانت بڵێت گەیشتنی مەم و زین لە سایەی بۆزی ڕەواندایە. مەم لەسەر پشتی ئەسپی خۆی چل ڕۆژ لە ڕێگادا دەچێت، ئەسپەکە قسە لەگەڵ مەم دەکات و دەڵێت: "مەمی ئازیزم، قامچیم لێ مەدە، هەرگیز مەڵێ حاڵی بۆزەکەت چۆنە و چۆن نییە." لێرەدا زۆر جوان ڕوون دەبێتەوە کە ئەسپی مەم بەڕاستی ئەسپی "چێ"یە.

دەکرێت بڵێین خاوەنی ئەو ئەسپانەش لە سایەی ئەسپەکانییانەوە ئاگاداری ڕووداوە نەقەوماوەکان دەبن، چونکە ئەسپەکەیان پەیوەندییان لەگەڵ دروست دەکات. لە ڕۆمانی مەمی ئالاندا، لە شوێنێکدا، ئەو کەسەی ئامۆژگاریی مەم دەکات، "خزر" نییە، بەڵکوو بۆزی ڕەوانە. کاتێک مەم دەچێت بۆ جزیری بۆتان، "ئەوان"ی کچی "بەکۆ" دەیەوێت مەم فریو بدات و خۆی وەک "زین" بۆ مەم ئاشکرا بکات، بەڵام بۆزی ڕەوان بەهۆی هەستە قووڵەکانییەوە دەزانێت کێیە و مەم لە فێڵێکی گەورە ڕزگار دەکات. بینیمان بۆزی ڕەوان بەم کارە ڕەسەنایەتی و زانینی خۆی نیشان دا و سەلماندی کە تەنیا ئاژەڵێک نییە، بەڵکوو دۆستی سوارەکەیەتی و لەگەڵیدا ڕاستگۆیە.

سەرچاوە:

رۆگەر لەسجۆت، مەمێ ئالان، وەشانێن ئاڤەستا، ستەنبۆل، ١٩٩٧، ر٢٥-٢٦

 

KURDŞOP
480 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!